وەزارەتی خوێندنی باڵا پەیوەندیی نێوان مامۆستا و قوتابی بە ڕێنمایی ڕێكدەخات راپۆرت و شیکاری

نوچە نێت:

ئا: ئەحمەد زرار

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوێکی تایبەت، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی چۆنییەتی ڕەفتاری وانەبێژانی زانکۆ لەناو هۆڵی وانەوتنەوە و لەگەڵ قوتابییەکانیان دیاری دەکات و بەپێی ئەو ڕێنماییە چاودێری هەر هەوڵێکی قوتابیش دەکرێت کە لەپێناو پشێوی و ئاژاوەگێڕی لەناو زانکۆدا ئەنجام بدرێت. 

 

ڕەفتاری مامۆستای زانکۆ دەبێت چۆن بێت؟

ڕۆژی یەکشەممە (14/9/2026) وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "لە پێناو دیاریکردنی ستانداردەکانی ڕەفتاری پیشەیی مامۆستایان و ڕەفتاری قوتابیان/ خوێندکارانی زانکۆ لە خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا و بۆڕدی کوردستانی لە گشت زانکۆ و ئەنجوومەن و دەستە و کۆلێژی زانکۆیی و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان" بڕیار دراوە کە مامۆستا "نابێت جیاوازی لە نێوان قوتابییان لەسەر بنەمای (جیاوازی ئایینی، نەتەوەیی، ڕەگەزی، ڕەچەڵەک و بیروڕا و ئینتیمای سیاسی و زمان و کلتوور و بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و شێوە و ڕوخسار...تاد.) بکات" هەروەها بە هیچ شێوەیەک "هەوڵ بدات پەیوەندی کەسی و سۆزداری لەگەڵ قوتابیدا دروست بکات" و ئەگەر هاتوو مامۆستا "پڕۆسەی هاوسەرگیری لەگەڵ قوتابی خۆی لە کاتی خوێندندا ئەنجام بدات، پێویستە مامۆستا بگوازرێتەوە دەرەوەی بەش و کۆلێژ و پەیمانگاکەی، مافی وانەوتنەوەی لەو بەشەدا نابێت".

سەبارەت بە پرسی سێکس و ناچارکردنی قوتابی بۆ ئەم کارە، لە ڕێنماییەکەی وەزارەتدا هاتووە، کە "هەراسانکردنی سێکسی بەرامبەر قوتابیان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە" تەنانەت مامۆستا نابێت "پەیوەندی تەلەفۆنی تایبەت و کەسی لەگەڵ قوتابیدا بکات" بەڵکو دەبێت پەیوەندییەکان لە چوارچێوەی ڕێگا فەرمییەکانی وەک بەکارهێنانی ئیمێڵی فەرمی زانکۆ بێت. هەروەها مامۆستا لێی قەدەغە کراوە "دیاری لە قوتابی وەربگرێت" چونکە بە بەرتیل هەژمارە و دوای لێکۆڵینەوە و سەلماندنی ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند دەکرێت. 

شێوازە دەرکەوتنی مامۆستا لەناو پۆل پرسێکی هەستیارە و مامۆستا "نابێت لەژێر کاریگەری خواردنەوەی کحولی سەردانی حەرەمی زانکۆ بکات و بچێتە نێو هۆڵی خوێندن یان هەر دامەزراوەیەکی سەر بە وەزارەت" تەنانەت مامۆستا نابێت "لە شوێنی گشتی بە شێوەی نەشیاو دەربکەوێت چ لەڕووی ڕەفتار یان ڕووخسار"ەوە بێت. 

 

ڕەفتاری قوتابیی زانکۆ دەبێت چۆن بێت؟

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا چەند ڕێنماییەکی تایبەت سەبارەت بە چۆنیەتی ڕەفتاری قوتابی دیاریکراوە و ئەگەر وەکو خۆی لەلایەن قوتابییەوە جێبەجێنەکرێت ئەوا بەپێی ڕێنمایی ژمارە (2)ی ساڵی (2009) ڕەفتاری نەشیاو و نەگونجاوی قوتابی بە تاوان و سەرپێچی هەژمار دەکرێت و ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند دەکرێت، وەک لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، قوتابی نابێت "هەوڵ و کۆششی خۆی بدات بۆ بەدەستهێنانی نمرە و پێوەرەکانی هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوە لە بابەتەکان" یاخود پەنا بباتە بەر "ڕێگا نازانستی و نایاساییەکانی وەک (خزمایەتی و واستە...تاد.)" سەبارەت بە ڕەفتاری قوتابی لەگەڵ مامۆستادا، قوتابی نابێت "هەوڵ بدات چهیچ جۆرە هەڕەشە و فشارێک لە ناوەوەی زانکۆ یان لە دەرەوەی زانکۆ لە مامۆستای بابەت بکرێت بۆ پرسی زیادکردنی نمرە و پیدانی پرسیاری تاقیکردنەوە و یارمەتیدان بە مەبەستی دەرچوون" سەرەڕای ئەوەش قوتابی بە هەر جۆرە ئامانجێک بێت "نابێت هەوڵ بدات پەیوەندی کەسی و سۆزداری لەگەڵ مامۆستا دروست بکات" و نابێت "پەیوەندی تەلەفۆنیش بۆ مامۆستا ئەنجام بدات" جگە لەم ڕێگایانەی کە زانکۆ دیاریکردووە وەک، "ئیمێڵ یان بەکارهێنانی سیستەمی بەڕێوەبردنی فێرکردن – LMS".

قوتابی نابێت "داوای بانگێشتی میوانداری لە مامۆستایان و ستافی کارگێڕی بکات بۆ مەبەستی" نانخواردن و کات بەسەربردن لەگەڵ مامۆستادا. هەروەها ڕێگاپێدراو نییە بۆ قوتابی و "نابێت وێنە و ڤیدیۆی مامۆستا بگرێت یان تۆماری دەنگی وانەکان بکات لە کاتی پڕۆسەی وانەوتنەوە بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندی پێشوەختەی مامۆستای بابەت و سەرۆکایەتی بەشی زانستی." 

هەر لە بارەی پەیوەندی نێوان مامۆستا و قوتابییەوە، لە قوتابییان قەدەغە کراوە کە "بە ناوی خۆی ناوی مامۆستا بهێنێت (ناوی خودی مامۆستا بهێنێت)، بەڵکو پێویستە بە پێشگری (مامۆستا) بۆ هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و (دکتۆر) بۆ هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا ناوی بهێنێت، چونکە پێشگری ئەکادیمی و نازناوی زانستی بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان وەرگیراوە." 

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی "لە پێناو ڕەچاوکردنی بارودۆخی دارایی قوتابیان و هەوڵدان بۆ درووستنەبوونی چینایەتی و دروستنەبوونی کاریگەری نەرێنی لەسەر پڕۆسەی خوێندن، نابێت بۆنە تایبەت و کەسییەکانی وەک (ڕۆژی لەدایکبوون و یادی هاوسەرگیری و...تاد.) لەناو حەرەمی زانکۆ ئەنجام بدرێت" و نابێت بە هیچ شێوەیەکیش خواردن و خواردنەوە بەبێ مۆڵەتی زانکۆ بهێندرێتە ناو حەرەمی زانکۆ. قوتابی دەبێت ئاگادار بێت لە فڕێدانی پاشماوەی پیسی چونکە لەمەولا بەپێی یاسا سزای لەسەرە و لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، بۆیە پێوسیتە سەرەڕای پاراستنی زانکۆ لە پیسییەکان هەموو ئەو کەلوپەلانەش بپارێزێت کە زانکۆ بۆی دابین کردووە و پێوسیتن بۆ خوێندن و فێربوون. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین