سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کۆبووەوە کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کۆبووەوە. تاوتوێیان لەسەر بارودۆخی سیاسی و یاساییی وڵات کرد و هاوکات هەردوولا جەختیان لە گرنگیی لێکگەیشتنی نێوان هێزە سیاسییەکان و هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان.

دووشەممە (2026/5/4) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە درێژەی دیدارەکانیدا لە بەغدا، لەگەڵ هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کۆبووەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا، "بارودۆخی سیاسی و یاساییی وڵات و ڕۆڵی دامەزراوەی ياسادانان لە پشتیوانیکردنی سەقامگیری تاوتوێ کران". هەروەها هەردوولا جەختیان لە، "گرنگیی لێکگەیشتنی نێوان هێزە سیاسییەکان و هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتیی وڵات بکات".

لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا هاوڕا بوون کە، "پێویستە قۆناغی داهاتوو لەسەر بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینە بێت و کارکردن بۆ پەسەندکردنی ئەو یاسایانەی ڕەهەندی نیشتمانییان هەیە و مافە دەستوورییەکانی هەموو پێکهاتەکان دەپارێزن، لە پێشینەی کارەکانی پەرلەمان و حکومەتدا بێت". 

هەر لەم بارەیەوە، جەخت لە پێویستیی یەکخستنی دیدگاکان کرایەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی مافی هاووڵاتییان.

لە کۆتایی ڕاگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دا هاتووە، دۆخی ناوچەکە و لێكه‌وته‌كانى، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو. کە تیایدا جەخت لە پاراستنی ئارامى و سه‌قامگيرى و بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق و تێوه‌نه‌گلانى له‌ ئاڵۆزييه‌كان، کرایەوە.

جێگەی ئاماژەپێدانە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردسیان ماوەی دوو ڕۆژە بۆ مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقی فیدراڵی لە بەغدایە و لەگەڵ زۆربەی سەرۆک و سەرکردە و پێکهاتەکانی عێراق کۆبووەتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین