لە کاتی ناونووسی ئەحمەدی نەژاد بۆ هەڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تى ئێران گرژی دروست بوو ئێران

نوچه‌نێت

مەحمود ئەحمەدی نەژاد بە ئامادەبوون لە باڵه‌خانه‌ى وەزارەتی ناوخۆی ئێران، ناوی خۆی وەک کاندیدی سەرۆک کۆماریی بۆ هەڵبژاردنەکان تۆمار کرد. ئەحمەدی نەژاد بە ڕۆژنامەنووسانی گوت ئەگەر ئەنجومەنی چاودێری ڕەتی بکاتەوە، لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری ناکات و دەنگ نادات.


ئەمڕۆ چوارشەممە ١٢ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردەوە، زیاتر لە ١٠٠ کەس لە لایەنگرانی ئەحمەدی نەژاد بە دروشمدان تا بەر دەرگای وەزارەتی ناوخۆ بەڕێیان کرد. 
لە کاتی گەیشتنی ئەحمەدی نەژاد بۆ وەزارەتی ناوخۆ، دەرگیری لە نێوان لایەنگرەکانی و کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ هاتە ئاراوە. ئەوەش ناڕەزایەتی ئەحمەدی نەژادی لێکەوتەوە. 
عەلی ئەکبەر جەوانفکر، ڕاوێژکاری پێشووی ئەحمەدی نەژاد لە کاروباری میدیا لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی ئەحمەدی نەژاددا، لە کاتی ناونووسی ئەحمەدی نەژاددا لەگەڵی بوو. 
پێشتر ڕاگەیێندرابوو، مەحمود ئەحمەدی نەژاد بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان هەڵمەتەکانی دەست پێکردووە. 
ئەحمەدی نەژاد گوتی، هۆکاری ئامادەبوونی لە هەڵبژاردنەکاندا "بارودۆخی وڵات و پێداگری خەڵک" بووە. هەروەها هۆشداری دا ئەگەر لە لایەن ئەنجومەنی چاودێرییەوە ڕەت بکرێتەوە، ڕایدەگەیێنێت کە لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ نادات. 
ئەحمەدی نەژاد کە بۆ ماوەی دوو خول لە ساڵانی نێوان ٢٠٠٥ تا ٢٠١٣ سەرۆک کۆماریی ئێران بوو، لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ساڵی ٢٠١٧ خۆی کاندید کرد، بەڵام دواتر ئەنجومەنی چاودێری بە شیاوی نەزانی و ڕەتی کردەوە. 
خامنەیی، ڕابەری ئێران، پێش هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٧ داوای لە ئەحمەدی نەژاد کردبوو خۆی کاندید نەکات. 
هەر یەک لە ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی، محەمەد خاتەمی و مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆک کۆمارەکانی پێشووی ئێران دوای قۆناغی سەرۆک کۆماریی مەیلیان هەبووە هەمدیسان خۆیان کاندید بکەن. بەڵام ئەنجومەنی چاودێری لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا شیاویی و لێهاتوویی هاشمی و ئەحمەدی نەژادی بۆ کاندیدبوون ڕەت کردەوە. 
لە دووەمین ڕۆژی ناونووسی كاندیده‌كانی سەرۆک کۆماریی لە ئێران، هێشتا کەسایەتییە ناسراوەکان کە چاوەڕوان دەکرێ کاندیدی سەرەکی باڵە سیاسییە جیاوازەکان بن، بۆ تۆمارکردنی ناوی خۆیان سەردانی وەزارەتی ناوخۆیان نەکردووە. 
هەندێ لە چاودێرانی سیاسیی دەڵێن ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، لە خولەکانی پێشو کەمتر دەبێت. ناونووسی كاندیده‌كان تا سێ ڕۆژی تر بەردەوام دەبێت.


 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین