ئەمەریکا بە تووندی وەڵامی هێرشەکانی ئێرانی دایەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئێران لە ئوردن، سێنتکۆم زنجیرەیەکی چڕی هێرشی بۆ سەر ئێران کۆتایی پێهێنا، کە بە هۆیەوە زیانی گیانی و ماددیشی لێ کەوتووەتەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە (30/7/2026) سوپای ئوردن ڕایگەیاند، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی مامەڵەیان لەگەڵ پێنج مووشەکدا کردووە کە لە ئێرانەوە بەرەو خاکی شانشینی ئوردن هاوێژرابوون، سەرجەم مووشەکەکان لە ئاسماندا پووچەڵکراونەتەوە و پێش گەیشتن بە ئامانجەکانیان تێکشکێنراون، و هیچ زیانێکی گیانی لە ئەنجامی ئەم ڕووداوەدا تۆمار نەکراوە. هەر لەمبارەیەوە چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە بەزاندنی ئاسمانی وڵاتانی دراوسێ لە لایەن تارانەوە، بازنەی ململانێکان بەرفراوانتر دەکات و مەترسیی جەنگێکی هەرێمیی گشتگیر زیاتر دەکات.

لە بەرانبەردا فەرماندەی باڵای ئەمەریکا (سێنتکۆم) ئاشکرای کرد، کە هێزەکانی ئەمەریکا بە سەرکەوتوویی زنجیرەیەکی چڕی هێرشیان بۆ سەر ئێران کۆتایی پێهێنا، ئەوەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو هەوڵە مووشەکییانەی کە هێزەکانی ئەمریکایان کردبووە ئامانج، بۆیە ئەمەریکا لەم هێرشانەدا دەیان پێگەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە ناوخۆی ئەو وڵاتە کردبووە ئامانج، کە لە نێویاندا سەنتەرەکانی فەرماندەیی سەربازی هەبوون. ناوچەکە لە گرژییەکی بەردەوامدایە و ئەمریکا دووپاتی دەکاتەوە بۆ پاراستنی هێزەکانی، وەڵامی هەر هەڕەشەیەک دەداتەوە کە لە لایەن ئێران یان گرووپە لایەنگرەکانیەوە ئەنجام بدرێت.

دوای هێرشەکانی ئەمەریکا میدیا فەرمییەکانی ئێران ڕایانگەیاند، کە هێرش کراوەتە سەر دوورگەی قشم و شاری ئابادان لە باشووری وڵات، ئەمەش دوای ئەوەی سوپای ئەمەریکا دەسپێکردنی گورزی نوێی بۆ سەر ئێران ڕاگەیاند، ئاژانسی ئیرنا ئاماژەی بەوە کردووە تیمەکانی فریاکەوتن لە دوورگەی قیشم سەرقاڵی گەڕانن بەدوای دوو کەسدا کە لەژێر داروپەردوی خانوویەکی ڕووخاو گیریان خواردووە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین