ئەو زەوییانەی لەلایەن حیزبی بەعسەوە زەوت کرابوون بۆ خاوەنەکانیان دەگەڕێندرێتەوە
ئەحمەد زرار: نوچە نێت
ئەمڕۆ دووشەممە (7/9/2026) ئاری تەها، ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی ڕێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ و بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی لە دیوانی پارێزگای کەرکووک ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەکانیان دەنگی لەسەردرا و بووە یاسا، ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی بە سەرۆکایەتیی نوێنەری فەرمانگەی یاسایی لە ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران پێکهێنا، دوای پێکهێنانی لیژنەکە، لە ماوەی نزیکەی یەک مانگدا سێ کۆبوونەوەمان کرد و ڕێنماییەکانی یاساکەمان نووسینەوە و رەوانەی ئەمینداریەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانمان کرد، دواتریش رەوانەی ئەنجوومەنی دەوڵەتی شوورا کرا بۆ ئەوەی لە رووی یاسایی و زمانەوانییەوە وردبینیی تێدا بکرێت، چونکە ئەرکی سەرەکیی لیژنەکە تایبەت بوو بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حیزبی بەعس و گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان.
ئاری تەها گووتیشی، دوای چاوەڕوانییەکی زۆر، ئەنجوومەنی دەوڵەتی شوورا کارەکانی خۆی تەواو کرد و رەوانەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردەوە. ئێستا نووسراوەکە لە بەردەم سەرۆکوەزیرانە بۆ ئەوەی واژۆی لەسەر بکات و ڕەوانەی وەزارەتی دادی بکات، تاوەکو لە ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاوبکرێتەوە و جێبەجێبکرێت. هەر لەم بارەیەوە سەعدیە عەباس، نوێنەری وەزارەتی دادی عێراق لە لیژنەی نووسینەوەی رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ، ئاماژەی بەوە دا، ئەمڕۆ بەدواداچوونم بۆ ئەو پرسە کرد و بڕیارە بەم نزیکانە بخرێتە بەرنامەی کاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ پەسندکردنی ڕێنماییەکان.
هاوکات شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکرای دەکات، کە یاساکە دوو بڕگەیە؛ یەکەمیان هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی عەرەبە هاوردەکانە و دووەمیشیان گەڕاندنەوەی زەوییەکانە بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان، دوای دەنگۆی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەش ئێستا گوشار لەسەر جووتیارانی کورد کەم بووەتەوە، بەتایبەتی لە ناوچەی سەرگەڕان، چونکە عەرەبە هاوردەکان دەزانن بابەتەکە بووەتە یاسا و هەرچەندە هەوڵ بدەن، زەوییەکان بۆیان ناگەڕێنەوە. ئێستا ئەوان زیاتر بیریان لای قەرەبووکردنەوەیە نەوەک داگیرکردنی زەوییەکان.
هۆکاری دواکەوتنی ڕێنمایی گەڕانەوەی زەوییەکان چییە؟
لەم بارەیەوە عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لەبارەی دەرنەکردنی رێنماییەکان بۆ جێبەجێکردنی یاساکە باسی لەوە کرد، کە جێبەجێنەکردنی ئەو بڕیارە هۆکاری سیاسی لەپشتە، بۆیە بەم شێوەیە دواکەوتووە، بۆیە داوا لە لایەنە کوردستانییەکان دەکەم گوشار بکەن بۆ ئەوەی رێنماییەکان دەربکرێن و یاساکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە ئەو زەوییانەی بەهۆی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حیزبی بەعس کێشەیان بۆ دروست بووە، نزیکەی (300) هەزار دۆنمن و ئەوانەشی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کاروباری باکوور دەیانگرێتەوە، لەنێوان (800) بۆ (900) هەزار دۆنم زەوین لە سنووری پارێزگای کەرکووک؛
بە گوێرەی زنیارییەکان تەنیا لە ناوچەی گورزەیی، نزیکەی (1,300) دۆنم زەویی کورد بەناوی عەرەبێکەوە کراوە کە خەڵکی پارێزگای نەینەوایە و لە کەرکووک قەرەبوو کراوەتەوە
هاوکات محەممەد ئەمین، یەکێک لە نوێنەرانی جووتیارانی کەرکووک، سەبارەت بە دواکەوتنی بڕیارەکە دەڵێت، هۆکاری سیاسی لەپشت دواکەوتنی دەرچوونی ڕێنماییەکانی یاساکەیە، چونکە لەگەڵ جێبەجێکردنی یاساکە، نزیکەی (800) هەزار دۆنم زەوی دەگەڕێتەوە بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان.
نوێنەرەکەی جووتیارانی کەرکووک ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە ساڵی (2012)دا بڕیاری ژمارە (29) لەبارەی زەویی (49) گوندی جووتیارانی شوان و قەرەهەنجیر دەرکراوە و ئەم ساڵ ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی دەستیپێکردووە و لە یاساکەشدا ئاماژە بەوە کراوە کە ژمارەیەک زەوی دراونەتە وەزارەتەکانی بەرگری، دارایی، نەوت، یان بۆ بەرژەوەندیی گشتی دیاری کراون و ناگەڕێنرێنەوە، بەڵام ڕووبەرەکەیان زۆر نییە و ئامارێکی ورد لەبەردەستدا نییە.
ساتع کەرکووکیش کە نوێنەرێکی دیکەی جووتیارانی کەرکووکە، دەڵێت، لە رێگەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشەوە سەرەڕای ئەوەی نزیکەی (300) هەزار دۆنم زەوی دەگەڕێنەوە؛ بەڵام هەندێک زەوی ناگەڕێنەوە، چونکە بوونەتە موڵکی دەوڵەت و هەندێکیشیان پڕۆژەی کۆمپانیای گازی باکوور، فڕۆکەخانەی کەرکووک، یان یەکە و گەڕەکی نیشتەجێبوونیان لەسەر دروست کراوە.
جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە لە کاتێکدایە کە ئەو بڕیارانەی ئێستا هەڵوەشێندراونەتەوە، لەنێوان ساڵانی (1975) بۆ (1984)ەوە لەلایەن حیزبی بەعس دەرکراون، بە پێی بڕیارەکە ئەو عەرەبە هاوردانەی زەوییەکانیان لێوەردەگیرێتەوە و دەدرێتەوە بە خاوەنە ڕەسەنەکانیان کە کورد و تورکمانن، لە بەرامبەردا لە شوێنی دیکە زەوییان پێدەدرێت و ئەو خەرجییانەش کە لەسەر زەوییەکان کردوویانە، بە پارە بۆیان قەرەبوو دەکرێتەوە.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment