عێراق ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی تاوەکو  (10)ـی نیسان درێژکردەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت:

دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراق گەشتە ئاسمانی وڵاتەکەی بە ڕووی هەموو گەشتەکانی هاتن و چوون و ترانزێت بۆ ماوەی هەفتەیەکی دیکە درێژکردەوە، هاوکات دەشڵێت، کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەر نوێکارییەکی دیکە ئاگادار دەکرێنەوە.

ئەمڕۆ شەممە (2026/4/4) دوای چەند جارێک درێژکردنەوەی ماوەی داخستنی گەشتەکانی عێراق بەهۆی بەردەوامی جەنگی ئەمەریکا و ئیسرائیل بەرامبەر بە ئێران، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراق لە ڕاگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتەکان لە کاتژمێر (12:00)ـی نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی، (3)ـی نیسانی (2026) چووەتەبواری جێبەجێکردنەوە و تا کاتژمێر (12:00)ـی نیوەڕۆی هەینی، (10)ی نیسانی (2026) بەردەوام دەبێت.

هەر لەو ڕاگەیێندراوەدا ئاماژە بە ئامانجی داخستنی ئاسمانی عێراق کراوە و دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراق دەڵێت، ئەم ڕێکارە کاتیی و خۆپارێزیە کە ئامانج لێی مسۆگەرکردنی سەلامەتیی فڕۆکەوانیی مەدەنییە لە نێوەندی ناسەقامگیرییە پەرەسەندووەکانی ناوچەکەدا.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، بڕیارەکە لەژێر پێداچوونەوەی بەردەوامدا دەبێت و ئەگەری گۆڕانکاری تێدا هەیە بەپێی گۆڕانی بارودۆخەکە. هەروەها کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەر نوێکارییەکی دیکە ئاگادار دەکرێنەوە.

ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا جەنگی ئسیرائیل و ئەمەریکا لە دژی ئێران بەردەوامە و تادێت گرژییەکانی دۆخی ناوچەکە زیاتر دەبێت، بەرپرسانی عێراق بەهۆی بەردەوامی نیگەرانییە ئەمنییەکانیان لەسەرەتای شەرەکەوە چەند  جارێکە ماوەی داخستنی گەشتەکانیان درێژکردۆتەوە. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین