جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر ئێران کۆتایی دێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ دووپاتیان کردەوە، سەرۆکی ئەمریکا بە ڕاوێژکار و یاریدەدەرەکانی ڕاگەیاندووە، "کۆتایی بە جەنگی ئێران دەهێنێت ئەگەر لە ئێستادا ئێران گەرووی هورمزیش نەکاتەوە".

ڕۆژی سێشەممە (2026/3/31) ماڵپەڕی (وۆڵ ستریت جۆڕناڵ) بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگاداری ڕاوێژکار و یاریدەدەرەکانی کردووەتەوە، "ئامادەیە کۆتایی بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە دژی ئێران بهێنێت لە ئەگەری نەکردنەوەی گەرووی هورمز بەرووی کەشتییە بازرگانییەکاندا لە ماوەیەکی نزیکدا".

سەرەتای ئەم هەفتەیە سەرۆکی ئەمریکا و یاریدەدەرەکانی هەڵسەنگاندنی تەواویان کرد سەبارەت بە ئەگەرەکانی بەردەوامی داخستنی گەرووی هورمز یاخود کرانەوەی گەرووەکە لە ماوەیەکی نزیکدا، هاوکات هەوڵی دیپلۆماسی لەلایەن وڵاتانەوە درا بۆ گوشار خستنە سەر تاران بۆ دەستپێکردنەوەی ئازادانەی کەشتییە بازرگانییەکان و کردنەوەی گەرووی هورمز، ئەگەرچی سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام بوو لە هەڕەشە جیاوازەکانی بۆ ئێران، بەڵام وا پێدەچێت وردە وردە ترەمپ هەنگاو بنێت بەرەو کۆتایی هێنان بە جەنگەکە.

چەندین جار ترەمپ بە ئاشکرا بیروڕای خۆی لەسەر چۆنیەتی ئیدارەدانی گەرووی هورمز باسکردووە و دەنگدانەوەی جیاوازی بە دوای خۆیدا هێناوە و زۆربەی جار هەڕەشەی فراوانتر بووە لە دیاریکردنی ئامانجی سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە جەنگەکە بە گشتی.

بە گوێرەی شیکردنەوەی شارەزایان، جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران بەیەکەوە دەستی پیکردووە و دەبێت بەیەکەوە بڕیار لە بەردەوامیدان یاخود کۆتایی هێنانی بدەن، بەڵام پێدەچێت هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بە گشتی و وڵاتانی ئەوروپا بە تایبەتی بەهۆی ئەوەی ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی نرخی گاز، بەنزین، نەوت و چەندین هەڵئاوسانی ئابووری تر دەبنەوە، لەبەر ئەوە پێویستە دەکات ئەمریکا کۆتایی بە جەنگ بهێنێت و گەرووی هورمز بەڕووی کەشتییە بازرگانییە گرنگەکانی وڵاتاندا بکرێتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین