پەرلەمانی عێراق پێداچوونەوە بە چەند یاسایەک دەکات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت:

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای، دەبێت پێداچوونەوە بەو یاسایانەدا بکرێت کە پەیوەندییان بە گوزەرانی خەڵکەوە هەیە و ئەندامێکی لیژنەی یاسایش دەڵێت، داوا لە حکومەت کراوە تەمەنی یاسایی خانەنشینی هاوشێوەی پێشوو بکرێتەوە (63) ساڵ.

ئەمڕۆ سێشەممە (11/8/2026) جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، پێویستە پێداچوونەوە بەو یاسایانەدا بکرێت کە پەیوەستن بە ژیانی خەڵکەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی بژێوی و پێداویستییەکانی ژیاندا بگونجێن، چونکە مووچە دەبێت بەشی بژێوی هاووڵاتییان بکات و چاودێریی بەردەوامی تێچووی بژێوی و توانای کڕین بکرێت و پێداچوونەوە بە گوزەرانی سەرجەم مووچەخۆران لە فەرمانبەران، خانەنشینان، سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی بکرێت و گۆڕانکارییەکان خێزانی شەهیدانیش بگرێتەوە. 

بە گوێرەی لێدوانەکانی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، ڕاستەوخۆ دوای خۆپیشاندانی هاووڵاتیان و داواکردنی مافەکانیان، داوا ئاڕاستەی حکومەتی فیدڕاڵ کراوە کە بەپێی تواناکانی هەموارکردنەوەی پێویست ئەنجام بدات و پاڵپشتی سندوقی خانەنشینی بکات، چونکە هەموارکردنی یاساکە لێکەوتەی دارایی هەیە، ئاماژەی بەوەشکرد کە پەرلەمان وەک نوێنەری گەل بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە دەکات، هەر لەم بارەیەوە ئیبتسام هاشم هیلالی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان، ئاشکرایکرد کە ئەنجومەنی نوێنەران دەستی بە هەنگاوەکانی هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو کردووە بۆ وەڵامدانەوەی داواکاریی خانەنشینان و ڕێکخستنەوەی مافەکانیان.

ئیبتیسام هاشم هیلالی ئاماژەی بەوە دا، کە واژۆ لەلایەن پەرلەمانتارانەوە کۆکراوەتەوە بۆ پێشکەشکردنی داواکارییەکی فەرمی بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەمەبەستی هەموارکردنەوەی یاساکە، ڕاشیگەیاند، یەکێک لە دیارترین پێشنیازەکان ئەوەیە، تەمەنی یاسایی خانەنشینی هاوشێوەی پێشوو بکرێتە (63) ساڵ لەبری (60) ساڵ هاوکات جەختی کردەوە کە پێداچوونەوە بە چەندین ماددەی تری یاساکەدا دەکرێت بۆ ئەوەی مافی ئەو توێژە بپارێزێت و لە بەرژەوەندییاندا بێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین