ترەمپ گۆرانکاڕی گەورە لەناو ئیدارەکەی دەکات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت:

لەکاتێکدا سەرۆکی ئەمەریکا بەردەوامە لە هەڕەشەکانی بۆ سەر ئێران و دەستیکردووە بە گۆرانکاری گەورە لە پۆستە باڵاکانی نێو ئیدارەکەی، دوێنێ بە بڕیارێکی لەناکاو وەزیری دادی ئەمەریکای لە پۆستەکەی دوورخستەوە، هەروەها فەرماندەی باڵای سوپا بەبیانووی خانەنشینبوون دەستلەکاردەکێشێتەوە.

ئەمڕۆ هەینی (2026/4/3) ماڵپەڕی (جمهوریەت) بڵاوی کردەوە، لەگەڵ بەردەوامی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر بە ئێران، دەنگۆی ئەوە هەیە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا خۆی ئامادە کردووە بۆ گۆرانکاری گەورە لە ریزەکانی سوپای وڵاتەکەی.

دوای ئەوەی دوێنێ بە بڕیارێکی لەناکاو و بە پاساوی مامەڵەی خراپ لەگەڵ دۆسیەی ئیپستین وەزیری دادی لە پۆستەکەی دوورخستەوە، هاوکات وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا رایگەیاند، بڕیارە ڕاندی جۆرج سەرۆکی سوپای ئەمەریکا خانەشین ببێت. گومانەکانی گۆرانکاری کابینەکەی زیاتر کرد، چونکە ئەو بەرپرسە دەیتوانی تاوەکو ساڵی (2027) لە پۆستەکەی بەردەوام بێت.

بەگوێرەی زانیاریەکانی ڕۆژنامەکانی ئەمەریکا، پیت هێگسێت وەزیری جەنگی ئەمەریکا داوای لە سەرۆکی سوپای ئەمریکا کردووە بە خێرایی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بکات و چاوەروان دەکرێت لەگەڵ پێشهاتەکانی جەنگەکە گۆرانکاری گەورە دەستپێبکات. هاوکات ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی دەڵێت، ترەمپ لە کۆبوونەوەی دوو هەفتەی رابردوو باسی لە دوورخستنەوەی تولسی گابارد، بەڕێوەبەڕی هەواڵگریی ئەمەریکا کردووە. 

هەروەها میدیای ئەمەریکا ئامانجی ترەمپ لەو گۆرانکاریانە ئاشکرا دەکات و پێیانوایە، ئیدارەی ترەمپ ئەو کەسانە دوور دەخاتەوە کە لەگەڵ بڕیارەکانیان هاوتەریب نینە، بەتایبەت لەڕووی سەربازی و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی و ئامانجی سەرۆکی ئەمەریکا لە ڕووی ستراتیژی سەربازی و پێکهاتەی فەرماندەی سوپاوە دەیەوێت کۆمەڵەیەکی گشتگیرتر پێکبهێنێت. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین