ئۆکراینا پێشنیارێکی ئەمریکا ڕەتدەکاتەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

لە بەرامبەر دەتبەرداربوونی تەواوی دۆنباس، واشنتن قازانجی ئابووری و گەرەنتی ئەمنی پێشکەش بە کیێڤ دەکات، بەڵام ئۆکراینا پێشنیارەکە ڕەتدەکاتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە (2026/3/26) ماڵپەڕی (ئارتی) بڵاویکردەوە، ئەمریکا هەوڵ دەدات ئۆکراینا ڕازی بکات لە ناوچەی دۆنباس بکشێتەوە و لەگەڵ مۆسکۆ ئاشتی ڕابگەیێنێت سەبارەت بەم هەرێمە، لە بەرامبەردا بەڵێنی گەرەنتی ئەمنی، ئاسایش و سوودی ئابووری زۆر دەدات. بەڵام کیێڤ پێشنیارەکەی ڕەتکردووەتەوە و بەرپرسانی ئۆکراینا ئامادە نین سازش لەسەر ئەم پرسە بکەن. بەرپرسێکی ئۆکراینا ڕایدەگەیێنێت، "وڵاتەکە ئامادە نییە بەهیچ شێوەیەک گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسە بکات و بە خاکی خۆی دەزانێت و ئامادەیە بەرگری بەردەوامی لێبکات".

هاوکات ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، "ئەگەرچی بە بەردەوامی ئەمریکا فشارەکانی سەبارەت بەم پرسە زیاد دەکات، بەڵام بەرپرسانی ئۆکراینا بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان بیرۆکەی ئەمریکا لەسەر ئەم پرسە لاببەن و هەوڵدەن لەوە دڵنیایان بکەنەوە کە ئۆکراینا بە هیچ شێوەیەک و لە بەرامبەر هیچ شتێک دەستبەرداری هەرێمەکە نابێت".

هاوکات چەندین جار زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا باسی لە فشارەکانی ئەمریکا کردووە سەبارەت بەم پرسە و جەختی لەوە کردووەتەوە، "کیێڤ جەنگەکە نادۆڕێنێت". لە دوایین پێشهاتیشدا بەهۆی جەنگی ئێران بەرامبەر بە ئیسرائیل و ئەمریکا وەستاون، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کریملین دەڵێت، "لەبەر هۆکاری ئاشکرا گفتوگۆکان وەستاون و لە داهاتوودا دەست پێدەکاتەوە".

گرنگە باس لەوە بکرێت، دۆنێتسک و لوهانسک خاڵی لەپێشینەی سەرەکیی کریملینن، ئەم دوو هەرێمە هاوسنووری ڕووسیان، پێیان دەگوترێت دۆنباس، ناوچەیەکی پیشەسازی، کانزاییە و دەستبەسەرداگرتنی خاڵی لە پێشینەی سەرۆکی ڕووسیان. شیکاریی ئاژانسی فرانس پرێس بۆ داتاکانی پەیمانگای ئەمریکی بۆ لێکۆڵینەوەی جەنگ (ISW) و پڕۆژەی هەڕەشە گرنگەکان (CTP) ئاشکرای دەکەن هێزەکانی ڕووسیا زیاتر لە (99%)ــی هەرێمی لوهانسک و (79%)ــی هەرێمی دۆنێتسکیان کۆنترۆڵ کردووە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین