عەلی زەیدی: كار بۆ داماڵینی چەکی سەرجەم گرووپە چەکدارە ناعێراقییەكان دەكەین عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت:

وەزارەتی دەرەوەی عێراق کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بە پێشهاتێکی گرنگ بۆ عێراق وەسف دەکات و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش سەبارەت بە پڕۆسەی چەک دانانی گرووپە چەکدارەکان دەڵێت، ڕۆژی (1)ی تشرینی یەکەمی (2026)، دەبێتە سەرەتایەکی جددی بۆ چارەسەرکردنی پابەندبوون بە مافە دەستوورییەکان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (1/10/2026) وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە (30)ی ئەیلوول ڕایگەیاند، ئەم پێشهاتە عێراق دەگوازێتەوە بۆ قۆناغێکی نوێ تاوەکو بەتەواوی بەرپرسیارێتیی ئاسایش و سەقامگیریی خۆی لە ئەستۆ بگرێت، ئەمەش بەشێکە لە چەسپاندنی سەروەری و سەربەخۆیی بڕیاری ئەمنی. هەربۆیە بە ڕێز و شکۆوە یادی قوربانیدانی شەهیدانی عێراق و قارەمانێتیی هێزە چەکدارەکان بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە، لەوانە هێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی دەکەینەوە و رۆڵیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تێکشکاندنی داعش بەرز دەنرخێنین.

 وەزارەتی دەرەوەی عێراق دووپاتی دەكاتەوە، کۆتاییهاتنی فەرمیی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بە واتای کۆتاییهاتنی هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دۆست نایەت، بەڵکوو هاوئاهەنگییە ئەمنییەکان لەسەر بنەمای پەیوەندیی دووقۆڵی، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش بەردەوام دەبن، کە بوارەکانی: ڕاهێنان، ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری و بنیاتنانی توانا سەربازییەکان دەگرێتەوە، بۆ ئەوەی رێگری لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و تووندڕۆیی بکرێت.

لەلایەكی دیكەوە، عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق ڕاگەیێندراوێكی تایبەت بەو ڕۆژە بڵاوكردەوە و دەڵێت، دەستکەوتێکی گەورەی نیشتمانییە بە کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و کشانەوەی تەواوەتی و کۆتایی هێزەکانیان (بە رێگەی وشکانی، ئاسمانی و دەریایی).

سەبارەت بە ڕادەستکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان زەیدی ئەوەی خستەڕوو، کە ڕۆژی (1)ی تشرینی یەکەمی (2026)، دەبێتە سەرەتایەکی جددی بۆ چارەسەرکردنی پرسی چەکی دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت و پابەندبوون بە مافە دەستوورییەکان، ئەمەش بەپێی نەخشەڕێگەیەکی روون و خشتەیەکی زەمەنیی ڕێککەوتن لەسەرکراو کە لە ڕۆژی (30)ی حوزەیرانی (2027) تێپەڕناکات و جێبەجێ دەکرێت، چونکە حکومەت کار دەکات بۆ داماڵینی چەکی سەرجەم ئەو گرووپە چەکدارە ناعێراقییانەی لەسەر خاکی عێراقن، بەشێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیریی وڵات بپارێزرێت و سنوورەکانی کۆنترۆڵ بکرێن.

هاوكات دڵنیاییشی دا، كە حکومەتی عێراق ڕێگە نادات خاک و ئاسمانی عێراق وەک ڕێڕەوێک بۆ هەر کارێک بەکاربێت کە هەڕەشە لە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ بکات.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین