شەش ملیار دۆلاری ئێران سڕکردنی لەسەر لادەبردرێت ئێران

نوچەنێت

قەتەر ئامادەیە سڕکردن لەسەر شەش ملیار دۆلاری کۆماری ئیسلامی ئێران لابەرێت و بۆیان بگەڕێنێتەوە، دۆناڵد ترەمپیش دەڵێت، دەبێت پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە کڕینی بەرهەمی ئەمەریکی خەرج بکرێن.

ئەمڕۆ دووشەممە (29/6/2026) مەسعود پزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنانەی ئەنجامدراون، بڕی شەش ملیار دۆلار لە کۆی (12) ملیار دۆلاری ئێران کە لە قەتەرە، سڕکردنی لەسەر لادەبرێت و دەگەڕێندرێتەوە بۆ وڵات، بۆیە ئێستا کارەکان چڕکراونەتەوە بۆ گەڕاندنەوەی بەشەکەی دیکەی ئەو پارانە. وەک پێشتر سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردبوو، کە ئەمەریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ قەتەر کار دەکات بۆ دانانی میکانیزمێک کە ڕێگە بە تاران بدات بەشێک لە داراییە بلۆککراوەکانی بۆ کڕینی کاڵای مرۆیی بەکاربهێنێت. 

هاوکات "ئاژانسی رۆیتەرز"یش لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، کە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا تیمە تەکنیکییەکانی ئێران و ئەمەریکا بۆ جێبەجێکردنی یاداشتنامەیەکی لێکگەیشتن، لە دەوحە کۆببنەوە، بۆیە ناوبژیوانەکان کەناڵێکی پەیوەندییان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان دروستکردووە بۆ رێگریکردن لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو، چاوەڕوانیش دەکرێت لەو کۆبوونەوە تەکنیکییانەدا، پرسی گەرووی هورمزیش تاوتوێ بکرێت، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بووە هۆی هێرشی بەرامبەر لە نێوان ئێران و ئەمەریکا، ئەوەش خەریک بوو هەڕەشە لە ڕێککەوتنی ئاگربەست و دانوستانەکانی نێوان هەردوولا بکات.

ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار ڕایگەیاندبوو، کە وڵاتەکەی یەک سەنت ناداتە تاران و جەختیشی دەکردەوە، کە دەبێت پارە بلۆککراوەکانی ئێران بۆ کڕینی بەرهەمی ئەمەریکی خەرج بکرێن، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران ئەمەیان ڕەتکردەوە و جەختیان کردەوە، کە ئەوان ئازادن لەوەی چۆن پارەکانی خۆیان بەکاردەهێنن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین