دژەتیرۆری عێراق لەبارەی ڕووداوەکەی پردێ ڕوونکردنەوە دەدات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

بەهۆی کوژرانی دوو مێرمنداڵ لە ڕووبەڕووبوونەوەی ‌دژەتیرۆری عێراق لەگەڵ دوو چەکداری داعشدا؛ دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە ڕاگەیێندراوێکدا نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت و دەشڵێت، پاراستنی هاووڵاتییان و پارێزگاریکردن لە گیان و سەلامەتییان لە پێشینەی ئەرکەکانمانە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (1/10/2026) دەزگای دژەتیرۆری عێراق ڕایگەیاند، کە هێزەکانیان لە گەڕەکێکی قەرەباڵغی کەرکووک بەدوای دوو چەکدار کەوتوون کە یەکێکیان پشتێنی بۆمبڕێژکراوی بەستبوو و ئەوی دیکەیان چەکدار بووە و دەیانویست کردەوەیەکی تیرۆریستی لە ناوچەکە ئەنجام بدەن، بە مەبەستی ئەرکی ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی ئەو کردەوەیە لە نێوان هێزی دژەتیرۆر و تیرۆرستەکان گرژی دروست بوو و بەهۆیەوە یەکێک لە تیرۆریستەکان کوژرا و ئەوی دیکەش دەستگیر کرا، هەروەها لە ئەنجامی ئەم گرژییەدا دوو هاووڵاتی شەهید بوون و چوار کارمەندی دەزگای دژەتیرۆریش بریندار بوون.

دژەتیرۆری عێراق گووتیشی، کە دەستبەجێ دوای ڕووداوەکە و بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش پێکهێندراوە. هاوکات سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆریش فەرمانی داوە بەپێکهێنانی لیژنەیەکی ڕاستییەکان بۆ دیاریکردنی کەمتەرخەمان. هەر لەم بارەیەوە دەزگای دژەتیرۆری عێراق پەژارەی قووڵی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی ئەو دوو هاووڵاتییە دەردەبڕێت و پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی خانەوادەکانیان دەکات و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازێت.

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی دژەتیرۆری عێراق، پاراستنی هاووڵاتییان و پارێزگاریکردن لە گیان و سەلامەتییان لە پێشینەی ئەرکەکانی دژەتیرۆرە و لە پێناو دەرخستنی تەواوی ڕاستییەکان و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست لە ژێر ڕۆشنایی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا پابەندبوونی خۆشی بە یاسا و بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و پیشەیی دووپات دەکاتەوە.

ئەم ڕاگەیێندراوە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی (27)ی ئەیلوولی (2026)، لە ڕووداوێکدا لە ناحیەی پردێی سەر بە پارێزگای کەرکووک، دوو مێرمنداڵی کورد بە ناوەکانی محەممەد هێمن و موراد زانا، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی دژەتیرۆری عێراقدا لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ دوو چەکداری داعش، کوژران. کەسوکاری یەکێک لە دوو مێرمنداڵە کوژراوەکان و بەرپرسانی ناوچەکە، هێزە ئەمنییەکە بەوە تۆمەتبار دەکەن کە هەوڵی شاردنەوەی هەڵەیەکی کوشندەیان داوە لە ڕێگەی دانانی ناسنامەیەکی ساختەی داعش لە گیرفانی یەکێک لە مێرمنداڵە کوژراوەکان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین