گرووپە چەكدارەكانی عێراق رووبەڕووی شەڕی ناوخۆ دەكاتەوە؟ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت:

دوای بڕیارەکەی سەرۆک وەزیران بۆ ڕادەستکردنی چەک، گرژی دەکەوێتە نێوان بەرپرسانی باڵای عێراق و گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسریش دەڵێت، گەر لە ماوەی دیاریکراو چەکەکان ڕادەست نەکرێن وڵات دەکەوێتە ناو شەڕێکی ناوخۆییەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (19/8/2026) ئەبو میساق مەساری، ئەندامی رێکخراوی بەدر ڕایگەیاند، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەشێوەی تاکەکەسی و بە مەبەستی دانانی چەکەکانیان خەریکی دروستکردنی لێکتێگەیشتن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لێژنەیەکی دیاریکراو پێک نەهێنراوە، بۆیە هۆشداری دەدرێت لە ڕوودانی شەڕی ناوخۆیی ئەگەر تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوول نەگەنە ڕێککەوتن. هەڵوێستی گروپە چەکدارەکانیش دانانی چەند مەرجێکە لەم بارەیەوە، لەوانە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە خاکی عێراق، لەگەڵ ڕزگاربوونی ئابووری و بڕیاری سیاسی لەژێر هەژموونی ئەمەریکادا..

هاوکات عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر، ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر تاوەکو (30)ـی ئەیلوول گرووپە چەکدارەکان چەک دانەنێن، حکوومەت و گرووپە چەکدارەکان ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، ئەمەش وڵات دەخاتە ناو شەڕێکی ناوخۆییەوە. حکوومەتیش لە هەوڵدایە لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەری ئەم پرسە بکات، ئەگەرنا وڵاتەکە دەکەوێتە ناو قەیرانێکی نادیارەوە. ئەبو تراب تەمیمی پەرلەمانتاری عێراقیش بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە کەسێک پێشنیاز دەکات و ڕایدەگەیێنێت، تاکە کەسایەتی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە پەسەندکراو بێت هادی عامری، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدرە، چونکە گرووپە چەکدارەکان ڕێزی دەگرن و توانای ڕازیکردنیانی هەیە.

ئەم گرژییانە دوای ئەمە دێت، کە عەلی زەیدی سەرۆکی حکوومەتی عێراق ڕۆژی (30)ی ئەیلوولی (2026)ـی وەک دوامۆڵەت بۆ چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان و خستنەگەڕی چەکەکانیان بۆ ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت دیاری کردووە، ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی دروستبوونی ناکۆکی و دابەشبوون لە نێو سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بەشێکیان پشتگیری لە هەنگاوەکانی سەرۆک وەزیران دەکەن، بەڵام بەشێکی دیکەیان ترسیان لە ڕوودانی پێکدادانی چەکداری هەیە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین