سەرۆک کۆماریی... ئەو پۆستەی کە بە ژنانی ئێران ڕەوا نابینرێت ئێران

نوچه‌نێت

مافی نوێنەرایتی ئافرەتان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لەم ساڵانەی دواییدا بەشێک بووە لە باس و دیسکۆرسی سیاسیی و هەروەها لێکۆڵینەوە گشتییەکان لە بواری بەشداریکردنی سیاسیی ژنان لە وڵاتی ئێران. وەرزنامەی "ژن لە گەشە و سیاسەتدا" توێژینەوەیێکی لەژێر ناوی "شیکاریی چۆنایەتی بەڵگەهێنانەوەی لایەنگران و نەیارانی مافی نوێنەرایەتی ژنان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لە ئێران" بڵاو کردووەتەوە و لێکۆڵینەوەی لەو بوارەدا کردووە.

ژنان وەک نیوەی هێزی مرۆیی، یەکێک لە سەرچاوە و توخمە سەرەکییەکانی گەشە بە هەژمار دێن و بۆیە بەشداریکردنیان لە ئاستی سەرەوەی سیاسەت وەک بابەتێکی گرنگ، بەشێکە لە پێشمەرجەکانی گەشەی سیاسیی لە هەر سیستەمێکدا. 
پرسی مافی نوێنەرایتیکردنی ئافرەتان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لە ئێران، لە ناوەڕاستەکانی دەیەی ١٩٩٠وە بەردەوام لە لایەن لایەنگران و نەیارانییەوە جێگای باس و مشتومڕ بووە و بەڵگەی جۆراوجۆر و فرەچەشن لە هەر دوو لاوە خراوەنەتە ڕوو و تا ئێستا ئەنجامی هیچکامیان نەبووەتە هۆی ئەوەی ئافرەتان دەستیان بەو پۆستە گرنگە بگات. 
لەو نێوەدا و بە درێژایی ئەو ماوە، هەر لایەنێک هەوڵی داوە بە خستنەڕووی بانگەشەی خۆی لە چوارچێوەی زنجیرەیێک لە هۆکارەکان، فۆرم بە ستراکتۆری بەڵگەهێنانەوەی خۆی بدات و لەو ڕێگایەوە، تەحەدای بانگەشەی لایەنی بەرانبەر بکات. 
لە ئێراندا بواری بەشداریکردنی سیاسیی ئافرەتان دوو بواری دەنگدان (مافی دەنگدانی ئافرەتان) و نوێنەرایەتی (مافی کاندیدبوون) لە خۆ دەگرێت. 
مێژووی بەشداریکردنی سیاسیی ئافرەتان لە ئێران بۆ ساڵی ١٩٦٢ دەگەڕێتەوە . واتە ئەو کاتەی بە پێی ڕەشنووسی ئەنجومەنەکانی ئەیالەتی و ویلایەتی، ئافرەتان بۆ یەکەمجار مافی بەشداریکردن و کاندیدبوون لە هەڵبژاردنەکانیان بەدەست هێنا. 
لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامیدا مافی نوێنەرایەتی ئافرەتان سنووردار کرا بۆ کاندیدبوون لە ئەنجومەنەکانی شار و گوندەکان و پەرلەمانی ئەو وڵاتە. بەڵام بەشداریکردنی ژنان لە ئاستی نوێنەرایەتی سەرۆک کۆماریی هێشتا قەدەغەیە. 
بە پێی مادەی ١١٥ی دەستوور، پێویستە سەرۆک کۆمار لە ناو پیاوانی مەزهەبی و سیاسیی کە خاوەن مەرجەکانی سەرۆک کۆماریین، هەڵبژێردرێت و ئەو مادە دەستوورییە لە ڕاستیدا مافی ژنان بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە پشتگوێ دەخات. 

 

مێژووی بەشداریکردنی سیاسیی ئافرەتان لە ئێران بۆ ساڵی ١٩٦٢ دەگەڕێتەوە

 


ئەوە لە کاتێکدایە کە بە پێی ئەنجامەکانی توێژینەوەیه‌کی بەراوردکارانە، ئێران لە ناو وڵاتانی پاکستان، ئەفغانستان، سووریا، عێراق و تورکیا تاقە وڵاتێکە کە سەبارەت بە مەرجەکانی سەرۆک کۆماریی، مەرجی ڕەگەزیی (نێری‌ یا ‌مێیی) لە دەستووردا داناوە. 
ورزنامەی "ژن لە گەشە و سیاسەتدا" لەو بارەوە توێژینەوەیه‌کی لەژێرناوی "شیکاری چۆنایەتی بەڵگەهێنانەوەی لایەنگران و نەیارانی مافی نوێنەرایەتی ژنان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لە ئێران" بڵاو کردووەتەوە و جگە لە لێکۆڵینەوە دەربارەی ڕیشەی ئەو جیاکاریی و هەلاواردنە یاسایی و مرۆییە، ڕوانگەی لایەنگران و نەیارانی ئەو بابەتەیشی لێکداوەتەوە. 
ئەو لێکۆڵینەوەیە شیکاریی بۆ بیروبۆچوونەکانی گرووپێک لە دانەرانی یاسا، کاندیداکانی هەڵبژاردنەکان، فەقێکان، چالاکانی مافی ژنان و هەروەها ئەو ژنانەی کە لە نێوان ساڵانی ١٩٥٩ تا ٢٠١٩ خاوەن ئەزموونی کارگێڕی بوون و پۆستیان هەبووە، دەربارەی مافی کاندیدبوونی ئافرەتان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی دەکات. 
ئەعزەم تاڵقانی، ئەشرەف بروجێردی، ئێلاهە کولایی، جەمیلە کەدیوەر، ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی، فائێزە هاشمی و مەعسوومە ئێبتێکار وەک لایەنگران و عەباس عەلی کەدخۆدایی، حوسێن عەلی مۆنتەزری و محەمەد جەواد ئەرستا وەک نەیارانی کاندیدبوونی ژنان لەو توێژینەوەیەدا، بیروبۆچوون و هەڵویستەکانیان سەبارەت بە کاندیدبوونی ئافرەتان کەوتووە بەر باس و لێکۆڵینەوە. 
ئەو توێژینەوە دەری دەخات، لایەنگران لە بەڵگەهێنانەوەکانی خۆیاندا تەنیا سەرنجی واقعییەتەکان، ئامارەکان، ڕاپۆرتەکان، سەلماندن یان گێڕانەوەکانیان نەداوە، بەڵکو لە باسەکانی خۆیاندا لە بەڵگەهێنانەوەی لۆژیکی بەدواداگەڕان و بەراوردکاریی، بیروبۆچوونەکانی بەرپرسان و شارەزایان و کەسانی ناسراو کەڵکیان وەرگرتووە و لەو ڕووەوە، بەڵگەهێنانەوەی ئەوان لە ڕووی فۆرمەوە لە بەڵگەهێنانەوەی نەیاران بەهێزترە. 
بەو جۆرەی لەو توێژینەوەیەدا هاتووە، لایەنگرانی مافی نوێنەرایەتی ژنان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی، ٢٤ بەڵگەیان بۆ پشتیوانی و سەلماندنی ڕوانگەی خۆیان هێناوەتەوە و نەیاران تەنیا سوودیان لە پێنج بەڵگە بۆ  بەرگریکردن لە ڕوانگە و باسەکانی خۆیان وەرگرتووە.  
ئەنجامی شیکاریی و لێکدانەوەی ٥٠ دەقی بەڵگەهێنانەوەکان (دەقی ٢٢ لایەنگر و چوار نەیار) دەرخەری ئەوەیە کە ئەو کەسانە هەوڵیان داوە بە سوودوەرگرتن لەو سەرچاوانەی پشتیان پێبەستوون، قەناعەت بە لایەنی بەرانبەر بێنن. 
ئەو توێژینەوە دەری دەخات، لایەنگران جگە لە لایەنی ئایینی، ئەدەبیات و زمانە جیاوازەکان و دەقی لێدوانەکانی پەرلەمانیشیان لەبەرچاو گرتووە، بەڵام نەیاران تەنیا لە ڕوانگەی دەقە ئایینییەکانەوە باسی ئەو پرسەیان کردووە. 
لایەنگران بۆ سەلماندنی بەڵگەهێنانەوەکانی خۆیان کەڵکیان لە هەندێ بابەت و لەوانە مافی مرۆڤ، دەستوور، مافە مەدەنییەکان، مافی ژنان و کۆمەڵگە و هەروەها بنەماکانی مەزهەبی شیعە وەرگرتووە، بەڵام نەیاران تەنیا بنەماکانی دەستوور و بنەما و ئامۆژگارییەکانی مەزهەبی شیعەیان لەبەرچاو گرتووە. 
هەر ئەو ئامۆژگاری و بنەمایانەی مەزهەبی شیعە بۆ ساڵانێکی دوورودرێژە دیسکۆرێکی زاڵیان لە ئێران درووست کردووە کە لە زۆر بواردا مافی ژنانی پشتگوێ خستووە و ئێستاش ئەوە هەر درێژەی هەیە و بە پشتبەستن بەو دیسکۆرسە ئاستەنگ و سنووری زۆر بۆ ژنان دانراون. 
ئەو سنوورانە تا ئێستا ڕێگر بوونە لەوەی کە ئافرەتان هەندێ پۆست و لەوانە ئەندامێتی لە ئەنجومەنی چاودێری، ئەنجومەنی شارەزایانی ڕابەریی، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی، فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان و پۆستە باڵا مەزهەبییەکان بە دەست بهێنن. 
سەرەڕای ئەوە، بەشداریکردنی ئافرەتان لە شانۆی سیاسیی ئێراندا لە پەرەسەندندایە، بەڵام ئاستەنگە جۆراوجۆرەکان لەسەر ڕێگای بەشداریکردنیاندا هەیە و دەستووری ئێستای ئەو وڵاتە کە دەستوورێکی ئیسلامییە و بۆ دەسەڵاتدارێتی مەلاکان داڕێژراوە یەکێکە لە گرنگترین ئاستەنگەکان. 
بزووتنەوەی سیاسیی ژنانیش بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە و وەلانانی ئەو یاسایانه‌ کە دەبنە هۆی جیاکاریی و هەلاواردن، پێویستی بەوەیە کە بە شێوەیەکی خۆڕسک، پێشبڕکێکارانە، ڕێکخراوەیی و لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژی گونجاو و تایبەت بە بزووتنەوەی ژنان بجووڵێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ هێدی هێدی بە داواکارییەکانی خۆی بگات. 
ئەگەر بەشداریکردنی ئافرەتان لەو چالاکییە سیاسییانەدا کە بەرەو دەسەڵات دەیانبات بە هاندانی گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی تر (بە تایبەت لەسەر خواستی پیاوان) بێت، واتە لە چوارچێوەی بزووتنەوەی بەکۆمەڵ و بە شیوەی ڕێکخراوەیی ئەنجام نەدرێت و هەروەها ئەگەر لەسەر بنەمای حەز و ئەخلاقی پیاوانە خۆی بنوێنێت، واتە لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژی درۆیینەی پیاوانە دابنرێت، ئەوە بە واتای ڕاستەقینەی بەشداریکردنی ئافرەتان نابێت و ڕێگایه‌کی دوورودرێژی لە بەردەم دەبێت بۆ شکاندنی زۆرێک لە لەمپەر و ئاستەنگەکان. 
هێزی ڕاستەقینەی ژنان، تەنیا لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکاندا نییە، بەڵکو بەشداریکردن لە بڕیاردان و پرۆسەی داڕشتنی بڕیارەکاندایە، چونکە دوورکەوتنەوەیان لە ناوەندەکانی بڕیاردانی سیاسیی، لە ناوەندەکانی بڕیاردانی کۆمەڵایەتی و ئابووریش دووریان دەخاتەوە و دەیانکات بە ئەکتەرانێک کە بە گرنگیێکی ئەوتۆیان پێ نادرێت. 
ئامارەکان و لێکۆڵینەوەکان دەری دەخەن، لە ڕێژەی بەشداریکردنی ژنان و پیاوان لە ئاستی خەڵکی ئاساییدا جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە، بەڵام بەشداریکردنی ئافرەتان لە ئاستی نوخبە سیاسییەکاندا ناهاوسەنگە. 
بەشداری سیاسیی بە درێژایی یەک سەدەی ڕابردوو، بەردەوام یەکێک بووە لە داواکارییەکانی ئافرەتانی ئێران و لە هەموو جووڵە و چالاکییەکانی ئافرەتاندا وەک یەکێک لە ئامانجەکان خۆی نواندووە. بەڵام هێشتا ڕێگایێکی دوورودرێژ ماوەتەوە. 

نۆ خوله‌ به‌شداربوونى ژنان له‌ په‌رله‌مانى ئێران
زیادى نه‌كردووه‌


چاوخشاندنێک بە ئامارەکانی بەشداریکردنی ژنان بۆ نوێنەرایەتی پەرلەمان لە ماوەی ٩ خولی ڕابردووی پەرلەمان دەری دەخات ئەو بەشدارییە بە شێوەیەکی ئەوتۆ پەرەی نەسەندووە. فاکتەرە تاکەکەسییەکان، فاکتەرە بنەماڵەییەکان، پەروەردە و هەروەها فاکتەرە سیاسییەکان و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی دەتوانن ئەو فاکتەرانە بن کە کاریگەرییان لەو پەرەنەسەندنەدا هەبووە. 
بە پێی ئەو توێژینەوە، ژمارەی نوێنەرانی ژن لە هەموو خولەکانی پەرلەماندا کەم و ئەوپەڕی ٥.٢٪ بووە و ئەوەش نیشانەیێکی ئاشکرایە بۆ ڕێژەی ئێجگار کەمی بەشداریکردن و ئامادەبوونی ژنان لە ئاستە باڵاکانی بەڕێوەبەرایەتی لە وڵاتی ئێران. 
لە لایەکی ترەوە، سەرەڕای بەرزبوونەوەی ژمارەی نوێنەران، بە گشتیی دەبینین کە ژمارەی کاندیدەکان و نوێنەرانی ژن لەم خولانەی دوایی پەرلەماندا کەم بووەتەوە. 
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئامارە، ڕێژەی بەشداریکردنی ژنان وەک نوێنەری پەرلەمان کەمە و زۆرجار قەتیس دەکرێتەوە بۆ دەنگدان لە پای سندووقەکاندا، و ئەوەش کەم تێچووترین جۆری بەشداریکردنە. 
بزووتنەوەی ژنان لە ئێران، ئەگەرچی توانیویەتی لەم ساڵانەی دواییدا دەستکەوتی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی بەرچاو بە دەست بهێنێت، بەڵام بۆ گەیشتن بە پێگە و دەرفەتێک بۆ گەیشتن بە کورسی و پۆستە باڵاکانی بەڕێوەبەرایتی (کە تا ڕادەیه‌ک لەگەڵ پیاوان هاوسەنگ بێت) لەمپەر و ئاستەنگی جۆراوجۆری لە بەردەمە، بەڵام هێدی هێدی وەلایان دەنێت و دەیانشکێنێت.


 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین