سەڵاحەدین دەمیرتاش: هەرگیز لە هەڵوێستە سیاسییەکانم سازش ناکەم تورکیە

نوچە نێت:

دوای تێپەڕبوونی (10) ساڵ بەسەر ماوەی زیندانیدا، پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراسی گەلان سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش دەکات، کە تا ئێستا بە (47) دۆسییە تۆمەتبارە. 

ئەمڕۆ یەکشممە (3/5/2026) جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ی کرد و بە میدیاکانی ڕاگەیاند، دەمیرتاش سەبارەت بە پرسی ئازادکردنی و جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا گوتوویەتی، بۆ کەسێک کە (10) ساڵ زیندانی کرابێت، (15) ساڵ هیچ جیاوازییەکی نییە.

هەر لەم دیدارەدا دەمیرتاش بە پەرلەمانتارەکەی پارتی یەکسانی گوتووە، ئەگەر بە کەسێک بڵێیت کە (12) مانگە زیندانییە، ئەگەر فڵانە شت نەکەیت مانگی (13)ەهەمیش دەمێنیتەوە، رەنگە کاریگەر بێت و ئەو مانگە لەبەرچاوی زۆر گەورە بێت. بەڵام بۆ کەسێک (10) ساڵی لێرە بەڕێکردبێت، پێنج ساڵی دیکە هیچ نییە.

جەنگیز چاندار دەشڵێت، خوێندنەوەی من بۆ ئەم قسانەی دەمیرتاش ئەوەیە کە ئەو دەیەوێت پەیامێک بداتە دەسەڵاتدارانی تورکیا کە هەرگیز لەسەر پرەنسیپ و هەڵوێستە سیاسییەکانم سازش ناکەم، تەنانەت ئەگەر پێویست بکات زیاتریش لە زینداندا بمێنمەوە، چونکە خۆی کە لە تشرینی دووەمی (2016)ەوە لە زیندانی ئەدیرنەیە. 

ئەم سەردانەی جەنگیز چاندار لە کاتێکدایە کە سەڵاحەدین دەمیرتاش لە رۆژی (4)ی تشرینی دووەمی (2016)ەوە بە (47) دۆسیەی جیاواز دەستبەسەرە چەندین تۆمەتی وەک (تێکدانی یەکڕیزیی دەوڵەت، هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوان، رێکخستنی خۆپێشاندانی نایاسایی و پروپاگەندە بۆ تیرۆر)ی خراوەتە پاڵ.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین