ئەنقەرە لەپێناو بەدەستهێنانی فڕۆکەی ئەمریکی دەستبەرداری سیستەمی بەرگریی رووسی دەبێت شیکاری

نوچەنێت

وەرگێڕانی: دنیا ئەحمەد

دوای سەردانی ترەمپ بۆ تورکیا و ڕاگەیاندنی پێدانی فڕۆکەی جەنگی ئێف (35)ى بە ئەنقەرە، نیگەرانییەکانی ئیسرائیلی زیاتر دەبێت، لەبەرانبەردا لە پێناو هەڵگرتنی سزاکانی (CAATSA) لەلایەن واشنتۆنەوە، تورکیا  بڕیاری داوە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی (S-400)ـی رووسیا بفڕۆشێتە وڵاتێکی کەنداو.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، پێسکۆڤ گوتەبێژی کۆشکی کرێملین لەبارەی ئامادەکارییەکانی تورکیا بۆ فڕۆشتنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی (S-400)ـی رووسیا بە وڵاتانی عەرەبی ڕایگەیاند، "تەنیا شتێک لەو بارەیەوە بڵێم ئەوەیە ئەم بابەتە زۆر هەستیارە، بەڵام لەبارەی ئەو پرۆسەوە لەگەڵ لایەنی تورکیا لە پەیوەنییەکان بەردەوامین."

لەلایەکی دیکە عەبدوڵقادر سیلڤی، سەرنووسەری ڕۆژنامەی حووریەتی تورکی رایگەیاند، زۆر دەمێکە تورکیا بە کڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی (S-400)ـی رووسی لەگەڵ واشنتن ڕووبەڕووی کێشە و قەیرانەکانى قووڵبۆتەوە، هەربۆیە دوای ڕەزامەندی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ گەرانەوەی تورکیا بۆ نێو بەرنامەکانی فڕۆکەی جەنگی (ئێف- 35) تورکیا بڕیاریدا سیستەمەکانی بەرگریی ڕووسیا بە وڵاتانی کەنداو بفرۆشێت.

ئەو ڕۆژنامە نووسە باسی لەوەش کردووە، ناوەندە سیاسیەکانی ئەنقەرە گەیشتوونەتە بڕیاری کۆتایی بۆ فڕۆشتنی ئەو سیستەمانە لە پێناو وەرگرتنی ڕەزامەندی کۆنگرێس و یەکێک لەو دوو وڵاتانەی پێشبینی دەکرێت کە ئەو سیستەمانەی پێ بفڕۆشرێت قەتەر و ئیماراتە.

تورکیا بۆ فڕۆشتنی سیستەمی بەرگریی (S-400) لەگەڵ ڕووسیا لە پەیوەندی دایە

بەرپرسانی تورکیا دوای بێدەنگ بوونیان سەبارەت بە فڕۆشتنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی (ئێس 400)ـی رووسیا، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا دوای کۆتایهاتنی کۆبوونەوەکانی لوتکەی ناتۆ لە چاوپێکەتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "ناشناڵ" ڕایگەیاند، "بۆ فڕۆشتنی ئەو سیستەمانە بە ئیمارات، ئەمە پرۆسەیەکە کە کۆبوونەوەکان لە نێوان هەردوو بەرپرسانی حکومەت بەردەوامە، لەوبارەیەوە دەبێت گفتوگۆی جددیی لەگەڵ لایەنی ڕووسیا بکرێت و ناکرێت لە ئێستادا ناوی هیچ وڵاتێک بهێنین بۆ گواستنەوەی بۆ لایەنی سێیەم، ئاشکرایە ئیرادەیەکی بەهێز لە نێوان سەرۆک ئەردۆغان و پوتین هەیە و دەبێت لایەنێکی گفتوگوکان لەگەڵ ڕووسیا بێت چونکە کڕینی ئەو سیستەمانە لە ڕووسیاوە."

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەربارەى کڕینی فڕۆکەی جەنگی (ئێف35-) و هەڵگرتنی سزاکانی (CAATSA)ـی سەر پیشەسازی بەرگریی وڵاتەکەی گوتی، "لە نێوان تورکیا و ئەمەریکا کۆبوونەوەکان سەبارەت بە فڕۆکەی جەنگی (ئێف-35) بەردەوامە، تەنانەت لە کۆبوونەوەی ساڵی ڕابردووی سەردانی سەرۆک ئەردۆغان لەگەڵ ترەمپ، بڕیاری هەڵگرتنی سزاکان و فڕۆشتنی چەند دانەیەک لەو فڕۆکەیەى پێداین. لەو کاتییەوە کاردە لەو پڕۆسەیە کەین، پێموایە لەم نزیکانە دەگەینە چارەسەرێک، هەربۆیەش هیچ بەربەستێک لەبەردەم تورکیا نامێنێت کە چوار پێنچ ساڵ بەرلەئێستا ئەو برە پارەی بۆ پارچەکانی ئەم جۆرە فڕۆکەیەی دایبوو. ئەو فڕۆکانە لە هەنگاری ئامادەیە بۆ ئەوەی ڕادەستی ئێمە بکرێت، بەڵام بەهۆی یاساکانی ڕێگەپێدانی کۆنگرەی ئەمەریکا کە لەدژی تورکیا دەری کردووە ناتوانین بیگوازینەوە ولاتەکەمان، بەڵام دوای هەنگاوەکانی کە ئێستا لە ئارادایە پێموایە ئەو بەربەستانە هەڵدەگیرێت."

ئیسرائیل نایەوێت تورکیا ببێتە خاوەنی فڕۆکەی جەنگی ئێف (35)ـی ئەمەریکی

نزیک بووەی تورکیا و ئەمەریکا ئیسرائیلی نیگەران کردووە، تەنانەت لەگەڵ ڕاگەیاندنی پێدانی فڕۆکەی جەنگی (ئێف 35) بە تورکیا لەلایەن سەرۆکی ئەمەریکاوە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "لە شوێنی ترەمپ بام فڕۆکەی جەنگی (ئێف 35)ـم بە تورکیا نەدەدا، چونکە هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێکدەدات و هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر یۆنان."

بەگوێرەی ماڵپەڕی (سۆڵ هەبار) بڵاوی کردەوە، ناتانیاهۆ لە چاوپێکەتنێکیدا نەیشاردۆتەوە و ئاشکرای کردووە، کە چەند جارێک بەرلە کۆبوونەوەی (35)ـەمینی لوتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە داوای لە سەرۆکی ئەمەریکا کردووە کە فڕۆکەی (ئێف-35) بە تورکیا نەدات. هەروەها پێشیوایە ئەنقەرە ناتوانێت ببێتە هاوپەیمانێکی نموونەی واشنتن، هەرچەندە پەیوەندییەکی باش لە نیوان ئەردۆغان سەرۆک ترەمپ هەبیت، بەڵام هەرگیز ئەمە بەواتای ئەوە نایەت تورکیا ولاتێکی دۆستی ئەمەریکا بیت.

هەرچەندە ترەمپ لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەردۆغان نەیشاردەوەکە هەریەک لە ناتانیاهۆ و ئەردۆغان یەکتریان خۆشناوێت و دژی یەکترن و بەڵام ئەو پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەردووکیان هەیە. هەروەها سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد کە سەبارەت بە پرسی ئێران لەگەڵ ترەمپ لەهەندێک خاڵدا ناکۆکن، بەڵام لەسەر چەند برسێکی گرنگ هاوڕان.

فڕۆکەی جەنگی (ئێف- 35) بۆچی ئەوەندە گرنگە؟

تورکیا دوای ساڵی (2002) ڕاستەوخۆ بەشداری لە پرۆژەی فڕۆکەی جەنگی ئێف (35)ـی ئەمەریکا کرد کە ئەو کاتی هەریەک لە ئیتاڵیا، دانیمارک، کەنەدا، نەرویج، بەریتانیا، هۆڵەندا و ئوستوراڵیا هاوبەشی دامەزراندنی پرۆژەی ئەو جۆرە فڕۆکە جەنگییە بوون.

تورکیا لەگەڵ ئەوەی داوای چەند پارچەیەکی لەو فڕۆکەیە بۆ نوێکردنەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی دروستکراوی ناوخۆیەکان و داوای (100) دانە لە کڕینی ئەو فڕۆکە ئەمریکییەى کردووە، ئەنقەرە لە ساڵی (2014) ڕایگەیاند کە (25) ملیار دۆلاری بۆ ئەو مەبەستە بە واشنتن داوە. دوای ڕادەستکردنی ئەو برە پارەیە بڕیاردرا بە پێدانی شەش دانە لەو فڕۆکەیە بە ئەنقەرە، بەڵام بەهۆی پێشهاتێک  و ناڕەزایەتییەکانی کۆنگرێس ئەو فڕۆکانە نەتوانرا بگاتە دەستی تورکیا هەر لە ئەمریکا مایەوە.

هۆکاری دەرکردنی تورکیا لە بەرنامەکانی پرۆژەی فڕۆکەی جەنگی ئێف (35)

بە بڕیاری کۆنگرێس و واژۆی ترەمپ، بەهۆی دەستگیرکردنی هەندێک هاووڵاتی ئەمریکا لە تورکیا و کڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی (ئێس 400) لە ڕووسیا لە ڕاگەیێندراوێکی فەرمیدا لە (21)ـی نیسانی ساڵی (2021)، لەلایەن ئەمەریکاوە تورکیا لە بەرنامەکانی فڕۆکەی جەنگی ئێف (35) دوورخرایەوە.

گرنگی ئەو جۆرە فڕۆکەیەش دوای ئەوە دێت، کە ئەو فڕۆکەیە بە پێشکەوتوترین نموونەی تەلنەلۆژی نەوەی پێنجەمی فڕۆکەی جەنگی (ئێف 35) دادەنرێت، لەتوانایدایە لەبەردەم ڕاداردا خۆی ونبکات و بێ ئەوەی لە رادار دەکەوێت دەتوانێت ئامانجەکەی بپێکێت، لەتوانایدایە بە خێرایی (1900) کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بفرێت و توانای ماتۆڕی (9) گرامی هەیە و لە هەر بارودۆخێکی سەختدا توانای نۆ هێندەی هێزی کێشکردنی لەئاسماندا هەیە.

فڕۆکەی جەنگی (ئێف 35) لە هەموو جیهاندا خاوەنی بە نرخترین پرۆگرامی سەربازییە و بە هاوکاری زیرەکی دەستکرد لەتوانایدایە بە سیستەمی هەستەوەری کاربکات و لەیەک کاتدا دەتوانێت ئامانجەکەی بپێکێت و زانیاریی هەواڵگریی بدات بە فڕۆکە و کەشتی دەریایی هێزە سەربازییەکان.

ئەو فڕۆکەیە بە ئەمەریکاوە لەئێستادا لە (20) وڵاتی دیکەدا هەیە، هەروەها نرخی هەردانەیەکیان (80) ملیۆن دۆلارە، هەر چەندە تورکیا بڕی یەک ملیار و (400) ملیۆن دۆلای بە واشنتن داوە، بەڵام تاوەکو ئەوکاتە نە فڕۆکەی پێدراوە و نە چارەنووسی پارەکەشی دیارە تەنیا ئەوەی تاوەکو ئێستا بە کردەوە کراوە چوونی ئەو شەش فڕۆکەوانەیە بۆ ئەمەریکا و بەشداریکردنیان بووە لەمەشق و چاڵاکییە سەربازییەکان بەو شەش فڕۆکەی جەنگی ئێف (35)ـەی کە دانراوە بۆ ئەنقەرە.

فڕۆکەی جەنگی (ئێف 35) لە کام وڵات هەیە؟

هەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، هەڵەندا، نەرویج، ئوستوراڵیا، ژاپۆن، کۆریای باشوور، ئیسرائیل، دانیمارک، بەلجیکا و پۆڵەندا بەفەرمی بەشداری پرۆژەکەن و خاوەنی ئەو جۆرە فڕۆکەیەن. هەروەها ئەو وڵاتانەی گڕبەستیان بۆ کڕینی ئەو جۆرە فڕۆکەیە واژۆکردووە پێکهاتوون لەم وڵاتانە، ئەڵمانیا، کەنەدا، فینلان، سویسرا، سەنگافور، یۆنان، کۆماری چیک و ڕۆمانیا. تورکیاش نزیکەی (24) ساڵە چاوەروانە لەبەدەستهێنانی فڕۆکەی جەنگی ئێف (35)ـی ئەمەریکی و تاوەکو ئێستا هەوڵدەدات بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین