بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی بایدن پێشوازی لە گفتوگۆکانی ئێران و سعوودیە دەکات ئێران

نوچه‌نێت

بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی بایدن وێرای پێشوازیکردن لە گفتوگۆکانی نێوان ئێران و سعوودیە، گوتی هەندێ پێشکەوتن لە گفتوگۆ ئەتۆمییەکان کە بە مەبەستی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە بەڕێوە دەچن، هاتوونەتە ئاراوە.

ڕۆژی سێشەممە ١١ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دەنگی ئەمریکا" بڵاوی کردەوە، ئەو بەرپرسەی ئیدارەی بایدن کە نەیویست ناوی ئاشکرا بێت، لە وەڵامی پرسیارەکانی بەشی فارسی دەنگی ئەمریکا گوتی ئاگاداری ڕاپۆرتەکانە کە سەبارەت بە گفتوگۆی نێوان سعوودیە و ئێران بڵاوکراونەتەوە و گوتیشی واشنتۆن پێشوازی لە کەمبوونەوەی گرژییەکانی ناوچە دەکات.

ئەو بەرپرسە وەڵامی چەند پرسیارێکی تری سەبارەت بە هەلومەرجی ناوچە، گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ڤیێنا و هەروەها بارودۆخی یەمەن داوەتەوە.

ئەو بەرپرسەی ئیدارەی بایدن گوتوویەتی: "ئامانجی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەمبوونەوەی گرژییەکانی ناوچەیە و ئێمە هەست دەکەین ئەوەی کە هەموو لایەنەکان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە پێکەوە گفتوگۆ دەکەن هەنگاوێکی ئەرێنییە لەو ئاراستەیەدا. لە چوارچێوەی ئامانجەکەماندا، واتە چارەسەرکردنی دەرگیرییەکانی ناوچە لە ڕێگای دیپلۆماسییەوە، لیژنەیه‌ک پێکهاتوو لە بەرپرسانی باڵای دامەزراوەکانی فیدرال بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆکان سەبارەت بەو پرسانەی پەیوەندییان بە ئاسایشی نیشتمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە هەیە، بۆ پێشخستنی ئامانجەکانمان سەبارەت بە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگای دیپلۆماسییە، سەردانی ناوچەیان کرد".

بریت مەکگۆرک یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی لەگەڵ درک شولی، ڕاوێژکاری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سەرپەرشتی ئەو لیژنانەیان لە ئەستۆ بوو کە سەردانی سعوودیەی کرد. ئەو لیژنەیە لە ڕیاز لەگەڵ شازادە محەمەد بن سەلمان، دیدار و گفتوگۆیان کرد. محەمەد بن سەلمان لەم دواییانەدا سەرەڕای ڕەخنەگرتن لە بەردەوامبوونی ڕەفتاری دوژمنکارانەی ئێران لە ناوچە، پێشوازی لە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ تاران کرد بوو.

ئەو بەرپرسە باڵایەی ئیدارەی بایدن ڕایگەیاند گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان تاران و واشنتۆن سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤیێنا هەندێ پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینیوە. 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، ئەمریکا ئێستا سەبارەت بەو کارانەی کە پێویستە بۆ جێبەجێکردنی هەموو مەرجەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئەنجامیان بدات بەڕچاوڕوونترە، و ئێرانیش ئێستا ئاگادارە کە دەبێ بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی ئەو ڕێککەوتنە چ هەنگاوێک بنێت.

ئیدارەی سەرۆک بایدن چەندین جار ڕایگەیاندووە ڕێککەوتنی ئەتۆمی وەک ڕێگایەکی گونجاو دەبینێت بۆ ڕێگریکردن لە دەستپێڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی، بۆیە دەیەوێت وێرای گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنە چەندین ڕێککەوتنی بەربڵاوتر لەگەڵ تاران ئەنجام بدات کە چالاکییەکانی کۆماری ئیسلامیی لە ناوچە و بەرنامە مووشەکییەکەی لە خۆ بگرن.

ئەو بەرپرسە باڵایەی ئیدارەی بایدن سەبارەت بە قەیرانی یەمەن گوتی، تیم لیندرکینگ، نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەم دوایانەدا لە دیدار و گفتوگۆیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی ئوردەن، سعوودیە و عەمان گەڕاوەتەوە بۆ واشنتۆن. بە گوتەی ئەو بەرپرسە، لیندرکینگ لەمیانەی ئەو دیدارانەدا جەختی لە ڕێککەوتنێک لەسەر ئاگربەستی هەمەلایەنە، کەمکردنەوەی گەمارۆکان لەسەر بەندەری حوده‌یدە و فڕۆکەخانەی سەنعا و پێویستی ئەنجامدانی گفتوگۆ هەمەلایەنە سیاسییەکان کردووەتەوە.

سعوودیە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە ڕێگای پشتیوانیکردن لە حکومەتی یاسایی یەمەن، و ئێران لە ڕێگای حوسییە شیعەکانەوە، لە ساڵی ٢٠١٥وە لە پێکدادانی چەکدارانەی یەمەندا بەشدارن.


 


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین