فوئاد حوسێن: هیوادارین کێشەکانی هەولێر و بەغدا چارەسەر ببن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت:

وەزیری دەرەوەی نوێی عێراق سەبارەت بە چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕایگەیاند، هیوا دەخوازم کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا چاک ببنەوە و چارەسەر بکرێن، هەروەها لەبارەی پەیوەندی پارتی بە هاوپەیمانییە نوێکەی حیزبە شیعەکان گووتی، هێشتا دیار نییە کە ئایا پارتی دەبێتە بەشێک لەو هاوپەیمانییە نوێیە یان نا.

ڕۆژی یەکشەممە (2026/5/17) فوئاد حوسێن بۆ سێیەم جار وەک وەزیری دەرەوەی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ هەڵبژێردرایەوە، لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە حکومەتی نوێی عێراق دەڵێت، هەموو لایەک کار دەکەن بۆ ئەوەی حکومەتی نوێ بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی سەرکەوتوو بێت و لە خزمه‌تی خەڵکدا بێت.

لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ئاماژەی بەوەکرد، هیوا خوازم کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا چاک ببنەوە و چارەسەر بکرێن.

وەزیری دەرەوەی عێراق سەرنجی خستە سەر کارەکانی وەزارەتەکەی و گووتی، کاری لەپێشینەی وەزارەتەکەی لەم کابینە نوێیەدا، ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق دەبێت لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، کە بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە کە کاریگەریی خراپیان لەسەر جێهێڵدراوە.

هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە جیابوونەوەی چەند حیزبێک لە چوارچێوەی هەماهەنگی و دابەشبوونی ماڵی شیعە و ئەگەری پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی نوێ و پەیوەندییکردنی پارتی بەو هاوپەیمانییە فوئاد حوسێن ئاشکرای کرد، حیزبەکان خەریکی دروستکردنی هاوپەیمانێتییەکی نوێن، بەڵام هێشتا دیار نییە کە ئایا پارتی دەبێتە بەشێک لەو هاوپەیمانییە نوێیە یان نا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین