ناڕەزاییەكانی دژ بە هەیبەت حەلبووسی لەلایەن فراكسیۆنەكانەوە زیاتر دەبێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت:

بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی دیمەنی ناوەخۆی پەرلەمانی عێراق، هێزە هاوپەیمانەکان لە چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاری دوورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمانیان دەرکردووە و گومانیش دەکرێت ڕێکارە جدییەکان دوای جەژنی قوربان دەستپێبکات.

ئەمڕۆ دووشەممە (18/5/2026) کلدۆ رەمزی، سەرۆکی فراکسیۆنی (سۆیانا) لە پەرلەمانی عێراق بە (کوردستان 24)ی ڕاگەیاند، زۆرینەی فراکسیۆنەکان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە ئەدای سەرۆکی پەرلەمان و جێگری یەکەم، یاسایی، دەستووری و پیشەیی نییە و پەرلەمانتارانی هاوپەیمانیی عەزم و هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لەسەر هێڵن بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر سەرۆکایەتیی پەرلەمان چونکە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بە ئارەزووی کەسی و حزبی مامەڵە دەکەن و پەرلەمانیان کردووەتە سەکۆیەکی حزبی.

کلدۆ رەمزی گووتیشی، پێویست بوو کاندیدی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران یەکلایی بکرێتەوە، چونکە پێشتر عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران بەڵێنی دابوو ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە، بەڵام بە بەداخەوە بەڵێنەکە جێبەجێ نەکرا، بۆیە سەڵاح دلێمی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی عەزم ئاشکرای کرد کە دەستیان کردووە بە کۆکردنەوەی واژۆ لە ناو پەرلەمان بۆ لابردنی سەرۆکی پەرلەمان، بە ئامانجی گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوەندی یاسادانان، بەڵام بڕیار دراوە کە رێکارە جددییەکان بۆ لادانی سەرۆکی پەرلەمان بۆ دوای جەژنی قوربان دوابخرێن، چونکە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، لادانی سەرۆک پێویستی بە دەنگی زۆرینەی ڕەها (50+1) هەیە، کە دەکاتە (166) پەرلەمانتار.

سعود ساعدی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی ئەو ڕەخنانەی ئاڕاستەی هەیبەت حەلبووسی دەکرێت، دەڵێت، بەشێک لە هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی پێیانوایە کێشە بنەڕەتییەکە لە بەڕێوەبردنی سەرۆکایەتیی پەرلەماندایە، ئەوەش وایکردووە گۆڕینی سەرۆکی پەرلەمان وەک پێشینەیەکی سیاسی لە قۆناغی ئێستادا تاوتوێ بکرێت، ئەم جوڵانەش لە چوارچێوەی دووبارە کێشانەوەی هاوسەنگیی هێزەکاندایە لەناو پەرلەماندا. بۆیە هەندێک هێزی سیاسی دەستیان کردووە بە جوڵە بە ئاراستەی دووبارە ڕێکخستنەوەی دیمەنی پەرلەمانی، لەنێو دیارترین ئەو بژاردانەی خراونەتەڕووش، لەکارخستنی هەیبەت حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانە بەهۆی شێوازی بەڕێوەبردنی دانیشتنەکانی ئەم دواییەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین