ئەو ١٢ کەسە لە ئێران کە بڕیار دەدەن کێ دەتوانێ ببێتە کاندیدی هەڵبژاردنەکان وەرگێڕان

نوچه‌نێت

١٢ کەس بڕیار دەدەن کە کێ لە هەڵبژاردنەکانی ئێراندا بەشدار بێت یان نەبێت. ٦ کەسیان پیاوانی ئایینین و ٦ کەسیان یاساناسن لە ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور (ئەنجومەنی چاودێریى) و هیچ یەک لەوانە لە لایەن خەڵکەوە هەڵنابژێردرێن. هەڵبەت ئەوە بابەتێکی سەیریش نییە چونکە لە هیچ شوێنێکی جیهاندا هاووڵاتیان ڕاستەوخۆ ئەندامانی ئەنجومەن یان دادگای دەستوور هەڵنابژێرن. بەڵام چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان و دیاریکردنی لێهاتوویی و شیاوی کاندیداکانیش لە هیچ شوێنێکی جیهاندا ئەرکی ئەو ئەنجومەنە نییە.

 بە پێێ دەستووری کۆماری ئیسلامیی، هەر ٦ ساڵ جارێک ڕابەری ئەو وڵاتە ٦ مەلا وەک ئەندامی ئەنجومەنی پاراستنی دەستووڕ دادەنێت. هەروەها ٦ یاساناسی تر لە لایەن سەرۆکی دەزگای دادی ئەو وڵاتەوە بە پەرلەمان دەناسێنرێن و ئەگەر بتوانن دەنگی متمانەی نوێنەران بە دەست بهێنن ئەو ٦ کەسەیش دەبنە ئەندامی ئەنجومەنی پاراستنی دەستووڕ.  
چەندین ساڵە ئەحمەد جەنەتی وەک سەرۆکی ئەنجومەنی پاراستنی دەستووڕ چالاکی دەکات و هەمووان دەیناسن. بەڵام جگە لەو، پێنج پیاوی ئایینی تر لە ئێستادا لەو ئەنجومەنەدان و بریتین لە: ئەحمەد خاتەمی، سادق ئامۆلی لاریجانی، محەمەد ڕەزا مۆدەڕس یەزدی، مەهدی شەب زێندەدار و عەلیڕەزا ئەعرافی. 
لە لایەکی ترەوە، ٦ یاساناسی ئێستای ئەو ئەنجومەنە بریتین لە: عەباس عەلی کەدخۆدایی، سیامەک ڕە پەیک، فەزڵوڵا موسەوی، محەمەد دێهقان، محەمەد حسێن سادقی مۆقەدەم و هادی تەحان نەزیف. 
بەڵام ڕەچەڵەک و پێشینەی ئەو کەسانە چۆن شرۆڤە دەکرێت و چ کاتێ بوونە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزەران؟ جگە لە ئەحمەد جەنەتی کە لە سەرەتای دامەزرانی ئەو ئەنجومەنەوە لە ساڵی 1980دا، ئەندامی ئەو ئەنجومەنە بووە و پێشینە و هەڵوێستەکانی ئەو کەسایەتییە کە ٩٥ ساڵ تەمەنیەتی ڕوون و ئاشکران، هەوڵ دەدەین پێشینە و ئەزموون و هەڵوێستەکانی ١١ ئەندامەکەی تری ئەو ئەنجومەنە بخەینە بەر باس. 

پیاوانی ئایینی (ئایەتۆڵاکان)


سادق ئامۆلی لاریجانی
سەرۆکی پێشووی دەزگای دادی ئێران لە مانگی شوباتی ٢٠١٩ و دوای مردنی محەمەد هاشمی شاهرودی بە پێی فەرمانی ڕابەری ئێران بووە ئەندامی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور. هەڵوێستی ئامۆلی لە سەردەمی سەرۆکایەتی دەزگای داد ڕەخنەی زۆری لێ کەوتەوە. ئامۆلی دەرگیری جدیی لەگەڵ مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆک کۆماری پێشوو و هەروەها حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئیستای ئێران هەبوو. 
هەروەها دۆسیەی گەندەڵی بەربڵاو لە سەردەمی ئەودا بوو کە بووە هۆی دەستبەسەرکردنی ئەکبەر تەبەری، بەرپرسی نووسینگەکەی و ئەوەش مشتومڕی زۆری لێکەوتەوە. لاریجانی ٦٠ ساڵ تەمەنیەتی. عەباس عەلی کەدخۆدایی، سیامەک ڕە پەیک و فەزڵوڵا موسەوی ئەو سێ یاساناسەن کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئامۆلی لە دەزگای داد، وەک ئەندامانی یاساناسی ئەنجومەنی پارێزەرانی دەستوور بە پەرلەمان ناسران و دەنگیان پێ درا. 
ئامۆلی لاریجانی و ئیبراهیم ڕەئیسی لە دوو بەرەی بە تەواوەتی جیاواز و لە بەرانبەر یەکتریدا پێناسە دەکرێن. ڕەئیسی لەو کاتەوە کە بووەتە سەرۆکی دەزگای داد هەوڵی داوە گەندەڵییەکانی کەسانی نزیک لە ئامۆلی ئاشکرا بکات و هێزەکانی نزیک لە ئامۆلی لە دەزگای داد بکاتە دەرەوە.

سەید ئەحمەد خاتەمی
ئایەتۆڵایەکی ئێرانییە کە بە بۆنەی لێدوانە توندەکانییەوە و بە تایبەت لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٠٩ دەناسرێتەوە، نوێترین ئەندامی ناو پیاوانی ئایینی ناو ئەو ئەنجومەنەیە کە ساڵی ٢٠٢٠ بووە ئەندام. دوای دەستلەکارکێشانەوەی محەمەد یەزدی لەو ئەنجومەنە، ئەحمەد خاتەمی بە پێی فەرمانی ڕابەری ئێران جێگای گرتەوە. 
هەڵبەت خاتەمی چەند ساڵێکە لە لێدوانە توند و هەرا هەمیشەییەکانی خۆی دوور کەوتووەتەوە و ئیتر لێدوانە توندەکانی و بە تایبەت سەبارەت بە میرحسێن موسەوی و مەهدی کەروبی کەمتر دەبیسترێن. خاتەمی لە کانوونی دووەمی ٢٠١١ و پێش ئەوەی دوو ڕابەری بزووتنەوەی سەوز لە ئێران دەستبەسەر بکرێن، لە لیدوانێکدا ئەو کەسانەی بە "فیتنەچی" وەسف کردوو و ڕایگەیاند کە ئەوانە دوژمنی خودا و یاخین و بە پێی شەرعی ئیسلام دیارە حوکمیان چییە. 
خاتەمی یەکێک لە لایەنگرانی مەحمود ئەحمەدی نەژاد بوو و بەردەوام لە لیدوانکانی خۆی لە خوتبەکانی نوێژی هەینیدا پشتیوانی لەو سیاسەتوانە بەهاتوهاوارە دەکرد.

مەهدی شەب زێندەدار
شەب زێندەدار دوای ئەحمەد جەنەتی بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجومەنی پارێزەرانی دەستوورە. ئەو مەلا شیعە لە ساڵی ١٩٥٣ لە دایک بووە و لە ساڵی ٢٠١٣وە بووەتە ئەندامی ئەو ئەنجومەنە. 
دوای مردنی غولام ڕەزا ڕەزوانی، عەلی خامنەیی بە فەرمانێک شەب زێندەداری کردە ئەندامی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور. ئەویش مەلایەکی توندڕۆیە کە بەردەوام لە لێدوانەکانیدا بە توندی هێرشی کردووەتە سەر حکومەت و حەسەن ڕۆحانی. 
شەب زێندەدار لە مانگی شوباتی ٢٠١٨دا و لە وەڵامی حەسەن ڕۆحانیدا کە گوتبووی پێویستە لە وڵاتدا ڕەخنە لە هەموو کەس بگیرێت و هیچ کەس "لەخراپەبەدوور" نییە و تەنانەت پێغەمبەریش ڕەخنەی لێ دەگیرا، سەرۆک کۆماری بە کەسێکی نەخوێندەوار ناوبرد و گوتی "لە حوزەی علمیەدا بە باشی وانەکانی نەخوێندووە".
ئەو مەلا توندڕۆیە هەروەها لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٩دا، ڕەخنەی لە دامودەزگاکان گرت کە ئەرکەکانیان سەبارەت بە جێبەجێکردنی گەڵاڵەی پەسەندکراوی حیجاب و پاکداوێنی ئافرەتان جێبەجێ ناکەن. ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور لەو بارەوە گوتبووی: "ئەمڕۆ دۆخەکە بە جۆرێکە کە تەنانەت لە دامودەزگاکان و ئیدارەکانیشدا فەرمانی ئایینی و قانوونی حیجاب و پاکداوێنی جێبەجێ ناکرێت. هەندێ جار مرۆڤ نازانێ سەبارەت بەو دۆخە دەبێ چ وەڵامێک بە خودا و ئەهلی بەیت بداتەوە".

محەمەد ڕەزا مۆدەڕس یەزدی
محەمەد ڕەزا مۆدەڕس یەزدی، دوای ئەحمەد جەنەتی کۆنترین ئەندامی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور بە هەژمار دێت. ئەو مەلا ٦٦ ساڵە لە ساڵی ٢٠٠٤دا بووە ئەندامی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور و لەو کاتەوە تا ئێستا بەردەوام ئەندامیەتی لەو ئەنجومەنەدا لە لایەن  ڕابەری ئێرانەوە، درێژ کراوەتەوە. 
مۆدەڕس یەزدی لە ساڵی ٢٠١٥دا، لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شارەزایانی ڕابەریی ئێران بووە کاندید و پلەی بیست و پێنجەمی بە دەست هێناو و نەیتوانی ببێتە ئەندامی ئەو ئەنجومەنە. 
محەمەد ڕەزا مۆدەڕس یەزدی کۆڕی جەواد مۆدەڕس یەزدییە کە لە مەلاکانی نزیک لە خومەینی بە هەژمار دەهات. 
هەروەها وەک مەلاکانی تری ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور هەڵوێستی ئێجگار توندی لە بەرانبەر ڕیفۆرمخوازاندا نواندووە و پێشتر چەندین جار هێرشی کردبووە سەر یوسف سانعی، مەرجەعی تەقلیدی نزیک لە ڕیفورمخوازان. بەڵام ئەوەی دەربارەی مۆدەڕس یەزدی زۆر هەرای لێکەوتووەتەوە پەیوەندی بە زاواکەیەوە، واتە "مەهدی سەدر ساداتی"یەوە هەیە. واتە، ئەو مەلا گەنجە کە لەم ساڵانەی دواییدا لە ئەکاونتی ئینستاگرامی تایبەت بە خۆی، چەند بابەتێکی سەبارەت بە گەندەڵی منداڵانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی بڵاو کردووەتەوە. هەر ئەو بابەتانە بووەتە هۆی ئەوەی لە ناو خەڵکدا بناسرێت. 
ڕووداوێکی سەیر سەبارەت بە زاواکەی مۆدەڕس یەزدی، چیرۆکی ونبوونی کتوپڕیی ئەو و ڕۆحوڵای برای بوو لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٩دا. مەهدی سەدر ساداتی و ڕۆحوڵای برای کە ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایانیشە لەو مانگەدا کتوپڕ ون بوون و بە بڵاوکردنەوەی چەند ستۆری سەیروسەمەرە لە ئەکاونتی ئینستاگرامی خۆیاندا پەرەیان بەو دەنگۆیانە دا کە گوایە دزراون. تەنانەت کار گەیشتە پەرلەمانیش و ئەحمەد ئەمیر ئابادی فەراهانی نوێنەری قوم لە ئەکاوەنتی تویتەری تایبەت بە خۆی، بە بڵاوکردنەوەی چەند گرتە ڤیدیۆیەکی کامێرایەک نیشانی دا ئەو مەلا گەنجە و براکەی سەرقاڵی کڕینی خەڵووزی نێرگەلە لە فرۆشگایەکی یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شاری قوم بوون. 
هەراکان سەبارەت بەو بابەتە دوای چەند ڕۆژ کۆتاییان پێهات و دواجاریش ئاشکرا نەبوو کە ڕاستی چیرۆکەکە چی بووە بەڵام خاڵی ئاشکرا ئەوەیە کە زاوای ئەو پیاوە ئایینیەی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور لەو چەند ساڵەی دواییدا زیاتر لە خەزووری دەنگ و هەرای ناوەتەوە.

عەلی ڕەزا ئەعرافی
٦٢ ساڵ تەمەنیەتی و ئەندامێکی تری ئەنجومەنی پاراستنی دەستووری ئێرانە. ئەعرافی لە ئەندامانی نوێی ئەو ئەنجومەنە بە هەژمار دێت و لە مانگی تەمووزی ٢٠١٣، واتە لە دوای مەرگی محەمەد مومن، لە لایەن ڕابەری ئێرانەوە وەک ئەندامی ئەو ئەنجومەنە دانرا. 
باوکی ئەعرافی، واتە محەمەد ئیبراهیم ئەعرافی تا ساڵی ١٩٩٢ ئیمام جمعەی شاری مەیبۆد بوو. دوای مردنی باوکی، عەلی ڕەزای کۆڕی جێگای گرتەوە. 
ئەو شەرعزانە شیعەیە لە بازنەی کەسانی نزیک لە محەمەد تەقی مسباح یەزدی، تیۆریسیەنی ڕەوتی تۆندڕۆی محافیزەکارانە. ئەعرافی لە قوتابخانەی ئیمام خومەینی کە مسباح یەزدی بەڕێوەی دەبرد، فەلسەفەی خوێندبوو و دواتر خۆی هەر لەو قوتابخانەیەدا بووە مامۆستای فەلسەفە. جگە لەوە، ساڵی ٢٠١١ بە فەرمانی ڕابەری ئێران، بووە ئەندامی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی کلتووری ئێران. 
بە یەکێک لە کەسایتییەکانی نەوەی نوێی شیعە دەناسرێت کە دەتوانێ لە ساڵانی داهاتوودا لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا ڕۆڵی زیاتر بگێڕێت.

یاساناسەکان

عەباس عەلی کەدخۆدایی
عەباس عەلی کەدخۆدایی کۆنترین ئەندامی یاساناسی ئەنجومەنی پارێزەرانی دەستووری ئێرانە. کەدخۆدایی کە مامۆستای یاسای زانکۆی تارانە، لە ساڵی ٢٠٠١وە تا ٢٠١٣ ئەندامی ئەو ئەنجومەنە بوو. دوای پشوویەکی سێ ساڵە جارێکی تر لە ساڵی ٢٠١٦دا گەڕایەوە بۆ ئەو ئەنجومەنە.
کەدخۆدایی بەردەوام لە میدیاکاندا دەرکەوتووە و دەکرێ وەک میدیاییترین کەسایەتی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور بناسرێت. لە چەند قۆناغێکدا ئەندامی ئەو ئەنجومەنە بووە و دوای ماوەیەک دابڕان جارێکی تر چووەتەوە لای ئەحمەد جەنەتی. 
لە کاتی دەرگیری نێوان محەمەد یەزدی، ئەندامی پێشووی ئەو ئەنجومەنە و سادق ئامۆلی لاریجانی، کەدخۆدایی هەوڵی زۆری دا ئەو دوو مەلا بە ناوبانگەی کۆماری ئیسلامیی پێکەوە ئاشت بکاتەوە. 
کەدخۆدایی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاکە، بەردەوام بە هۆی لێدوانە جێی مشتومڕەکانییەوە و هەڵبەت بەو لێدوانانەوە کە پەیوەندییان بە کورسی و ئەرکەکەییەوە نییە دەناسرێتەوە. ئەکاوەنتی تویتەرەکەی پڕە لە دەربڕینی ئەو بیروبۆچوونە تاکەکەسیانەی خۆی سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی ئەمریکا، پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سیاسەتی ناوخۆی فەرەنسا و هەروەها چارەنووسی بانکی سەرمایە و دەرچوونی بەرپرسی بەشی دارایی ئەو بانکە. 
کەدخۆدایی لەو سیاسەتوانانە بە هەژمار دێت کە پەیوەندی ئێجگار نزیکی لەگەڵ کەسایەتییە سیاسییەکانی بەرەی محافیزەکاردا هەیە. کەدخۆدایی کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی هاشمی شاهرودی لە دەزگای داد ببووە ئەندامی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور، دواتر لە سەردەمی ئامۆلی لاریجایشدا بۆ ئەندامیەتی لە ئەنجومەنی پاراستن بە پەرلەمان ناسرا. هاوکات وەک نزیکترین کەسایەتی لە ئەحمەد جەنەتی سەرۆکی ئەو ئەنجومەنە دەناسرێتەوە.

سیامەک ڕە پەیک
سیامەک ڕە پەیک یەکێکی ترە لەو یاسناسانە کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئامۆلی لاریجانیدا بووەتە ئەندامی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور. 
ڕە پەیک کە ئەزموونی لە دامودەزگا ئەمنییەکانیشدا هەبووە، دوای شەڕی ئێران و عێراق چووەتە وەزارەتی ئیتلاعات [دەزگای هەواڵگریی ئێران] و لە بواری توێژینەوە و هەروەها لێکۆڵینەوە سەبارەت بە لێهاتوویی مامۆستایانی زانکۆی ئێران، بەرپرسیاریەتی جۆراوجۆری هەبووە. 
ڕە پەیک کە ٥٨ ساڵ تەمەنیەتی پێشتر ( لە ساڵی ٢٠١٠دا) لە لایەن ئامۆلی لاریجانییەوە ببووە ئەندامی ئەو ئەنجومەنە. پاشان لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٨دا (دوای مردنی محەمەد ڕەزا عەلیزادە) جارێکی تر بۆ ئەندامیەتی لەو ئەنجومەنەدا بە پەرلەمان ناسرا و هەڵبژێردرا. 
ڕە پەیک کە پەیوەندی باشی لەگەڵ ئەحمەد جەنەتی هەیە لە ئێستادا جێگری دووەمی سەرۆکی ئەو ئەنجومەنەیە. 
لە نموونەی لێدوانە جێ مشتوومڕەکانی لەم دوایانەدا دەکرێ ئاماژە بە دوایین گەڵاڵەکەی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور سەبارەت بە دیاریکردنی تەمەنێکی تایبەت بۆ کاندیداکانی سەرۆک کۆماری بکەین. ڕە پەیک لەو بارەوە گوتبووی ڕەنگە کەسێک بۆ نموونە ٣٨ ساڵ تەمەنی بێت، بەڵام خاوەن مەرجەکانی تر نەبێت کە لە یاسادا بۆ بە دەستهێنانی ئەو پۆستە دیاری کراون، بۆیە ڕەت دەکرێتەوە.

فەزڵوڵا موسەوی
فەزڵوڵا موسەوی یاساناسێکی ترە و بەرهەمی سەردەمی سەرۆکایەتی ئامۆلی لاریجانی لە دەزگای دادە. مامۆستای یاسای زانکۆی تارانە و لە خولی هەفتەمی پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا، نوێنەر بوو. 
موسەوی کەسایەتییەکی نزیک لە مەحمود ئەحمودی نەژاد، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێرانە. دوای کۆتاییهاتنی پەرلەمانی هەفتەم لە لایەن ئەحمەدی نەژادەوە وەک ئەندامی لێژنەی چاودێری جێبەجێکردنی دەستوور دانرا. هەروەها وەک سەرۆکی لێژنەی یاسایی نووسینگەی پەرەپێدانی وەزارەتی خوێندنی باڵا دانرا. موسەوی دواجار بە حوکمی فەرهاد ڕەهبەر، سەرۆکی ئەو کاتی زانکۆی تاران، وەک سەرۆکی کۆلیجی یاسا و زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی تاران دیاری کرا. 
ئەحمەد جەنەتی لە ساڵی ٢٠٠٨دا کردیە ئەندامی لێژنەی ناوەندی چاودێریی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ساڵی ٢٠٠٩. 
موسەوی جارێک بۆ ئەندامیەتی لە ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور بە پەرلەمانی خولی شەشەم ناسرابوو، بەڵام نوێنەرانی ڕیفۆرمخوازی ئەو کاتە دەنگی متمانەیان پێ نەدا. 
موسەوی کە بڕوانامەی دکتۆرای لە زانکۆی لیڤەرپۆلی بەریتانیا وەرگرتووە دەرئەنجام لە ساڵی ٢٠١٦دا و بە پێشنیازی ئامۆلی لاریجانی بووە ئەندامی ئەنجومەنی پاراستنی دەستووڕ.

محەمەد ڕەزا سادقی مۆقەدەم
دوای ئەو سێ یاساناسە کە بە پێشنیازی ئامۆلی لاریجانی لە ئەنجومەنی پاراستنی دەستووردا بوونە ئەندام، سێ ئەندامی تر و نوێی ئەو ئەنجومەنە لە لایەن ئیبراهیم ڕەئیسییەوە بە پەرلەمان ناسروان و چوونەتە ناو ئەو ئەنجومەنە و هاوڕێی دێرینی ڕەئیسی بە هەژمار دێن. 
سادقی مۆقەدەم لە تەمووزی ٢٠١٩دا توانی بە بەدەستهێنانی ١٨١ دەنگ متمانەی پەرلەمان بە دەست بێنێت و ببێتە ئەندام. سادقی وەک ڕاوێژکاری باڵای جەنەتی لەو ئەنجومەنەدا چالاکی دەکات. ئەویش مامۆستای کۆلیجی یاسا و زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تارانە. سادقی مۆقەدەم کە ٦٣ ساڵ تەمەنیەتی لە دەیەی ١٩٨٠وە لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی هاوکاری هەبووە. دەکرێ بڵێین لە هەر شوێنێک ڕەئیسی هەبووبێت، سادقی مۆقەدەمیش لەگەڵی بووە. لە جێگری دادوەری شۆڕشی تارانەوە بگرە تا ڕێکخراوی پشکنینی هەموو وڵات لە ٨٠کاندا. 
ئەو هاوڕێ دێرینەی ئیبراهیم ڕەئیسی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٧دا سەرۆکایەتی لێژنەی چاودێری هەڵبژاردنەکانی تارانی لە ئەستۆ بوو.

هادی تەحان نەزیف
گەنجترین ئەندامی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور بەرهەمێکی تری ئیبراهیم ڕەئیسیە لەو ئەنجومەنەدا. تەحان نەزیف کە لە دەرچووانی زانکۆی ئیمام سادقی تارانە، پەیوەندی نزیکی لەگەڵ مەحمود ئەحمەدی نەژاد و هەروەها عەباس عەلی کەدخۆدایی هەبووە. 
تەحان نەزیف کە ٣٩ ساڵ تەمەنیەتی، بڕوانامەی ماستەری خۆی لە زانکۆی ئیمام سادق وەرگرت و بۆ قۆناغی دکتۆرای یاسا چووە زانکۆی تاران. 
نەزیف تێزی دکتۆراکەی لە ساڵی ٢٠١٣ لە زانکۆی تاران تەواو کرد. عەباس عەلی کەدخۆدایی لەو قۆناغەدا، مامۆستای سەرپەڕشتیاری نەزیف بوو. لە ساڵی ٢٠٠٨دا لە ناوەندی یاسایی و پەرلەمانیی سەرۆک کۆماریی کابینەی ئەحمەدی نەژاد کاری دەکرد، پاشان بە فەرمانی عەباس عەلی کەدخۆدایی وەک ڕاوێژکاری یاسایی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور چالاکییەکانی خۆی لەو ئەنجومەنەدا دەست پێکرد. دەگوترێ نەزیف لە ساڵی ٢٠١٠وە لە ئەنجومەنی پاراستنی دەستووردا، بەرپرسیاریەتی تۆمارکردن و نووسینەوەی کۆبوونەوەکانی ئەو ئەنجومەنەی لە ئەستۆ بووە. 
دەرئەنجام لە ساڵی ٢٠١٩دا لە لایەن ئیبراهیم ڕەئیسییەوە وەک ئەندامی یاساناس بە پەرلەمان ناسێنرا. لە تەمووزی هەمان ساڵدا و لە تەمەنی ٣٦ ساڵیدا بووە گەنجترین ئەندامی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور. 
لەم چەند هەفتەی دواییدا چەندین هەڵوێستی جێگای مشتومڕی ئەو ئەندامە گەنجە لە میدیاکاندا بڵاو بوونەوە. لە ٧ی ئایاردا گوتبووی ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە تەنانەت لە کاتی دیبەیتەکانی کاندیداکانیشدا دەتوانن ڕەتیان بکەنەوە و ڕێگایان پێ نەدەن لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار بن. تەحان نەزیف هەروەها گوتوویەتی ئەنجومەنی پاراستن تەنانەت لە دوایین چرکەکاندا و پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان ئەو دەسەڵاتەی هەیە. 
ئەوە تاقە بۆچوونی جێی مشتومڕی ئەو هاوڕێ نزیکەی عەباس عەلی کەدخۆدایی نییە. پێشتریش جەختی کردبووەوە کە ڕەنگە ئەندامانی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور لەگەڵ هەندێ لە کاندیداکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری دیدار بکەن.

محەمەد دێهقان
دوایین ئەندامی یاساناسی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور، سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی بەسیجی خوێندکاریی پارێزگای تارانە. محەمەد دێهقان کە ٥٩ ساڵ تەمەنیەتی لە دایکبووی یەکێک لە گوندەکانی سەر بە گرقبەی مەشهەدە. دێهقان لە خولی هەفتەم تا دەهەم، نوێنەری پەرلەمانی ئێران بوو. 
ئەو کەسایەتییە توندڕۆیە یەکێک لەو ٢٢٣ نوێنەرەی پەرلەمان بوو کە لە کانوونی دووەمی ٢٠١١ و پێش دەستبەسەرکردنی میرحسێن موسەوی، زەهرا ڕەهنەوەرد و مەهدی کەڕووبی، بە واژۆکردنی بەیانییەیەک داوای توندترین سزای بۆ ڕابەرانی بزووتنەوەی سەوز کرد. ئەو نامەیە لە لایەن دێهقانەوە لە پەرلەماندا خوێنرایەوە. هەروەها خۆی داوای لەسێدارەدانی موسەوی و مەهدی کەڕووبی کردبوو. دێهقان لەو چوار خولەدا کە ئەندامی پەرلەمان بوو، لێدوانی بەرفراوان و توندی دەربارەی ڕیفورمخوازان بە ناوی خۆیەوە تۆمار کرد. 
هەروەها ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور لە نەیارانی جدی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ بوو. 
بەڵام ئەزموونی دێهقان وەک چەکدار، دەگەڕێتەوە بۆ کاتی شەڕی ئێران و عێراق. لەو کاتەدا بۆ ماوەی زیاتر لە ٥ ساڵ لە عێراق بە دیل گیرا. دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران لە زانکۆی تاران سەرقاڵی خوێندنی یاسا بوو. هەر لەو ساڵانەدا کە لە زانکۆی تاران بوو، بووە سەرۆکی ڕێکخراوی بەسیجی پارێزگای تاران و هەروەها جێگری سیاسیی ڕێکخوای بەسیجی خوێندکاری ئێران. دێهقان لە ساڵی ٢٠٠٣دا بڕوانامەی دکتۆرای وەرگرت. 
ئەو فەرماندە پێشووەی بەسیج لە ئەندامانی نوێی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورە و لە تەمووزی ٢٠١٩دا بە پێشنیازی ئیبراهیم ڕەئیسی بووە ئەندامی ئەو ئەنجومەنە.

 

سه‌رچاوه‌: یۆرۆنیوز
 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین