شەش هەنگاوی گرنگ؛ ئامادەکارییەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ بواژندنەوەی کەرتی وزەی ئەمریکا راپۆرت و شیکاری

نوچەنێت

ئامادەکردنى: ژیوار سلێمان سەلکە

جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بەرەو مانگی دووەمی دەڕوات، ململانێکان قوڵتر بوونەتەوە و گرژییەکان زیاتر و سنووری جەنگەکە فراوانتر بۆتەوە بە جۆرێک کە لە ئێستادا، گەرووی هورمز خاڵی ستراتیژی و چەقی گفتوگۆ و دانوستانەکانە، درێژبوونەوەی ئەم جەنگە ئەوە دەردەخات کە بەرنامەیەکی تۆکمە و بەهێزی  بۆ دارێژراوە لەلایەن ئەم وڵاتانەوە بەتایبەتیش ئەمریکا، ئەمریکا  کە وەک کارەکتەرێکی بەهێزی جیهانی دەبینرێت، بە پلەی یەکەم لە ڕەوتە ئابوورییەکەوە بەشداری ئەم جەنگەیە، بەو پێیەی کە چەندین جار ئاماژەی بەوە داوە، ئامانجی ڕووخاندنی رژێمی ئێران نیە، بەڵکو باڵا دەست بوون لە بەرێوەبردنی نەوتی ئێراندا یەکێکە لە ئاماجەکانیان، هەروەها ئەمریکا بە چەند هەنگاوێك ئامادەکاریی بۆ بوژاندنەوەی کەرتی وزە و بەهێزکردنی ئابوورییەکەی كردووە، ئامانجی ئەوەیە، كە ببێت بە  ناوەندێکی سەرەکی هەناردەکردنی وزە لە جیهاندا، سەقامگیری نرخی وزە لە بازاڕەکانی جیهاندا بێنێتە ئاراوە.

هەنگاوی یەكەم: ڕاگەیاندنی ویستی ئەمریكا ، بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت .

لە کۆتاییەکانی مانگی دوانزەی ساڵی (2024) ، دۆناڵد ترەمپ لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا، بۆ جاری دووەم بوو بە سەرۆکی ئەمریکا، ترەمپ لە وتاری سوێند خواردنەکەی وەکو (47)مین، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا کە سەردەمی زێرین (Golden Age) لە ئەمریکا ئێستا دەست پێدەکات.

سەرۆکی ئەمریکا لە ووتارەکەیدا ئاماژەی بە گرنگی بە سامانە سرووشتیەکانی ولاتەکەیدا، کە خاوەنی یەدەگێکی باشی نەوت و گازە، تیشکی خستەسەر ئەوەی کە کۆمپانیا نەتەوەییەکان دووبارە دەست دەکەنەوە بە هەڵکەندنی بیرە نەوتەکان لە ژێر ناوی پرۆسەی (Baby Drilling)، ئەمریکا جارێکی دیکە دەبێتەوە وڵاتێکی بەرهەمهێنەری نەوت، هەروەها پلانی ستراتیژی لە بارەی هەناردەکردنی نەوتەوە بەجۆرێک باسکرا، ئەمریکا هەناردەی نەوت بکاتەوە بۆ هەموو جیهان و نرخی نەوت لە بازاڕەکانی وزەی جیهانی نزم بکاتەوە. ئامانجی  ترەمپ دووبارە بوژانەوەی کەرتی وزەی ئەمریکا بوو.

هەنگاوی دووەم: بڕیارە ئیدارەییەکانی کۆشکی سپی

ئامادەکارییەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا لە چوارچێوەی گۆرانکارییە سیاسیەکاندا بوو، لە ڕێگەدان و مۆڵەتی هەڵکەندنی بیرە نەوتی نوێ بوو لە کێڵگە نەوتیەکانی ئەمریکا، لە (2025/01/20)، ترەمپ چەندین بڕیاری لە بواری کەرتی وزەدا دەرکرد، ئامانج لەم بڕیارانە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بوو لە وڵاتەکەیدا، بڕیارەکان ڕاگەیاندنی باری نائاسایی وزەی نیشتمانی،کەمکردنەوەی بەربەستەکان و ڕێگەدانی مۆڵەتەکان بۆ کۆمپانیاکانی  بواری هەڵکەندن  بوون، نزیکەی (6000) هەزار مۆڵەتی کونکردن دراوە بە کۆمپانیاکان، ئەمەش (55%) ڕێژەی ڕێگەپێدانی بەرزتر کردۆتەوە بە بەراورد بە سەردەمی پێش دۆناڵد ترەمپ، ئەمە گرنگە چونکە مۆڵەتی زیاتر ڕێگە بە کۆمپانیاکان دەدات بیرە نەوتی نوێ هەڵبکەنن، ئەمەش وایکرد بەرهەمهێنانی ڕۆژانە بگاتە (13.5) ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە هەمان کاتدا یەکێک لە بڕیارەکان دووبارە کرانەوەی ئەو ناوچانە بوون بۆ وەبەرهێنان کە پێشتر قەدەغەکرابوون، هەروەها پەسەندکردنی پرۆژەی دەریایی و بۆڕی و ژێرخانی هەناردەکردن و فراوانبوونی بەرهەمهێنانی نەوتی شێڵی لە حەوزی پێرمیان.

دۆگ بورگوم، وەزیری ناوخۆی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "لەژێر سەرکردایەتی سەرۆک دۆناڵد جەی ترەمپ، ئێمە توانای تەواوی سەرچاوە دەریاییەکانمان دەکەینەوە بۆ ئەوەی سوود بە گەلی ئەمریکا بگەیەنن بۆ نەوەکانی داهاتوو".

سەبارەت بە گرێبەستەکانی فرۆشتنی نەوت لە ئەمریکادا لە دوای دەست بەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ واتە گرێبەستەکانی ساڵی (2025) و سەرەتای ساڵی (2026)، بەر لە دەستپێکی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیلدا کۆمپانیا ئەمریکییەکانی نەوت (ئیکسۆن مۆبیل و شیڤرۆن و ئینتەرپرایس پرۆداکت پارتنەر، ئینبێردج)  گرێبەستی درێژخایەنیان  واژۆکردووە لەگەڵ ئەوروپا و ئاسیا بۆ هەناردەکردنی نەوت.

هەنگاوی سێیەم: دەستبەسەرداگرتنی نەوتی ڤەنزوێلا

دوای سێ ڕۆژ لە دەستپێکردنی ساڵی نوێدا (2026/01/03)، ئەمریکا بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی هەڵیکوتایە سەر کۆشکی مادۆرۆی سەرۆکی ڤەنزوێلا، سەرۆکی وڵات دەستگیرکرا، ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلا مێژوویەکی دوور درێژی هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەقی ململانێکان کەرتی نەوت و وزە بوو، بەو پێیەی کە ڤەنزوێلا خاوەنی گەورەترین یەدەگی وزەی جیهانییە، بە بڕی (303) ملیار بەرمیل یەدەگی نەوت دەخەمڵێنرێت، ئامانجی ئەمریکا بەرهەمهێنان و پەرەپێدان بوو لە کێڵگە نەوتییەکانی ڤەنزوێلا.

دوای دەستگیركردنی مادۆرۆ، دۆناڵد ترەمپ، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانییدا هۆکاری دەستگیرکردنی مادۆرۆی بۆ بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر و تیرۆر  و دزینی نەوتی ئەمریکا گەڕاندەوە، ئاماژەی بەوەشدا وڵاتەكەی بۆ ماوەیەکی کاتی حکومدارێتی ڤەنزوێلا دەکەن، هەروەها هەناردەکردنی نەوتی ڤەنزوێلای گەڕاندەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی ئەمریکا تاوەکو پێکهێنانی حکومەتی نوێی ڤەنزوێلا،هەروەها کاردەکەن  بۆ گەڕاندنەوەی کۆمپانیا ئەمریکیەکان بۆ ناو ڤەنزوێلا  بۆ ئەوەی دەست بە دەرهێنان و وەبەرهێنان بکەن لە کەرتی نەوتدا، کۆمپانیای شێفرۆنی ئەمریکی  یەکەمین کۆمپانیا بوو کە دەستی بە کارەکانی کردەوە لە ناو خاکی ڤەنزوێلا.

لە بەرواری (2026/01/07)، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، نەوتی ڤەنزوێلا لەلایەن ئەمەریکاوە بە نرخی بازاڕ دەفرۆشرێت ڕاستەوخۆ سەرۆکی ئەمەریکا بەڕێوەبردنی داهاتەکەی دەکات تاوەکو دڵنیا بێت کە پارەکە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانی ڤەنزوێلا و ئەمەریکا خەرجدەکرێت و بەکاردەهێندرێتەوە".ئامانج لەم هەنگاوەی ترەمپ دابەزاندنی نرخی نەوت بوو لە جیهاندا، بەهۆی پچڕانی کاتی نەوتی ڤەنزوێلا لە بازارەکانی وزەدا نرخی نەوت بەرزبۆەوە.

هەنگاوی چوارەم: هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئێران

لە بەرەبەیانی (13) حوزەیرانی ساڵی (2025)دا، ئیسرائیل هێرشی مووشەکی بۆسەر وڵاتی ئێران دەستپێکرد، ململانێکان ماوەی دوانزە ڕۆژ بەردەوام بوو، لە هێرشەکاندا ئیسرائیل دامەزراوە ئەتۆمیەکانی ئێران و بنکە مووشەکیەکان و سەربازییەکانی ئێران بە ئامانج گیران و چەندین بەرپرسی سەربازی و زانایی ئەتۆمی کوژران، ئامانج لە هێرشەکان لاوازکردنی توانای ئەتۆمی و مووشەکیەکانی ئێران بوو، ئێران بە مووشەکی بالیستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە ئامانجیان شارەکان و شوێنە سەربازییەکانی ئیسرائیل بوو، تۆڵەی کردەوە، ئەمریکا پاڵپشتی ئیسرائیل بوو، بۆ ڕاستەوخۆ تێکدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، پاراستنی وزە و بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ناوچەکە و بەهێزکردنی کاریگەریی جیۆپۆلەتیکی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە ئەنجامی بەردەوامبوونی ململانێکان، ئێران  بەڕەزامەندی پەرلەمانی ئەو وڵاتە هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی کرد، وەک کارتێکی فشار بۆ وەستاندنی جەنگ لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل، هەرچەندە بە کردەیی جێبەجێی نەکرد، بەڵام دڵەراوکێیەکی زۆری بۆ وڵاتانەی دەرەوەی بازنەی جەنگەکە دروستکرد لە ئەگەری لێکەوتەکانی داخرانی گەرووەکە و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی وزەی جیهاندا، بەڵام زۆری نەخایاند ئێران لەسەر بنەمای بەرنامە ئەتۆمییەکەی جارێکی دیگە گەڕایەوە سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستاندنەکان دەستیپێکردەوە و ئاگربەست ڕاگەیێندرا.

دوای کەمتر لە ساڵێک و دوای ئەوەی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سەبارەت بەوەستاندنی پیتاندی یۆرانیۆم و مووشەکی بالیستی گەیشتە بنبەست، لە (28)ی مانگی شوباتی ئەمساڵدا ئەمریکا و ئیسرائیل بە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش هێرشی  مووشەکی ئاسمانیان کردە سەر ئێران، لە ئەنجامی هێرشەکاندا عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران کوژرا، دوا بە دوای ئەوە چەندین سەرکردەی سەربازی و سیاسی ئێران کوژران، ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، جگە لە هێرشی پێچەوانە بۆسەر ئەم دوو وڵاتە، ڕووی هێرشەکانی کردە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاماژەی بەوەدا بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بە ئامانج دەگرێت ، بەڵام  لەگەڵ ئەوەشدا ژێرخانی نەوت  و گازی وڵاتانی بە ئامانج گرت. بەمەش ئاڕاستەی جەنگەکە تاڕادەیەک لە جەنگی سەربازیی نێوان سێ دەوڵەتەوە گۆڕا بۆ جەنگی ئابووریی جیهانی.

ئامانجی هێرشەکانی ئیران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو، بە ئامانج گرتنی ژێرخانی وزەی ئەم وڵاتانە پەلکێشکردنیان  بوو بۆ ناو جەنگێک،  کە هەڵگیرسانی جەنگەکە  پەیوەندییەکی ڕاستەخۆی بەو وڵاتانە نەبوو،  بەڵکو هەبوونی هاوپەیمانە ئەمنیە ئەمریکییەکان بوو لەو وڵاتانەدا، بەڵام لێدان لە ژێرخانی نەوت واتە لێدانە لە کۆڵەکەی ئابووری وڵاتان، ئێران ئامانجی بوو ئەم وڵاتانە وەک کارتێک بەکاربهێنیت بۆ فشارکردنە سەر ئەمریکا بۆ وەستاندنی جەنگەکە.لە هێرشەکاندا، سعودییە، قەتەڕ، ئیمارات، کوەیت، بەحرەین  لە ڕیزبەندی یەکەم بوون لە زیانە ئابوورییەکان، هیڕشەکان بۆسەر قەتەر  بۆ وایکرد  و ژێرخانی گازی ئەم وڵاتە تووشی داڕمان بێت و باری نائاسایی لە وڵاتەکە ڕاگەیاندرا، بەرهەمهێنانی گاز و هەناردەکردنی بە تەواوی وەستا  شراەزاین ئەوەیان خستەڕوو ، چاککردنەوەی کێلگە گازییەکانی ئەم وڵاتە نزیکەی پێنج ساڵی پێویستە.

لە پێنجەم ڕۆژی جەنگەکەدا، داخرانی گەرووی هورمز کارتێکی دیکەی دەستی ئێران بوو کە بەکارهات، بوو بەهۆی پەککەوتنی جووڵەی دەریایی و پچڕانی (20%) نەوت و (20%) گازی جیهانی، ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ سەرهەڵدانی قەیرانی وزەی جیهانی، و  بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی برێنت و نەوتی سوکی تەکساس بۆ زیاتر لە (110) دۆلار  بۆ هەر بەرمیلێک، تەنانەت هەندێک ڕۆژ نرخەکان گەیشتە (120)دۆلار. نەمانی گەیشتنی گازی قەتەر بۆ ئەوروپا و ئاسیا و ئەمریکا نرخی گازی بە ڕێژەی (70%) بەرزکردەوە. داخرانی گەرووی هورمز ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی وڵاتانی کەنداوی بە ڕێژەی جیاواز دابەزاند، لە بەشێک لە وڵاتاندا لە کێڵگە نەوتییەکان بەرهەمهێنان بە تەواوەتی وەستا بەهۆی پڕبوونی کۆگاکانی نەوت و نەبوونی دەرگای هەناردەکردنی نەوت.

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر گەورەترین ژێرخانەکانی نەوت و گازی ئێران  بەتایبەتی کێڵگەی پارس و دوورگەی خارگ، ،  بەتەواوی گۆڕینی ئاراستەی جەنگەکە بوو لە  سەربازییەوە بۆ ئابووری، لە کاتێکدا ئێران هۆشداری دابوو کە ئەگەر ژێرخانی وزەی بە ئامانج بگیرێت کاردانەوەی بەهێزیان دەبێت. هەرچەندە کە بەشێکی کەمی کێڵگەی پارس بە ئامانج گیران وێستگەکانی 3,4,5,6بەڵام ئەمە کاریگەرییەکی زۆر کردە سەر وەستانی بەرهەمهێنانی گاز لەو وڵاتەدا وتەنانەت هەناردەی گازی بۆ عێراق ڕاگرت، بەمەش نەتوانرا بەشێکی باش لە گاز هەناردە بکات و رێژەی هەناردەکردنی دابەزی.

هەوڵەکان بۆ کرانەوەی گەرووی هورمز لەلایەن وڵاتان بە رێگەی دیبۆلۆماسی بەردەوام بوو، دۆناڵد ترەمپ داوای پشتیوانی کرد لە ناتۆ و وڵاتانی کەنداو کە هاوپەیمان بن بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بە رێگەی هێز و سەربازی، بەڵام ناتۆ ئەوەی ڕەتکردەوە و  هیچ کام لە وڵاتان ئامادەیی ئەوە نەبوون گەرووی هورمز لە ڕێگەی هێز بکرێتەوە بەهۆی کاردانەوەکانی ئێران بۆسەر وڵاتانی کەنداو و لێدوانە دژ بەیەکەکان وایکرد گەرووی هورمز بە داخراوی بمێنێتەوە، هەرچەندە ئێران ئاماژەی بەوەشدا گەرووی هورمرز جگە لە ئەمریکا وئیسرائیل بە ڕووی گشت وڵاتانی دیکە کراوەیە، بەڵام بە مەرجی هەماهەنگی کردن لەگەڵ سوپای پاسداران و پابەندبوونەکان بە مەرجەکانی تێپەربوون بە گەرووەکەدا و پێدانی سەرانە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێران ڕێگای بەو وڵاتانەدا کەشتیەکانیان بە گەرووەکەدا تێپەربن کە بە دۆستی خۆی دەزانێت بە هەمان تەکنیکی تێپەڕبوون کە دانراوە.

هەنگاوی پێنجەم : دەرکەوتنی ئامانجەکانی ئەمریکا لە هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئێران

کاتێک ئیسرائیل هێرشی کردە سەر کێڵگەی پارسی گەورەترین کێڵگەی گازی ئێران، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە بێ ئاگاداری ئەمریکا ئەو کارە کراوە و جارێکی دیکە دووبارە نابێتەوە، لە چەندین لێدوانیشدا ئاماژەی بەوەدا بەڕیوەبردنی کەرتی وزەی ئێران خاڵێکی سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستاندنەکان دەبێت، ئامانجیان لە ناوبردنی ژێرخانی نەوت و گازی ئێران نییە، تەنانەت بە ئاشکرا ئەوەی خستەڕوو کە دەیەوێت دەست بەسەر نەوتی ئێراندا بگرێت هاوشێوەی ڤەنزوێلا،بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا  لە بەرواری (2026/04/02)، ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ گەلی ئەمریکا و جیهان لە بارەی وزە و گەرووی هورمزەوە ئاماژەی بەوەدا، ئەمریکا چیتر پێویستی بە نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە و بەهۆی پرۆگرامەكەیانەوە ئێستا وڵاتەكەی بەرهەمهێنەری ژمارە یەکی نەوت و گازن لە جیهاندا و زۆرتر لە کۆی بەرهەمی رووسیا و سعوودیە پێکەوە بەرهەم دەهێنن، هەروەها ترەمپ ڕەخنەی ئەوەشی لە وڵاتان گرت، کە هاوکار نەبوون لە کردنەوەی گەرووی هورمز و کەمێک ئازایەتی کۆبکەنەوە خۆتان بچن گەرووەکە بکەنەوە ئەمریکا پێویستی نییە.  پێشنیازیش بۆ وڵاتانی بەكارهێنەری نەوت دەكات، كە نەوتی ئەمریكا بكڕن، ئەمەش دەكرێت بە دەركەوتنی دواین ئامانجی ئەمریكا دابنرێت، لە هەڵگیرسانی ئەو جەنگەدا.

هەنگاوی شەشەم: بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی سوکی تەکساس (WTI)

بەهۆی بەردەوامی ململانێکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا و ئیسرائیل، نرخی نەوت ناجێگیریەکی تەواوی بەخۆیەوە دیوە، دوای ئەوەی شەڕەکە دۆخی  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێکدا لە ڕووی ئەمنی و بەرهەمهێنانەوە لە بواری وزەدا، بەتایبەتی لە داخرانی گەرووی هورمز، کۆمپانیا ئەمریکی و ڕۆژئاواییەکان گرێبەستی نوێی و  جێگرەوەیان واژۆ کرد،  بۆ دابینکردنی نەوت بۆ ئەو وڵاتانەی کە ڕووبەڕووی کورتهێنان لە نەوتدا بوونەوەتەوە.

کریارانی نەوت ڕوویان لە کڕینی نەوتی بەردەستکرد، نەوتی سوکی تەکساس(WTI) کە نەوتی بەرهەمی كێلگە نەوتیەکانی ئەمریکایە بوو بە جێگرەوەی نەوتی کەنداو بۆ ئەوروپا و ئاسیا و وڵاتانی جیهانی،ئەمەش بەهایەکی بە نەوتەکە دا نرخەکەی لە برێنت بەرزتر بۆەوە، نەوتی سوکی تەکساسی بەردەست کە گرێبەستەکانی بۆ مانگی ئایارە و نرخەکەی گرانتر دەبێت،  هەروەها گرێبەستی مانگی ئایار گەیاندنی نزیکترە، بۆیە بازرگانان پارەی زیاتر دەدەن بۆ دابینکردن و دەستکەوتنی نەوت بە شێوەیەکی دەستبەجێ و ترسی گرانتربوونی نەوتیان هەیە بە هۆی ئەم جەنگەی ئێستا.

ئەمەریکا پێش جەنگیش گرێبەستی فرۆشتنی نەوتی هەبووە، دوای شەڕیش گرێبەستی زیاتر واژۆ کرا یان فراوانتر کرا بەهۆی ئەو  کورتهێنانە کاتییەی بەرۆکی وڵاتانی جیهانی گرتووە لە دابینکردنی سووتەمەنی، ئەمەش زیادبوونی خواستی لەسەر نەوتی سوکی تەکساس بەرزکردەوە.

دەرئەنجام

بەخوێندنەوە بۆ شیکارییەکان و هەنگاوەکانی ئەمریکا بۆ دووبارە کردنەوەی ئەو وڵاتە بە ناوەندێکی بەهێزی هەناردە و بازرگانی لە کەرتی نەوت و وزەدا دەگەیەنە چەند دەرئەنجامێک:

- لەسەرەتای دەستبەکاربوونی دۆناڵ ترەمپەوە ئامادەکاریی بۆ بەهێزکردنی وزەی ئەمریکا کراوە.

- ئەم جەنگە زیاتر ڕەهەندێکی ئابووری هەیە لای ئەمریکا وەک لەوەی ڕەهەندێکی سیاسی هەبێت.

- ئامانج لاوازکردنی وڵاتانی کەنداو لە بەرهەمهێنانی نەوت و بێ بەهاکردنی  نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لەوەی ئەمریکا پێویستی بە نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە.

- بەهێزکردنەوەی ئەمریکایە وەک ناوەندێکی بەرهەمهێنەر و هەناردەکردنی نەوت بۆ ئەوروپا و ئاسیا و جیهان.

- بەهێزکردنی هەژموون و  باڵادەستی ئەمریکاو کۆمپانیا ئەمریکیەکانیەتی لە بەرێوەبردنی نەوتی وڵاتان.

سەرچاوەکان: 

-Evolving U.S. Energy Policy: Trump Administration’s Promotion of Oil, Natural Gas, Coal and Nuclear Power and Proposed Legislation Affecting Renewable Energy Tax Incentives

-What Do President Trump’s Executive Orders Mean for the U.S. Oil and Gas Market؟

-U.S. Democrats keep pressure on Trump regulators over 'suspicious' trades

-FACT SHEET: Delivering On U.S. Oil And Natural Gas Production

-U.S. Oil and Gas Permits Soared in 2025

-Progress on Public Lands: BLM 2025 Trump Administration Accomplishments | January 20 - December 31, 2025

-U.S. crude oil production hit record 13.6 million barrels a day in 2025

استعداد إيراني لغلق مضيق هرمز وواشنطن تصف الخطوة بالانتحار

-نەوتی ڤەنزوێلا ڕادەستی ئەمەریکا کرا

-داهاتووی ئابووریی ڤەنزوێلا دوای مادورۆ

-ترەمپ: ئەمریکا پێویستی بە نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەماوە و با وڵاتان خۆیان گەرووی هورمز بپارێزن

-ترەمپ لە ناو جەرگەی دڵەڕاوکێی ئابووری گوتارێک بۆ گەلی ئەمریکا دەدات

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین