لە  یەک مانگدا  ٩٨ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجام دراوە ئێران

نوچه‌نێت

لە ماوەی یەک مانگدا، واتە لە ٢١ی نیسان تا ٢١ی ئایار، لانیکەم ٩٨ حاڵەت پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراوە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی ئایاری ٢٠٢١، ماڵپەڕی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، بڵاوی کردەوە، لەماوەی ئەو یەک مانگەدا ٢٤ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوونەتە قوربانی کە ٣ کەسیان گیانیان لە دەستداوة. لەو سێ کەسە دوو کەسیان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران و کەسێکیان بە هۆی ڕووداوی سروشتی گیانیان لە دەست داوە.

هەروەها، ٢١ کۆڵبەر بریندار بوون کە ١٨ حاڵەتی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران بووە و سێ کۆڵبەریش بە هۆکاری سروشتی، تەقینەوەی مین و لێدان و کوتانی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، لەو ماوەیەدا لاینکەم سزای سێدارەی هاووڵاتییەکی خەڵکی ئیلام کە بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست ئەو سزایەی بە سەردا سەپابوو لە بەندیخانەی ئەو شارە جێبەجێ کراوە. هەروەها بەندکراوێکی خەڵکی ئورمیە بەهۆی ئەشکەنجەدانی لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارەوە گیانی لە دەست دا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی هەنگاو، دوو هاووڵاتیش بەهۆی تەقینەوەی مین لە کرماشان گیانیان لە دەست داوە و ٤ هاووڵاتیی دیکەش لە سنوورەکانی شاباد، مەریوان، سەردەشت و نەوسوود بریندار بوون.

هەروەها، لانیکەم ٥١ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسیی و مەدەنییەوە دەستبەسەر کراون. ٦ هاووڵاتیش بە تۆمەتی چالاکی سیاسیی، مەزهەبی و مەدەنی سەرجەم سزای ٤٩ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.

لە کۆتایی ئەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە کراوە لە ماوەی ئەو یەک مانگەدا، لانیکەم ٩ کرێکاری خەڵکی شارەکانی سەحنە، ورمێ، مەریوان، سەوڵاوا، ئیلام و سەقز لە کاتی کار کردن و بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لە دەست داوە. یەکێک لەو کرێکارانە لە هەرێمی کوردستان گیانی لە دەست داوە.


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین