دوای چەندین ساڵ رووفاتی بەشێک لە قوربانییانی ئێزدییەکان دەگەڕێندرێتەوە کوردستانی

نوچە نێت:

لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، کاروانی رووفاتی قوربانییانی جینۆسایدی ئێزدییەکان ڕادەستی کەسوکاریان دەکرێتەوە و (25) قوربانی لەخۆدەگرێت، تەمەنیشییان لە نێوان (12) بۆ (70) ساڵیدایە و لە ساڵی (2014)ـەوە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆستی داعشەوە لە شنگال کوژراون.

ڕۆژی شەممە (2026/09/26) بەگوێرەی زانیارییەکان، لە (1)ـی تشرینی یەکەمی (2026)، نۆیەمین کاروانی رووفاتی قوربانییانی جینۆسایدی ئێزدییەکان ڕادەستی کەسوکاریان دەکرێتەوە، ئەم پڕۆسەیە دوای تەواوبوونی پشکنینی پزیشكی و ناسینەوەیان دێت، کە زیاتر لە (6) ساڵە لە بەشی پزیشکی دادوەری لە بەغدا ماونەتەوە.

ئەم کاروانە رووفاتی (25) قوربانی لەخۆدەگرێت، کە زۆربەیان خەڵکی گوندی کۆجۆن، تەمەنی قوربانییەکان لە نێوان (12) بۆ (70) ساڵیدایە و لە ساڵی (2014) لەلایەن رێکخراوی داعشەوە لە شنگال کوژراون؛ سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەچوونی مەراسیمەکە، سەرەتا رووفاتەکان بۆ مۆنۆمێنتنی یادگاری لە شنگال دەگوازرێنەوە و ڕێوڕەسمێکی تایبەت بۆ پێشوازیکردن لێیان ساز دەکرێت، دوای تێپەڕبوونی کاتژمێرێک، هەر رووفاتێک ڕادەستی کەسوکارەکەی دەکرێتەوە تا لە گۆڕستانی تایبەت بەخاک بسپێردرێن.

هەر لەو بارەیەوە، ئەدیب لەتیف، بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی، ڕایگەیاند، "رووفاتی (153) قوربانی ئەنفال لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە بیابانەکانی سەماوە دۆزراونەتەوە کە هەر ئەمڕۆ شەممە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان و رووفاتەکان زۆربەیان ژن و منداڵن، خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانن، دوای تەواوبوونی ڕێکارەکان بە خاک دەسپێردرێن".

جێگەی ئاماژەپێدانە، لە ساڵی (2014)ـەوە تاوەکو ئێستا (96) گۆڕی بەکۆمەڵ لە شنگال دۆزراونەتەوە، جیا لە دەیان شوێنی ناشتنی تاکەکەسی، بەگوێرەی ئامارە بەردەستەکان، (78) گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدراونەتەوە و چاوەڕێ دەکرێت، (18) گۆڕی دیکە هەڵبدرێنەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین