جەنگەكانی جیهان تێچووی وڵاتانی بەرزكردۆتەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت:

بە گوێرەی ڕاپۆرتی پەیمانگایەکی ئەمەریکا، خەرجییە سەربازییەکان لە جیهان زیادی کردووە و تا ئیستاش هەرسێ وڵاتی ئەمەریکا و ڕووسیا و چین بە ڕێژەی ترلیۆنێک و (480) ملیار دۆلار پلەی یەکەمی ڕیزبەندییان گرتووە.

ئەمڕۆ دووشەممە (27/4/2026) پەیمانگەی ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەی ئاشتیی نێودەوڵەتی (SIPRI) ڕاپۆرتێکی لەبارەی خەرجییە سەربازییەکان بڵاوکردەوە، کە تێیدا دەرکەوتووە، بەراورد بە ساڵی (2024)، خەرجییە سەربازییەکانی جیهان (2.9%) بەرزبوونەتەوە. ئەمە وێڕای ئەوەی لە ساڵی (2025)، ئەمریکا کە لەسەر ئاستی جیهان گەورەترین بودجەی بەرگریی هەیە، خەرجییە سەربازییەکانی کەم کردبووەوە، بەڵام هێشتا زیادبوونی خەرجییەکانی ئەورووپا و ئاسیا، شوێنی کەمکردنەوەکەی ئەمریکای پڕکردووەتەوە، چونکە جیهان ساڵێکی دیکەی پڕ لە جەنگ و زیادبوونی گرژییەکانی بەڕێکرد، لەبەر ئەوە ئەم جەنگە بووەتە بارگرانییەکی سەربازی بۆ جیهان و ئەو بەشەشی کە تێکڕای بەرهەمی نێوخۆیی جیهان (GDP)  بۆ خەرجییە سەربازییەکان تەرخانکراوە، گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە دوای ساڵی (2009)ەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان وڵاتی ئەمەریکا (954) ملیار دۆلاری خەرجکردووە، کە (7.5%) کەمترە لە ساڵی (2024)، هۆکاری سەرەکیی ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هیچ هاوکارییەکی نوێی سەربازی و دارایی بۆ ئۆکراینا پەسند نەکرا، بۆیە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی خەرجییەکان لەسەر ئاستی جیهان ئەورووپا بوو، چونکە خەرجییەکان (14%) بەرزبوونەتەوە و گەیشتنە (864) ملیار دۆلار. بەهۆی بەردەوامی جەنگیشەوە خەرجییەکانی رووسیا (5.9%) بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە (190) ملیار دۆلار، کە دەکاتە (7.5%)ی تێکڕای بەرهەمی نێوخۆیی، هەروەها ئۆکراینا خەرجییەکانی (20%) زیادکردووە و گەیاندوونیەتە (84) ملیار و (100) ملیۆن دۆلار، کە رێژەیەکی سەرسوڕهێنەرە و دەکاتە (40%)ی تێکڕای بەرهەمی نێوخۆیی ئەو وڵاتە.

هاوکات سەرەڕای بەردەوامی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێران، خەرجییەکان (5.6%) دابەزین و گەیشتوونەتە (7) ملیار و (400) ملیۆن دۆلار، هەروەها خەرجییەکانی ئیسرائیل بە ڕێژەی (4.9%) بۆ (48) ملیار و (300) ملیۆن دۆلار کەمی کردووە، بەڵام وڵاتی ژاپۆن خەرجیی سەربازیی بە ڕێژەی (9.7%) بەرزکردەوە و لە ساڵی (2025)دا گەیاندیە (62) ملیار و (200) ملیۆن دۆلار، کە دەکاتە (1.4%)ی تێکڕای بەرهەمی نێوخۆیی. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین