ئەمریکا هێزی سەربازیی خۆی لە ئەڵمانیا دەکشێنێتەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت:

ئیدارەی واشنتن بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە جێگیربوونی هێزەکانی لە کیشوەری ئەوروپا دەرکردووە و بڕیارە (5000) سەرباز لە خاکی ئەڵمانیا بکشێنێتەوە. هاوکات، ئەم بڕیارە نوێیەی واشنتن لە کاتێکدایە کە ئەڵمانیا بە ناوەندی سەرەکی و ستراتیژیی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا دادەنرێت.

ڕۆژی شەممە (2026/5/2) تۆڕی هەواڵی (CNN) لە زاری چەند سەرچاوەیەکی باڵای ئاگادارەوە ئاشکرای کرد، پرۆسەی کشاندنەوەی ئەو هێزانە بە چەند قۆناغێکی جیاواز جێبەجێ دەکرێت و پێشبینی دەکرێت لە ماوەی (6 بۆ 12) مانگی داهاتوودا بە تەواوی کۆتایی پێ بێت. 

ئەم بڕیارە نوێیەی واشنتن لە کاتێکدایە کە ئەڵمانیا بە ناوەندی سەرەکی و ستراتیژیی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا دادەنرێت و لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەمەوە میوانداری گەورەترین بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە دەکات، کە ژمارەی سەربازەکانی تێیدا دەگاتە نزیکەی (35000) سەرباز.

لە ڕابردوودا، بەتایبەت لە سەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا، پرسی کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەڵمانیا چەندین جار بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و بەرلین، بەهۆی ئەوەی ئەمریکا داوای دەکرد ئەڵمانیا خەرجییە سەربازییەکانی لە ناو ناتۆدا زیاد بکات.

جێگەی ئاماژەپێدانە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا بە فەرمی ڕانەگەیێندراوە کە ئەو سەربازانە بۆ چ شوێنێکی دیکە دەگوازرێنەوە، بەڵام سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەری هەیە بەشێکیان بگەڕێنەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان و بەشەکەی دیکەشیان لە وڵاتانی تری ناو هاوپەیمانی ناتۆ جێگیر بکرێنەوە کە لە ڕووی جوگرافییەوە لە سنوورەکانی ڕووسیاوە نزیکترن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین