بۆ لێدانى میلیشیاكانى عێراق هه‌وڵى رازیكردنى بایدن ده‌درێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

دوو سەرچاوەی ئاگادار ڕایانگەیاند پنتاگۆن هەوڵ دەدات جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕازی بکات بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تاران لە عێراق.

ڕۆژی هەینی ٢٨ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دەیلی كۆله‌ر " بە گێڕانەوە لە سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بابەتە نووسیویەتی: "ئیدارەی ئەمریکا لە هەوڵی جدیدایە بۆ لێکدانەوەی چەندین بژاردەی بەربڵاو بە مەبەستی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانی عێراق لە دژی هێزەکانی ئەمریکا".

ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە لەو کاتەوە کە هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان کردووەتە سەر قاسم سلێمانی، هەر لەوێ جێگیر کراون بەڵام بۆ ئەنجامدانی هەر جۆرە هێرشێک پێویستییان بە فەرمانی تایبەتی سەرۆک هەیە.

ده‌یلى كۆله‌ر بە گێڕانەوە لە سەرچاوەی دووەمی خۆی نووسیویەتی پلانی ئۆپەراسیۆنەکان و بژاردە جیاوازەکانی پنتاگۆن لە ڕێگای ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانییەوە دەخرێنە بەر دەستی کۆشکی سپی و باسیان لەسەر دەکرێت.

ئەو سەرچاوە بە بێ ئەوەی کە کاتێکی تایبەت دیاری بکات گوتی بەرپرسانی پنتاگۆن بەم زووانە هەوڵ دەدەن بایدن ڕازی بکەن بۆ ئەوەی فەرمانی هێرش دەر بکات.

سەرچاوەی یەکەمی ده‌یلى كۆله‌ر گوتەیەتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی لەگەڵ کۆشکی سپیی ڕۆژی هەینی بەڕێوەدەچێت.

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی وکۆشکی سپی سەبارەت بەو دیدار هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە و گوتەبێژی پنتاگۆنیش وەڵامی داواکەی ده‌یلى كۆله‌ر بۆ ڕوونکردنەوە لەو بارەوە نەدایەوە.

بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە عێراق کە شوێنی جێگیربوونی هێزە ئەمریکییەکانە، ڕۆژی دووشەممە کرایە ئامانجی هێرشێکی ڕۆکێتی.

قاسم موسلیح، فەرماندەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنباری عێراق، ڕۆژی چوارشەممە به‌ هۆى تێوه‌گلانى له‌و هێرشانه‌ ، لەوانە هێرشه‌كه‌ى سه‌ر عەین ئەسەد، دەستبەسەر کرا.

حەشدی شەعبی لە چەندین گرووپی چەکداری شیعەی سەر بە کۆماری ئیسلامیی پێکهاتووە و بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، لە ڕوانگەی ئەمریکییەکانەوە هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بە پێی ڕاپۆرتەکان دەستبەسەرکردنی موسلیح بووە هۆی ئەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی بچنە ناو ناوچەی سەوزی بەغدا. بەگوێرەی چەند ڕاپۆڕتێک دوای ڕادەستکردنەوەی قاسم موسلیح بە هێزەکانی حەشدی شەعبی کۆتایی بە گرژییەکان هات. 
دیار نییە ئایا جۆ بایدن پێشنیارەکەی پنتاگۆن پەسەند دەکات یان نا. سەرۆکی ئەمریکا هەوڵ دەدات گرژیی و ناکۆکییەکان لە نێوان وڵاتەکەی و ئێران بسڕێتەوە و تامەزرۆی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمییە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین