ئەنجوومەنى دادوەریى عێراق رەخنە لە گرووپە چەکدارەکانى عێراق دەگرێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، سەبارەت بە مەترسییەکانی بڕیاردانی تاکلایەنە بۆ راگەیاندنی جەنگ هۆشداریی توند دەدات و دەڵێت، ئەم پرسە تەنیا لە دەسەڵاتی دەوڵەتدایە و هەر جوڵەیەکی دەرەکی دەبێتە هۆی لاوازکردنی هەژموونی وڵات و پێشێلکردنی دەستوور.

ئەمڕۆ هەینى (2026/3/27) ماڵپەڕى (واع) بڵاوى کردەوە، سەبارەت بە راگەیاندنى جەنگ، فایەق زێدان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، راگەیاندنی جەنگ مەترسیدارترین بڕیاری سەروەرییە، لە دەستووری ساڵی (2005ـ)ى عێراق لە ماددەی (61) بڕگەی نۆیەمدا، میکانیزمی بۆ دیاری کردووە، کە بڕیارەکە دەبێت بە داواکارییەکی هاوبەشی سەرۆک کۆمار و سەرۆکوەزیران بێت و دواتریش بە رەزامەندیی زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان پەسەند بکرێت، ئەمەش بۆ دەستەبەرکردنی کۆدەنگییەکی نیشتمانیی بەرفراوانە.
سەرۆکى ئەنجوومەنى دادوەرى دەڵێت، راگەیاندنى جەنگ لە لایەن ئەو گرووپە چەکدارانە کارێکە پێشێلکردنى دەستوورە، ئەو مافە تایبەتە بە دەسەڵاتە دەستوورییە شەرعییەکان، کە نوێنەرایەتى خواستى گەل دەکەن و لە چوارچێوەی یاسایەکى رێکخراو کاردەکەن، بەڵام کاتێک هەندێک گرووپ ئەو جۆرە بڕیارە دەدەن، ئەو شکۆى دەوڵەت لاواز دەکەن و پرەنسى سەروەریى یاسا پێشێل دەکەن.
فایەق زێدان دەشڵێت، لە لایەنى ئەمنییەوە ئەو بڕیارە تاکلایەنە دەبێتە هۆى فرەناوەندى لە بڕیارى سەربازیى و درووستکردنى پشێوى ناسەقامگیرى و راکێشانى وڵات بۆ ناو ململانێ ناوخۆیی یان هەرێمییەکان بە بێ هەبوونى رێککەوتنى نیشتیمانى، هەروەک بڵاوبوونەوەى چەک لە دەرەوەى دەسەڵاتى دەوڵەت ئەگەرى پێکدانانى چەکدارى لەنێوان لایەنە جیاوازەکانى ناو کۆمەڵگە درووست دەکات.
دەربارەى کاریگەرى سیاسیش سەرۆکى ئەنجوومەنى دادوەرى ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو هەڵسوکەوتە لە لایەنى سیاسى هەڕەشەیە بۆ سەر سیستەمى دیموکراسى چونکە پشتگوێخستن و پەراوێزخستنى رۆڵى دامەزراوە هەڵبژێردراوەکانە، کە ئەوەش دەبێتە نەهێشتنى متمانەى نێوان هاونیشتیمان و دەوڵەت، بە هەمان شێوە بڕیارى نافەرمى جەنگ وڵات تووشى گۆشەگیرى نێودەوڵەتى و سزاکان دەکات، بەهۆى هەندێک مامەڵە کە ناچنە چوارچێوەى یاسا.
لەسەر ئاستى سیاسى ئەو دۆخە رەنگدانەوەى نەرێنى لەسەر ژیانى هاووڵاتیان دەبێت، کە لە دۆخى ترسى و نادڵنیایى ژیان بەڕێ دەکەن، لە ئەنجامى ئاڵۆزییە ئەمنییەکان کاریگەریشى لەسەر خزمەتگوزاریى گشتى و ئابوورى دەبێت.
سەرۆکى ئەنجوومەنى دادوەرى دەشێڵت، راگەیاندنى جەنگ لە لایەن هەندێک گرووپى چەکدارەوە، هەڵەیەکى مەترسیدارە لەسەر وڵات، چونکە هەڕەشە لە سەروەریى نیشتیمانى و سیستەمیى یاسایى دەکات، بۆیە پێویستە چەک تەنیا بە دەستى دەوڵەتەوە بێت، رۆڵى دامەزراوە دەستوورییەکان بۆ گرەنتى ئاسایش و سەقامگیریى بەهێز بکرێت، بنیادنانى وڵاتێکى بەهێز لەسەر یاسا و شەرعیەت دەبێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین