ئەمەریکا بەفەرمی فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی ئێف (35)ـی بە توركیا ڕاگەیاند شیکاری

نوچە نێت: تایبەت

وەرگێڕانی: دنیا ئەحمەد

دوای هەولێکی زۆری تورکیا سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ گەیشتنی بە تورکیا ڕایگەیاند، بڕیار لەبارەی فڕۆشتی فڕۆکەی جەنگی ئێف (35) دەدەین، هەروەها سەرۆکی تورکیا لەوبارەیەوە گووتی، ئەمریکا بەڵێنی پێدانی پێنج جۆری لەم فڕۆکەیەی پێداوین. لەبەرامبەردا سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داوای لە سەرۆکی ئەمەریکا کردووە ئەو جۆرە فڕۆکە جەنگییە بە ئەنقەرە نەدەن.

ئەمڕۆ بەبەشداری چەندین سەرۆک و سەرکردەی هاوپەیمانانی ناتۆ لە ئەنقەرە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی لوتکەی ناتۆ دەستیپێکرد. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە پێشوازییەکی شاهانەدا لە فڕۆکەخانە پێشوازی لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کرد، دواتر بەیەکەوە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی باسیان لە چەند پرسێکی گرنگ کرد.

ئەنقەرە بەر لە دەستپێکردنی ئەم لوتکەیە زۆر هەوڵیدا بۆئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا بەشدار بێت لە کۆبوونەوەی ناتۆ لە پێناو یەکلایکردنەوەی پێدانی فڕۆکەی جەنگی ئێف (35) و لابردنی سزاکانی سەر پیشەسازی بەرگریی، لەوبارەیەوە ترەمپ ئەمڕۆ ڕایگەیاند، "پەیوەندییەکی زۆر باش و بە‌هێزمان لەگەڵ تورکیا هەیە، بڕیار لەبارەی فڕۆشتنی فڕۆکەی ئێف (35) بە تورکیا دەدەین."

هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە بەشدارینەکردنی تورکیا لە جەنگی ئێران ئاشکرای کرد، "تورکیا زۆر باش ئێران دەناسێت، ئەوان بەهەماهەنگی لەگەڵ هەندێک وڵات ڕۆڵێکی زۆرباشیان نیشاندا، ڕەنگە هەمووتان بزانن پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئیسرائیل و پشتیوانی ئێرانیان بکردبا، بەڵام بەهۆی ئەو پەیوەندییە پتەوەی لەگەڵ من هەیانە نەچوونە نێو ئەو ململانێیە، من لێرەدا تەنیا باسی پەیوەندی خۆم و ئەوان دەکەم و هەوڵی زۆرباشیان دا بۆ کۆتایهێنان بە جەنگ."

هاوکات ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لەو کۆنگرەی ڕۆژنامەوانییەدا ئاماژەی بەوە کرد، "پرسی پێدانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف (35) بابەتێکی نوێ نییە، ئێمە پێشتر گفتوگۆی تەواومان کردووە و بەڵێنی وەرگرتنی پێنج دانە لەو فڕۆکانەمان لە واشنتن وەرگرتووە."

هەروەها سەرۆک کۆماری تورکیا باسی لە پەیوەندییەکانی تورکیا و واشنتن کردوو گووتی، ئێمە متمانەیەکی تەواومان بە سەرۆک ترەمپ هەیە و ئەو لەسەر بەڵێنەکانی وەستاوە و ئەو متمانەش هێزێکی زیاتر بە پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و واشنتن دەدات. لەبەرامبەردا ترەمپ باسی لەوە کرد، کە پەیوەندییەکانی ئێستایان لەهەموو کاتێک باشترە و تورکیا خاوەن سوپایەکی بەهێز و ئەوان هاوبەشێکی دڵسۆز و بەوەفان.

سەبارەت بە هەڵگرتنی سزاکانی (CAATSA) بۆ سەر تورکیا سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "زۆر بێهیوا بووم لە ناتۆ، لەوانەیە ئەگەر کۆبوونەوەکانی ناتۆ لە تورکیا نەبایە هەرگیز بەشداریم بکردتبا، من بەهۆی رێزی زۆرم بۆ ئەردۆغان بەشداری لوتکەی ناتۆم کردوو و لێرە ئامادە بوومە، سەبارەت بە هەڵگرتنی سزاکانی (CAATSA) ئەمە بژاردەیەکی سەرەکیمانە و ئەو سزایانە هەڵدەگیرێت، چونکە نامانەوێت سزا بەسەر دۆستەکانمان بسەپێنین."

لەلایەکی دیکە ترەمپ باسی لە ڕۆڵی ئەردۆغان لە سووریا کردوو گووتی، "سوپاس بۆ سەرۆک ئەردۆغان پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ سەرۆکی نوێی سووریا هەیە، هەروەها سەرۆکە نوێکەی سووریا کارێکی زۆر باشی ئەنجام داوە."

لەگەڵ کۆبوونەوەی ئەردۆغان و ترەمپ، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل نیگەرانی نەشاردەوە و بەتایبەت بە گەڕانەوەی ئەنقەرە بۆ بەرنامەکانی فڕۆکەی جەنگی ئێف (35)، هەروەها دوێنێ ناتانیاهۆ زۆر بەراشکاوانە داوای لە ترەمپ کردووە کە ئەو جۆرە فڕۆکەیە بە تورکیا نەفڕۆشن کە لەناوخۆدا ئەنقەرە پەرەیان پێدەدات، چونکە ڕەنگە بە پێدانی ئەو فڕۆکانە هاوسەنگی هێز لە ناوچەکە بگورێت و هەژموونی تورکیا زیاتر بێت، هەروەها هەڕەشەش بۆسەر هەژموونی دەسەڵاتی ئیسرائیل لە ئاسمانی ناوچەکە درووست دەکات.

جێگەی باسە، تورکیا دوای ئەوەی لە ساڵی (2019)، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی (ئێس 400)ـی لە ڕووسیا کڕی، واشنتن ڕاستەوخۆ چەند سزایەکی بەسەر پێشەسازی بەرگریی تورکیا سەپاند و لە بەرنامەکانی فڕۆکەی جەنگی ئێف (35) دووری خستەوە، لەئێستادا ئەنقەرە بەچڕی هەوڵدەدات بۆ لابردنی ئەو سزایانە و بەدەستهێنای ڕەزامەندی کۆنگرێس بۆ گەرانەوەیان بۆ ناو ئەو بەرنامانە لە پێناو بەرەوپێشوەچوونی کەرتی سەربازیی.

سەرچاوە: (NTV)

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین