تورکیا و ئەڵمانیا میکانیزمی دیالۆگی ستراتیژی زیندوو دەکەنەوە تورکیە

نوچە نێت:

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، ئەڵمانیا و تورکیا لە پێناو بەهێزکردنی هاریکاری هاوبەشی بواری ئاسایش و پیشەسازی بەرگریی دوای (12) ساڵ کۆبوونەوەی دیالۆگی ستراتیژی لە بەرلین دەستپێدەکەنەوە.

ڕۆژی دووشەممە (2026/5/18) ماڵپەڕی (ODA TV) بڵاوی کردەوە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە سێیەم کۆبوونەوەی دیالۆگی ستراتیژی، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ یۆهان ڤادەپول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کۆدەبێتەوە. 

لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لەم چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ، وەزیرەکەمان و شاندێکی یاوەری سەردانی بەرلین دەکات و لەگەڵ هاوتا ئەڵمانیەکەی کۆدەبێتەوە دوای (12) ساڵ بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی دیالۆگی ستراتیژی و گەیاندنی بە قۆناغێکی نوێ لە نێوان هەردوو وڵات."

بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای تورکیا لە چوارچێوەی ئەو سەردانەی فیدان لە کۆبوونەوەکان باس لە پرۆسەی ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهان تاوتوێ دەکەن. هاوکات ئەو میکانیزمەی پێکهاتووە کە بریتییە لە چوار گرووپی کار دوای کۆبوونەوەیان لە بەرلین ڕاپۆرتی کۆتایی پێشکەش بە وەزیرانی هەر دوو وڵات دەکرێت لەبارەی پرسە ستراتیژییەکانی بواری ئابووری، ئاسایش، بەرگریی، پیشەسازی بەرگریی و پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات.

جێگەی باسە، تورکیا و ئەڵمانیا کۆبوونەوەکانی میکانیزمی ستراتیژییان لە ساڵی (2013) پێکهێنا بەمەبەستی پێدانی ڕەهەندێکی دامەزراوەیی و ستراتیژی بە ەیوەندییەکانیان و پشتیوانی لە پرۆسەی ئەندامبوونی تورکیا لە ئەکێتی ئەوروپا. دوای سەرکەوتنی کۆبوونەوەی یەکەم، کۆبوونەوەکانی دووەم لە ئەستەنبۆڵ لە ساڵی (2014) بەرێوەچوو، دواتر بەهۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و بەرلین پرۆسەکە هەڵپەسێردرا.

هاوکات لە ئێستادا بەهۆی دروستبوونی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەری کشانەوەی ئەمەریکا لە هاوپەیمانی ناتۆ و بەردەوامی جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا، لەلایەکی دیکە سەرکەوتن و بەرەوپێشوەچوونی  کەرتی پیشەسازی بەرگریی تورکیا، ئەڵمانیای ناچارکردووە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە سەرلەنوێ بنیات بنێتەوە. 

   

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین