لەنێوان تورکیا و ئەرمینیا رێرەوی هێلی ئاسنی بۆ هەناردەکردن کرایەوە تورکیە

نوچە نێت:

پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەرمینیا پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێ، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا سوپاسی تورکیا دەکات بەهۆی کردنەوەی ڕێرەوی هێلی ئاسنی کە لە ئازاربایجان و جۆرجیا بە تورکیا دەبەستێتەوە، بەمشێوەیە لەمەوبەدوا ئەرمینیا دەتوانێت هاتووچۆی هەناردە و هاوردەکردنی کاڵا بۆ ناوەندەکانی بارزگانی ئەوروپا بنێرێت.

ڕۆژی یەکشەممە (2026/5/24) ماڵپەڕی (تورکیا گەزەتە) بڵاوی کردەوە، نیکۆل پاشینیان سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا بەهۆی کردنەوەی ڕێگەی هێلی ئاسنی ئەخالکاڵاکی- کارس ڕایگەیاند، "سوپاسی هاوبەشەکانمان تورکیا و جۆرجیا دەکەین بۆ هاوکاری بنیاتنەرەکانیان و کردنەوەی ئەو ڕێرەوە نوێیەی ئاسنی."

سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا ئاماژەی بەوەش کردووە، قۆناغێکی نوێی مێژووی لە باشووری قەوقاز بۆ ئاشتی و یەکگرتنەوەی وڵاتانی ناوچەکە دەستیپێکردووە، ئەمڕۆ هێلی ئاسنین کە ئازاربایجان و جۆرجیا بە تورکیا دەبەستێتەوە و بەفەرمی ئەو رێرەوە بەڕووی هەناردەکردنی ئەرمینیا کرایەوە.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا پاشینیان گووتیشی، "کردنەوەی ئەو رێگەیە پێشکەوتنێکی گەورەیە بۆ کەرتی ئابووری و زیندوکردنەوەی ئەو بوارە."، هەروەها ئۆنجو کەچەلی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، "پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لە ساڵی (2022)ـەوە لەگەڵ ئەرمینیا بەردەوامە، ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی ئالوگۆری ڕاستەوخۆ بەرێگەی هێلی ئاسنی لەنێوان تورکیا و ئەرمینا تەواو بووە." 

هاوکات شارەزایان پێیان وایە، بەهۆی تێکچوونی دۆخی ناوچەکە و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێشبینی دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا هێلی ئاسنی ئەرمینیا- تورکیا، ئەرمینیا- ئازاربایجان، لەدوای ئەوەش هێلی ئاسنی ئەرمینیا- ئێران لەرێگەی ئەخچیڤانەوە بکرێتەوە و بەمشێوەیە پرۆژەی "ترەمپ" کە وڵاتانی قەفقاز بە ناوەندی بارزگانی ئەوروپا دەبەستێتەوە و دەبێتە ڕێگەیەکی نوێی وشکانی لە بڕی رێگەی دەریایی.

جێگەی ئاماژە پێدانە، کردنەوەی ئەو رێگە نوێیە بەڕووی ئەرمینیا بەواتای ئەوە دێت لەمەوبەدوا ئەو وڵاتە پەیوەندی ڕاستەوخۆی دەبێت لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا، چونکە لە ڕابردوو ئەرمینیا تەنیا پەیوەندی هێلی ئاسنی لەگەڵ ڕووسیا و چین لە رێگەی خاکی ڕووسیا و کازاخستان هەبوو بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکانیان بۆ دەرەوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین