باخچەلی: باسکردنی پێگەی ئۆجەلان بۆ ئێمە گرنگە تورکیە

نوچەنێت

سەرۆکی مەهەپە سەبارەی بە ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە پێشنیارێکی نوێ دەخاتەروو و دەڵێت، "لە پرۆسەی نوێدا باسکردنی پێگەی دامەزرێنەری پەکەکە بۆ ئێمە گرنگە و دەبێت لە چوارچێوەیەکی فەرمی و دیاریکراو ئەو دەسەڵاتەی پێبدرێت."

ئەمڕۆ سێشەممە (2026/5/5) ماڵپەڕی (تورکیا گەزەتە) بڵاوی کردەوە، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی ناسیۆنالیستی مەهەپە لە کۆبوونەوەی گرووپی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا لەبارەی پرۆسەی ئاشتی نوێ و داواکەی رێکخراوی پەکەکە ڕایگەیاند، "دوای ئەوەی بەرپرسانی پەکەکە داوای هەنگاوە یاساییەکان و پێگەی رێبەرەکەیان کردبوو، ئێمەش بەدەم داواکەیانەوە دەچین و دەبێت تاوتوێی پێگە و رۆڵی ئۆجەلان بکەین، لە چوارچێوەیەکی فەرمی و دیاریکرا وەک رێکخەری پرۆسەی ئاشتی ئەو دەسەڵاتەی پێبدرێت، چونکە باسکردنی پێگەی دامەزرێنەری پەکەکە بۆ ئێمە گرنگە."

سەرۆکی مەهەپە ئاماژە بە بەردەوامی پرۆسەی ئاشتی دەدات و دەشڵێت، "ئێمە بەردەوامین لە هەنگاوەکانی پرۆسەکە، ئەوەی ئێمە لەو پرۆسەیە ئەنجامی دەدەین سازش نییە، بەڵکو هەنگاوێکی یاسایی و سیاسیە بۆ گۆرینی سەردەمی ترس و ئازار بۆ سەردەمی ئارامی و بوژانەوەی ئابووری تورکیا، ئاشتی لای ئێمە وەک باڵندەییەکە و پێویستی بە دووباڵ هەیە، باڵی یەکەمیان پەیوەست بوو بە هەڵوەشاندنەوەی گرووپەکە، باڵەکەی دیکەشی ئیرادەی نەتەوە و پەرلەمانە بۆ بەرەوپیشوەچوونی پرۆسەکە."

ئەو قسانەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتی مەهەپە دوای ئەوە دێت، لە ساڵڕۆژی هەڵوەشاندەوەی ڕێکخراوی پەکەکە بەرێوەبەری رێکخراوەکە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی بەیاننامەیەکیان بەناوی "بەرێوەبردنی بزووتنەوەی ئاپۆ" ڕایانگەیاند، "ئێمە بێ دوو دڵی وەڵامی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆمان داوەتەوە و پابەندی چەکدانانین."

هاوکات ئەو رێکخراوە داوایەک ئاراستەی حکومەتی تورکیا دەکات و دەڵێت، "بۆ ئەوەی پرۆسەکە سەرکەوێت، پێویستە پێگەی ئەپۆ وەک لایەنی سەرەکی و بڕیاردەری ئەو پرۆسەیە، پێگەی یاسایی و سیاسی دیاری بکرێت و دەرفەتی کارکردنی ئازادانەی بۆ بڕەخسێرێت." 

لەبەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیاندا ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو بەرپرسانەی میت ساڵی (2017) لەلایەن ئەندامانمان دەستگیرکرابوو، ئەمڕۆ وەک پیشاندانی نیازپاکی رێکخراوەکەمان رادەستی حکومەتی تورکیامان کردنەوە."، هەروەها ئەمەشیان خستەروو، "ناتوانین باس لە پێشکەوتنی راستەقینە لە پرۆسەی چارەسەری بکرێت تاوەکو هەنگاوی یاسایی و سیاسی لەلایەن دەسەلاتدارانی تورکیاوە نەنرێت."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین