دژەتیرۆری عێراق ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەرپرس بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر دەكات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت:

لە هەڵمەتی بەردەوامی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵی لە عێراق، زیاتر لە (98) ملیار دیناری عێراقی و (70) خانوو و زەوی دەستیان بەسەردا گیراوە و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بابلیش ڕاگەیاند، تەنیا لە پارێزگای بابل (4) کەس بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراون، کە یەکێکیان سادق مەدلوول پارێزگاری پێشووی بابلە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (28/6/2026) سەبارەت بە هەڵمەتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵی لە بەغدا، سەرچاوەیەک بە (کوردستان 24)ی ڕاگەیاند، زۆربەی ئەو کەسانەی ئەمڕۆ دەستگیرکراون، لەسەر بنەمای دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی بووە و هەریەکەیان ڕووبەڕووی تۆمەتێکی جیاواز بوونەتەوە، بە گوێرەی سەرچاوەکە ناوی دیارترین دەستگیرکراوەکان و تۆمەتەکانیان بریتین لە، عەلی مەعارج بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن، حەسەن خەفاجی گەورە بازرگانی زێڕ، کە بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەی گەندەڵی دەستگیرکراوە، هەروەها عالیە نوسەیف پەرلەمانتاری پێشوو، کە تۆمەتەکەی پەیوەستە بە ساختەکردنی نووسراوە فەرمییەکانەو، حوسێن موئەنەس سەرۆکی فراکسیۆنی (حقوق) لە پەرلەمانی عێراق، کە تۆمەتبارە بە داگیرکردنی زەویوزاری هاووڵاتییان.

محەمەد مەنسوور، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بابلیش ڕاگەیاند، تەنیا لە پارێزگای بابل (4) کەس دەستگیرکراون، کە یەکێکیان سادق مەدلوول پارێزگاری پێشووی بابلە لە نێوان ساڵانی (2013 تا 2018)، هەروەها هەڵمەتەکە پارێزگاکانی دیکەی ناوەڕاست و باشووری گرتووەتەوە، بە شێوەیەک کە لە دیوانییە (2) کەس، لە ناسریە (3) کەس و لە نەجەفیش (2) کەسی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون و کاتژمێر (2) بەرەبەیانی ئەمڕۆش، دژەتیرۆری عێراق ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی لە ناوچەی سەوز دەستپێکرد و ژمارەیەک بەرپرس و پەرلەمانتار و سەرۆک حزبیان دەستگیر کرد. 

بە گوێرەی زانیارییەکان کۆی گشتی ئەو پارانەی لەم دۆسیەیەدا دەستیان بەسەردا گیراوە بریتین لە: زیاتر لە (98) ملیار دیناری عێراقی و (11) ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و دەستبەسەرداگرتنی (70) خانوو و زەوی، (21) ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز و هەروەها بڕی (3) کیلۆگرام زێڕ. لە ئەنجامی دانپێدانانەکاندا، رائید جبوری بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی سەڵاحەدینیش دەستگیر کراوە و ئەم دۆسیەیە یەکێکە لە گەورەترین دۆسیەکانی گەندەڵی کە لەم دواییانەدا ئاشکرا کراوە و حکوومەتی نوێش جەخت لەسەر بەردەوامیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەکاتەوە، بۆیە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتکردنی لە دەرەوەی وڵات بۆ سەرجەم ئەو تۆمەتبارانە دەرکردووە کە ناویان لە دۆسیەکاندا هاتووە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین