وەزیری دەرەوەی عێراق سوپاسی ئێران دەكات ئێران

نوچە نێت:

وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆبووەنەوەیەکی تایبەتدا، سوپاسی باڵیۆزی ئێرانی کرد بۆ تێپەڕبوونی نەوتی عێراق بە گەرووی هورمزدا، هەروەها جەختی لەوە کردووە ئەم هەماهەنگییە گرنگییەکی زۆری بۆ سەقامگیری بازاڕی وزەی عێراق دەبێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە(2026-4-5) فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازیکرد لە محەمەد کازم ئال سادق باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق، بە مەبەستی کۆبوونەوە و تاوتووێکردنی پرسی گواستنەوەی وزە بە گەرووی هورمزدا و دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە.

 بە پشت بەستن بە ڕاگەیاندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا فوئاد حسێن سوپاسی ئێرانی کردووە بۆ تێپەڕبوونی ئەو تانکەرانەی کە نەوتی عێراقیان هەڵگرتووە بە ناو گەرووی هورمزدا، هەروەها جەختی لەوە کردوە بەردەوامبوونی ئەم هەماهەنگیە  بۆ سەقامگیری بازاڕی وزەی عێراق گرنگییەکی زۆری هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا  هەردوو لا جەختیان لەسەر میکانیزمەکانی هەماهەنگی  هاوبەش کرد بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی پابەندییەکان بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوو وڵات بکات.

وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتیکردەوە، عێراق سیاسەتی نەگۆڕی خۆی هەیە ئەویش ڕەتکردنەوەی جەنگە و پێویستە بەزووترین کات کۆتایی بە ململانێکان بهێنن، عێراق بڕوای وایە کە دەبێت تەواوی کێشەکان لە ڕێگەی دانوستاندن و گفتوگۆی ئاشتییانەوە چارەسەربکرێن.

جێگەی باسە ئەم دیدارەی وەزیری دەرەوەی عێراق و باڵیۆزی ئێران لە عێراق لە کاتێکدایە کە ئێران لێخۆشبوونی بۆ عێراق دەرکرد کە بتوانێت نەوتەکەی بە گەرووی هورمزدا تێبپەرێنێت، هەروەها ئاژانسی بلومبێرگ ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، تانکەرێکی نەوت کە بارێکی نەوتی عێراقی هەڵگرتبوو بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە و بەرەو وڵاتی مالیزیا لە ئاسیا بەرێکەوتووە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین