لایەن و بەرپرسانی سیاسی لەبارەی پێدانی مەدالیای رێز بە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی چی دەڵێن؟! راپۆرت و شیکاری

نوچە نێت: تایبەت

ئامادەکردن: چرا کوردستانی

پێشەکی 

ڕۆژی چوارشەممە، 8ی تەممووزی 2026، وڵاتی ئیتاڵیا لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا لە ھەولێر، بەرزترین پلەی ڕێزلێنانی فەرمیی خۆی بەخشییە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان. نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق، بە نوێنەرایەتیی سێرگیۆ ماتەرێلا، سەرۆککۆماری ئیتاڵیا (مەدالیای ئەستێرەی ئیتاڵیا)ی بەخشییە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ئەم مەدالیایە لە ساڵی 1947 دامەزراوە و لە ساڵی 2011 چاکسازی لە یاساکەیدا کراوە. خەڵاتەکە لەلایەن سەرۆک کۆماری ئیتاڵیاوە، لەسەر پێشنیازی وەزیری دەرەوە، دەبەخشرێتە ئەو کەسایەتییە بیانیانەی کە ڕۆڵێکی بەرچاو و کاریگەریان هەبووە لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەیان و ئیتاڵیا.

 

بۆچی مەدالیایە بە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی بەخشرا؟

وەرگرتنی ئەم مەدالیایە لەلایەن بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەیەکی ڕوونی دیپلۆماسییە بۆ پێگەی هەرێم لە ناو سیاسەتی دەرەوەی ئیتاڵیا و ئەوروپا. حکوومەتی ئیتاڵیا بەم هەنگاوە دووپاتی دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی جێی متمانەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەم مەدالیایە پەیامێکی سیاسیی گرنگیشی تێدایە؛ ئەوەش نیشاندانی پاڵپشتیی بەردەوامی ڕۆمایە وەك یەكێك لە پایتەختە سیاسییە گرنگەكانی جیهان بۆ سەقامگیری و گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی دوای شەڕی تیرۆردا. بڕیاری بەخشینی ئەم خەڵاتە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی ترەمپ و هاوپەیمانەکانی ئەوروپا لە ناتۆ، جەخت لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو لایەنانە دەکەنەوە کە ڕۆڵیان لە ئاسایشی ناوچەییدا هەیە.

بەپێی پێوەرەکانی ئیتاڵیا، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وەک "ئەندازیاری فراوانخوازیی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و دیپلۆماسییەکان" و وەک کەسایەتییەکی ئاشتیخواز و پابەند بە بنەماکانی مفی مرۆڤ بینراوە.

دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "پێدانی ئەم مەدالیایە هەر لەخۆوە نەبووە، بەڵکو بەرهەمی هەڵسەنگاندنی چەندین ساڵەی رابردووی ئیتاڵیا بووە بۆ شێوازی بەڕێوەبردن و سەرۆکایەتیکردنی حکومەت و هەرێمی کوردستان لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە."

بەخشینی ئەم مەدالیایە بە پلەی "خاچی گەورە" (کە بەرزترین پلەی ئەم خەڵاتەیە) بە نێچیرڤان بارزانی، وەک ڕێزلێنانێکە بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دوولایەنەکان لە چەند بوارێکی ستراتیژیدا.

 

مەدالیای خاچی گەورە و پەیامی لایەنە سیاسییەكان

دوای پێدانی ئەم خەڵاتە بە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە لەنێو لایەنە سیاسییەكان، بەرپرس و كەسایەتیییە سیاسییەكان لە پێگە و لایەنە جیاوازەکاندا. لەوبارەیەوە نووسینگەی ڕاگەیاندنی، عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، "بە بۆنەی بەخشینی یەکێک لە خەڵاتە بەرز و بەڕێزەکانی ئیتاڵیا بە کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم پێشکەشی بەڕێزی دەکەم".

هاوکات لە بارەی دونیابینی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، عیماد ئەحمەد دەڵێت، "ئەم خەڵاتە بۆ من تەنیا ڕێزلێنان لە سەرۆکێک نییە، بەڵکو ڕێزلێنانە لە پیاوێک کە ساڵانێکە بە دڵسۆزی، میانرەوی، ئارامی، دووربینی و توانای دروستکردنی متمانە، لە قۆناغە هەستیارەکانی مێژووی هەرێمی کوردستاندا ڕۆڵیکی دیار و کاریگەری هەبووە".

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەكێتیی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "کاتێک بیر لەو ڕۆژانە دەکەمەوە کە لە کابینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکەوە کارمان دەکرد، وێنەی پیاوێکم لەبەرچاوە کە لە بڕیارداندا ئازا و متمانەبەخۆ بوو، لە مامەڵەدا میانڕەو و خۆشڕەفتار، لە هاوڕێیەتیدا دۆست و ڕەفیق، لە خوێندنەوەی ڕووداوەکاندا دووربین و وردبین بوو".

هەروەها عیماد ئەحمەد لە وەسفی سەرۆک نێچیرڤان بارزانیدا دەشڵێت، "هەندێک پۆست و پلە بە تێپەڕبوونی  کۆتایی دێن، بەڵام ئەوەی لە یادەوەریی مرۆڤەکاندا دەمێنێتەوە، شێوازی مامەڵە، ڕیزگرتن لە مرۆڤە و توانای پاراستنی لەو کەسانەیە کە دەتوانێت لەگەڵ جیاوازییەکاندا گفتوگۆ بکات و لەناو قەیراندا، دەرگای هیوا و چارەسەر کراوە بهێڵێتەوە".

عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی گوتی، "لە دڵەوە پیرۆزبایی لە کاک نێچیرڤان بارزانی دەکەم و هیوادارم ئەم ڕێزلێنانە نێودەوڵەتییە ببێتە هاندەرێکی زیاتر بۆ بەردەوامبوون لە خزمەت بە ئاشتی، پێکەوەژیان، گفتوگۆ و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان".

لەکۆتایی پەیامەکەشیدا عیماد ئەحمەد جارێکی دیکە پیرۆزبایی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و ڕایگەیاند، "پیرۆز بێت، کاک نێچیرڤان؛ هەندێک خەڵات بە سنگەوە هەڵدەواسرێن، بەلام خەڵاتی ڕاستەقینە ئەو متمانەیەیە کە مرۆڤ لە دڵی خەڵکدا بەجێی دەهێڵێت".

 

قوباد تاڵەبانی:

ڕۆژی چوارشەممە (2026/07/08) قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا پیرۆزبایی لە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد بە بۆنەی وەرگرتنی مێدالیای ڕێزلێنانی ئەستیرەی ئیتاڵیا بە پلەی "سوارچاکی خاچی مەزن".

هاوکات قوباد تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا گوتیشی، "بەندە و هەموو ئەوانەی لە نزیکەوە دەیناسین، شاهیدی بۆ دەدەین کە هەمیشە هەوڵ دەدات کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە چارەسەر بکات". هەروەها سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە “سەرکردەیەکی نێودەوڵەتی و خاوەن دیدگا وەسف دەکات.

سەبارەت بە شێوازی کارکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کردووە و دەڵێت، "ئەم شێوازە سیاسەتکردنەی بەڕێزیان بۆ کوردستان، عێراق و ناوچەکە کە پڕە لە ململانێ و ناکۆکیی توند و نا پێویست، زۆر گرنگ و پێویستە".

 

مەکتەبی سیاسیی پارتی: ئەم خەڵاتە بەهایەكی بەرزی نێودەوڵەتییە هەیە

ڕۆژی پێنجشەممە (2026/07/09) دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا دەڵێت، "بەبۆنەی بەخشینی بەرزترین مێدالیای سڤیلی سەرۆک کۆماری ئیتاڵیا بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستە دەکەین، لە خۆمان و گەلەکەمان".

هاوکات لە پەیامەکەدا هاتووە، "بەخشینی ئەم خەڵاتە بەها بەرز و نێودەوڵەتییە، ئاماژەی بۆ پێگە و کاریگەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆ نێودەوڵەتیی، هەوڵ و هەنگاوەکانی بۆ بەهێزکردنی دیپلۆماسییەتی هەرێمی کوردستان و پتەوکردنی پەیوەندییەکان و پێکەوەژیان و پاراستنی بەها هاوبەشەکان".

 

فراکسیۆنی یەکێتی: بەخشینی ئەم مەدالیایە بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان جێگای شانازییە

ڕۆژی هەینی (2026/07/10) فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، لە ڕاگەیێندراوێكدا، بەبۆنەی بەخشینی بەرزترین خەڵاتی ڕێزی ئیتاڵیا بە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لێ دەکات و ڕایگەیاند، "بەخشینی مێدالیای ڕێزلێنانی ئەستێرەی ئیتاڵیا بە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جێگای شانازییە" و دەشڵێت، "ئەم خەڵاتە، دانپێدانانە بەو نەهجە میانڕەوییەی بەڕێزیان کە هەمیشە هەوڵیداوە پێکەوەژیان و لێکتێگەیشتن بکاتە بنەمای سیاسەتکردن".

هەر لە پەیامەکەشدا هاتووە، لەم قۆناغەدا، "یەکڕیزیی و پێکەوە کارکردنمان لە کوردستان، کلیلی پاراستنی دەستکەوتەکانمانە، هیوادارین ئەم دەستکەوتە، وزەیەکی نوێ بێت بۆ بەهێزکردنی کولتووری تەبایی و کاری هاوبەش لەپێناو ئایندەیەکی سەقامگیرتر بۆ هاوڵاتییانمان لە هەرێمی کوردستان".

هاوکات سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پیرۆزبایی مێدالیای ئەستێرەی ئیتاڵیا لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و پێی دەڵێت، "جەنابت کەسایەتییەکی ناسراوی نێودەوڵەتیی زۆر رێز لێگیراوی.. هەر بمێنی و شایانی خەڵاتی لەوەش زیاتری".

هەر لەبارەی پێدانی بەرزترین مێدالیای رێزی ئیتاڵیا بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەرسەلان بایز، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ئەم خەڵاتە سەربەرزییە بۆ هەموو گەلی کورد.

 

سەرچاوەکان

ــ نێچیرڤان بارزانی سەرکردەیەکی نێودەوڵەتی و خاوەن دیدگایە، قوباد تاڵەبانی، نووچەنێت.

ــ دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی لە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەکات، نووچەنێت.

ــ ئەم خەلاتە ڕێزلێنانە لە سەرۆکێکی میانڕەو و دووربین، عیماد ئەحمەد، نووچەنێت.

ــ فراکسیۆنی یەکێتی پیرۆزبایی لە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەکات.

ــ ئەرسەلان بایز لەبارەی پێدانی بەرزترین مێدالیای ئیتاڵیا دەدوێت.

ــ سەعدی ئەحمەد پیرە پیرۆزبایی لە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەکات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین