پەرلەمانی نوێی عێراق هەوڵی پەسندكردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز دەدات کوردستان- عێراق

نوچە نێت:

ئەندامێکی لێژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، لەم خولەی پەرلەماندا، كار بۆ پەسندكردنی پڕۆژەی یاسایی نەوت و گاز دەكەن و دەشڵێت، ئەگەر بێت و یاساکە لە سەر بنەمای دەستوور ئامادەبکرێت ئەوکاتە کێشەکان لە زاخۆ تاوەکو بەسرە چارەسەردەبن.

ڕۆژی شەممە (2026-5-23) محەمە فەرتوسی ئەندامی لێژنەی نەوت وگاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لەم خولەی پەرلەماندا بەرنامەی کاری حکومەتی نوێی عێراق چارەسەرکردنی ئەو کێشانەیە کە لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە. ئەو گووتیشی، هەبوونی یاسایەکی لەم شێوەیە لە گرنگترین یاسا ستراتیژییەکان دەبێت، بۆیە لێژنەکەیان جەخت لەسەر تەواوکردنی پرۆژە یاساکە و  پەسەندکردنی لە خولی ئێستای پەرلەمان دەکاتەوە.

بەپێی زانیارییەكان لایەنە سیاسیەکان لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕەشنووسێکی کۆتایی کە مافی هەموو نەتەوەكان لە پڕۆژە یاساكەدا پارێزراو بێت. لەوبارەیەوە ئەشواق جاف ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆن پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، هەبوونی یاسیا نەوت و گاز یەکێکە لە داواکارییەکانی کورد لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، ئەگەر بێت و یاساکە لە سەر بنەمای دەستوور ئامادەبکرێت ئەوکاتە کێشەکان لە زاخۆ تاوەکو بەسرە چارەسەردەبن.

جێگەی باسە یەکەم رەشنووسى پرۆژەیاساى نەوت و گازى عێراق لە (2007) لەلایەن حکومەتى عێراقەوە ئامادەکرا، کە لە (43) ماددە پێکهاتبوو، بەڵام بەهۆى ناکۆکیى نێوان بەغدا و هەولێر لە پەرلەمان پەسند نەکرا، دواتر لە (2011) پرۆژەیاسایەکى دیکەی ئەو بوارە لە پەرلەمانى عێراق پێشکەشکرا، کە لە (49) ماددە پێکهاتبوو، بەهەمان شێوە پەسەند نەکرا، لەسەر بنەمای ئەو پرۆژەیاسایە دەبێت ئەنجومەنی فیدراڵی نەوت و گاز پێکبهێنرێت کە ئەرکی دیاریکردنی سیاسەتی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین