تێکڕای خەرجییە کردارییەکانی حەوت ساڵی هەرێمی کوردستان زیاتر لە (87) ترلیۆن دینارە کوردستان- عێراق

نوچە نێت:

وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیێندراوێکدا خەرجییە گشتییەکانی حەوت ساڵی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە، کە تێیدا (65) ترلیۆن خەرجی مووچە و (4) ترلیۆنیش بۆ خەرجی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی کارەبا تەرخان کراوە.

ئەمڕۆ شەممە (27/6/2026) وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "لە درێژەی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی پەرتووکی کار و چالاکی و چاکسازییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ساڵی (2019 تا 2025) کە بەشێکی تایبەتە بە خەرجییە گشتییەکانی حکومەتی هەرێم لەو حەوت ساڵەدا کە تێکڕای خەرجییە کردارییەکان دەگاتە زیاتر لە (87) ترلیۆن و (500) ملیار دینار" کە بڕی زیاتر لە "(65) ترلیۆنی خەرجی مووچە بووە و زیاتر لە (14) ترلیۆنیش خەرجی بەکارخستن بووە، کە بریتییە لە خزمەتگوزارییەکانی ڕۆژانەی فەرمانگە و وەزارەتەکان و تاد" لەم ژمارەیەدا بڕی "زیاتر لە (4) ترلیۆن خەرجی بەرهەم هێنانی کارەبا بووە و نزیکەی (4) ترلیۆنیش خەرجی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بووە."

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم، ئەم ژمارانە جگە لەم مووچانەیە "کە لەو ماوەیەدا خەرج نەکراون، لەگەڵ ڕێژەی لێبڕینەکانی خانەنشینی مووچە و پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و جیاوازییەکانی، هەروەها لەگەڵ شایستەی کۆمپانیاکان و بەڵێندەران کە خەرج نەکراون ، لەگەڵ خەرجی بەرهەمهێنانی کارەبا کە بەشێکیان بەشێوەی چەک و مەقاسە خەرجکراون بەهۆی کەمی نەختینەی بەردەست لە بانکەکاندا."

هاوکات دارایی هەرێم گووتیشی ئەم خەرجییانە لە کاتێکدایە کە "سەرجەم خەرجییەکانی بەکارخستن و وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانی کارەبا لەداهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت و لە دوای ساڵی (2013)ەوە وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەنها بەشێک لە تەمویلی بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ناردووە کە بۆتە بەشێک لە تەواوکاری خەرجی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و مووچەخۆران."

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین