دۆناڵد ترەمپ ڕزگارکردنی دووەم فڕۆکەوانی ڕاگەیاند ئێران

نوچە نێت:

سەرۆکی ئەمەریکا ڕزگارکردنی دووەم فڕۆکەوانی ڕاگەیاند، کە فڕۆکەکەی لە خاکی ئێراندا خسترابووە خوارەوە و ئەفسەرێکی سوپای ئەمەریکاش دەڵێت، ڕزگارکردنی ئەم فڕۆکەوانە یەکێک بوو لە ئاڵۆزترین ئەرکەکانی ڕزگارکردن لە مێژووی سوپای ئەمەریکادا.

ئەمڕۆ یەکشەممە (5/4/2026) دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا، دووەم فڕۆكەوانی فڕۆکەی ئێف (15)یان ڕزگار کردووە، کە لە ئاسمانی ئێران خرایە خوارەوە، فڕۆکەوانەکە ئەفسەری سیستەمی چەک بووە و یەکێک بووە لە کارمەندانی فڕۆکەکە و دوای خۆهەڵدانی لە فڕۆکەکەی بریندار بووە، بەڵام توانیوویەتی بە پێ بڕوات و زیاتر لە ڕۆژێک خۆی لە شاخەکان بشارێتەوە، بۆیە ئەرکی ڕزگارکردنەکە یەکێک بووە لە ئاڵۆزترین ئەرکەکانی مێژووی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان کە سەدان هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەت و دەیان فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر بەشداری تێدا كردووە، فڕۆکەوانە ئەمریکییەکە ئامێری پەیوەندی پارێزراوی بەکارهێناوە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی کۆماندۆ.

دۆناڵد ترەمپ لەبارەی دۆخی تەندروستی فڕۆکەوانەکە دەشڵێت، ئێستا سەلامەت و تەندروستە، بە درێژایی ئۆپەراسیۆنەکەش ئەو هەرگیز بەتەنیا نەبوو، چونکە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان وەزیری جەنگ، سەرۆکی دەستەی هاوبەشی سوپاسالارەکان و هاوسەنگەرەکانی (24) کاتژمێر چاودێریی شوێنەکەیان دەکرد، بۆیە دەتوانم بڵێم، ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی سەربازیدا دوو فڕۆکەوانی ئەمریکی بە جیا و لە قووڵایی خاکی دوژمندا رزگار بکرێن.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی هەردوو فڕۆکەوانەکە بێ کوژران و برینداربوونی یەک ئەمریکیش جێبەجێ کرا، کە ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە، ئەمریکا کۆنترۆڵی ڕەها و باڵادەستیی تەواوی بەسەر ئاسمانی ئێراندا بەدەستهێناوە، بۆیە ئەمە ساتێکە کە دەبێت هەموو ئەمریکییەکان شانازیی پێوە بکەن. ئێمە باشترین و پیشەگەرترین سوپامان لە مێژووی جیهاندا هەیە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین