موقتەدا سەدر داوا دەکات گرووپە چەکدارەکان بچنە ژێر دەسەڵاتى حکومەت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

رێبەڕى رەوتى سەدر لە پەیامێکدا دەڵێت، ئەگەر ڕەزامەندی خودا و ڕەزامەندی گەلتان دەوێت، کە هەر ئەوەش ڕەزامەندی ئێمەی ئالی سەدرە، پێویستە ئەو کەسەی بۆ سەرۆکایەتى وەزیران ڕاسپێردراوە هەرکەسێک بێت، ئەم خاڵانەی خوارەوە جێبەجێ بکات:

ئەمرۆ هەینى (2026/5/8) موقتەدا سەدر، سەرۆکى رەوتى سەدر لە لاپەڕەى خۆى لە فەیسبووک پەیامێکى بڵاوکردەوە، لە خاڵى یەکەم دەڵێت، وەک چۆن لە چەندین ساڵی رابردوودا جەختمان سەر کردووەتەوە، پێویستە حکومەتی داهاتوو گرووپە چەکدارەکان بە جیاوازی ئاراستەکانیانەوە بۆ پێکهاتەیەک بەناوی (سەربازانی رێوڕەسمە ئاینییەکان) لەژێر دەسەڵاتی دەستەی حەج و عومرەدا بگۆڕێت، یان بۆ پێکهاتەیەکی مرۆیی بۆ فریاگوزاری و هاوکارییە مرۆییەکان بیانگۆڕێت. هەرکەسێکیش لەوانە رەتیبکاتەوە، ئەوا بە دەرچوو لە یاسا هەژمار دەکرێت، ئەگەر ئەمەشیان کرد، ئەوا من ئامادەم پێکهاتەی (لیوای یەومی مەوعود) هەڵبوەشێنمەوە و (سەرایا سەلام) رادەستی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بکەم، هەروەکو چۆن پێویستە هەمووان لە زووترین کاتدا ئەمە بکەن.

سەدر لە خاڵى دووەم ئاماژە بەوە دەکات، پشتنەبەستن بە (تێکەڵەی عەتار) بۆ پێکهێنانی کابینەی وەزاری و هەر لایەنێک کە باڵێکی چەکداری هەیە لە حکومەت دوور بخرێتەوە، پێکهێنانی حکومەتێک بێت داواکارییەکانی گەل جێبەجێ بکات.

لە خاڵى سێیەمى پەیامەکەى سەرۆکى رەوتى سەدر هاتووە، پێویستە کارى بەردەوام و ڕاستەقینە لەپێناو سەربەخۆیی عێراق و دوورخستنەوەى هەموو دەستوەردانە دەرەکییەکان بکرێت، بەشێوەیەک بێت (نە ڕۆژهەڵاتی بێت و نە ڕۆژئاوایی)، دواتریش لە خاڵى چوارەمدا باس لەوە دەکات، کە دەستبەجێ کار بۆ بنەبڕکردنی گەندەڵی بکرێت کە ماوەکەى لە نەوەد ڕۆژ تێپەڕ نەکات، بەو مەرجەی دەستپێکەکە بە (مامەڵەی سەدە) و تاوانبارەکانی و هەموو لێکەوتەکانی بێت.

موقتەدا سەدر جەخت لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییە دەرەکییەکان دەکاتەوە، کە لە چوارچێوەیەکدا بێت شکۆمەندی بە عێراق ببەخشێ و  بەڕووی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و نێودەوڵەتیدا کراوە بێت، بێ هیچ دەستوەردانێک لەلایەن هیچ لایەنێکەوە و دەستدرێژی نەکردنە سەر هیچ کەسێک، چونکە ئەمە سەربەرزییە بۆ عێراق و ئایین و مەزهەب، هەروەک بۆ ئەو گەلەش سەربەرزییە کە بە ئاگری جەنگەکان سووتاوە.

لەکۆتایی پەیامەکەى دەڵێت، ڕازی نابین هیچ تاکێکی ڕەوتی شیعەی نیشتمانی لەناو کابینەی وەزاریدا بێت، هیچ وەزیرێک لەوان نوێنەرایەتی ئێمە ناکات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین