ئەمریکا هێزی ئاسمانی زیاتر بۆ ئێران دەنێرێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

ئەمریکا بیر لە ناردنی هێزی ئاسمانی بۆ ئێران دەکاتەوە، ئەگەری هەیە زیاتر لە (3) هەزار پەڕەشووتەوانی ئەمریکی بەشداری لە جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکەن.

ڕۆژی سێشەممە (2026/3/24) ماڵپەڕی (ئارتی) بڵاویکردەوە، چەندین سەرچاوەی بەرگریی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە، "بەرپرسانی باڵای سوپای ئەمریکا ئاگادار کراونەتەوە لە ئەگەری ناردنی هێزی ئاسمانی بۆ دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی خارگ و پێویستی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زیاتر لەبارەی دوورگەکەوە". هاوکات، "ژمارەیەکی زۆر سەرباز، مووشەک و پێداویستی سەربازی ئەمریکی بەڕێگەوەن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

سەرچاوەکان ئاماژەیان بۆ ئەوەش کردووە، "ئەمریکا لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا ئامانجە سەربازییەکانی خۆی زیاتر خستووەتە سەر دوورگەی خارگ، بەڵام خۆی بەدوور گرتووە لە لێدانەکانی لە ژێرخانە وزەییەکانی ئێراندا". هاوکات باس لەوەش دەکات، "ڕەنگە واشنتن ئۆپراسیۆنێکی زەمینی دەست پێبکات بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناوەندی نەوتی سەرەکی لە هەوڵێکدا بۆ پەکخستنی ئابووری ئێران و هێزی ئاسمانیش ڕەوانەی ئەم وڵاتە دەکات".

لە بەرامبەردا، ئێران هۆشداری دەدات و ڕایدەگەیێنێت، "هەر هەنگاوێکی ئەمریکا یاخود ئیسرائیل دژی دوورگەی خارگ ئەنجام بدرێت، لە کاردانەوەیدا دامەزراوەکانی نەوت و گاز لە وڵاتانی کەنداو دەکرێنە ئامانج و گڕیان تێبەردەدرێت و گەرووی هورمز مین ڕێژ دەکرێت".

بە گوێرەی سەرچاوەکان، "پرسێکی تری گرنگ کە لە پێنتاگۆن تاوتوێی دەکرێت بریتییە لە بەدواداچوون و دڵنیابوون لە گەیشتنی (2500) سەربازی هێزی دەریایی ئەمریکا کە لە ئێستادا بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکەوتوون".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین