واتا و کورتەیەک لە مێژووی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر توێژینەوە

ژن مەگەزین

سەرەتا بە گرنگی دەزانم بەکورتی تێرمی (جێندەر-Gender) شیبکەمەوە، دواتر دەچمە سەر هەندێک لایەنی تری جیاکاری و توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر. (تێرمی جێندەر) لە کۆتایی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکاندا لەگەل شەپۆلی دووهەمی فێمینیزم هاتە کایەوە و لەلایەن فێمینیستەکانەوە وەک ئامرازێک بۆ شیکار و تێگەیشتن لە پەیوەندیەکانی نێر و مێ و دابەش بوونیان بەسەر نێرایەتی و مێینایەتیدا بەکارهاتووە. فێمینیستەکان بۆیان گرنگ بووە له و ژوورە داخراوەی ناوی (چارەنوسی بایەلۆجیە) بێنەدەر و بڵێن هەموو ئەم ڕۆڵانە دروستکراوی کولتوری و کۆمەڵایەتین نەک بایەلۆجی. لێرەوە تێرمی جێندەر ئاماژەیە بۆ کردە کۆمەڵایەتی و کولتوری و ژینگەییەکان، کە مرۆڤ بەسەر نێرایەتی و مێینەیەتیدا دابەشدەکرێت و پەروەرده و سۆسیالایز‌ە دەکرێت. لێکۆڵەرانی بواری جێندەر، ئەوەی ژن و پیاو دابەش دەکات کە چی پیاوانەیە و چی ژنانەیە زۆرتر وەک دروستکراوێکی کۆمەڵایەتی سەیردەکەن، نەک وەک کارکردێکی بایۆلۆژی. بۆ نمونە (نێر و مێ) کاتیگۆری سێکسین، بەڵام (نێرایەتی ومێینەیە‌تی) کۆمەڵێک سیفەتن وکاتیگۆری جێندەرین، واتە دروستکراوی کۆمەڵایەتین نەک سروشتی و بایۆ‌لۆژی. (1)


سیمۆن دی بۆڤوار ؛ فەیلەسوفێکی ئێکستێنتالی و فێمێنیست
لە کتێبە گرنگەکەی فەیلەسوف و فێمینیستی فەرەنسی سیمۆن دیبۆڤوار لە (سێکسی دووهەم)دا کە دەڵێت: (کەس بە ژنی لەدایک نەبووە بەڵام دەکرێتە ژن) لە ساڵی 1949دا و چەند دەیەی دواتریش دەیان فێمینیستی بەرجەستەی جیهانی لەسەر ئەم تێزەوە شیکاری و جیاوازی تێرمەکانی سێکس و جێندەریان هێنایە بواری لێکۆڵینەوەوە‌. کاریگەری بیروڕاکانی ئەم خانمە زۆر گەورەبوون بەسەر شەپۆلی دووهەمەوە هەر لەوەی کە دەڵێت: (بوونی ژن تەنها ئەوێکی ترە لە دونیایەکی نێرسالاردا، پێناسە دەکرێت و جیادەکرێتەوە بەپێی خواستی پیاو، نەک پیاو لە پەیوەندی بە ژندا). هەربۆیەش لێکۆڵەران و نوسەرانی فێمینیست تەنانەت لەنێو دروستکراوە سیمبۆلیە ئەدەبی و کولتوریەکانیشدا ‌ دەگەڕان، دەیانبینی، تێزەکانی دۆبۆڤوار تەواو ڕاستە لەبارەی جیاکاری جێندەرییەوە. (2)


بۆ تێگەیشتن لە جیاکاری جێندەری و دروستکردنی (ڕۆڵە جێندەرییەکان) لە بواری کارکردن، سیاسەت، خێزان، یاساکان و زۆر بواری تردا، گرنگە سەفەرێکی کورت بەناو مێژوودا بکەین، هەرچەند کاتی زۆردەوێت و بەم گوتارە لەسەر ئەم پرسە گرنگە، زۆر ئەستەمە تەواوی ئه و وێنایەمان بۆ دروستبکرێت کە تێگەیشتنێکی قووڵ و هەمەلایەنەمان بداتێ لەسەر پرسی ژن و جیاکاری جێندەری، بەڵام ئێمە دەکرێت لە چەند وێستگەیەکدا بە مەبەستی دەستکەوتنی بیرۆکە‌یەکی گشتی لەسەر ئەم پرسە، هەندێک ڕووداو و فینۆمێن بەکاربهێنین بۆ شیکاریکردن و ناساندنی باسەکە.
مێژوونوسان سەرەتاکانی دروستبوونی ژیانی بەکۆمەڵ و سەرهەڵدانی ڕۆڵ و جیاکاری جێندەری بۆ دروستبوونی گوند و شارۆچکەکان‌ دەگەڕێننەوە، لەکاتی شۆڕشی کشتوکاڵیدا، کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستبووە. پێیانوایە کە پێشتر مرۆڤی کۆن بە دوای ڕاوکردن و لێکردنەوەی بەروبوومی درەختەوە بووه و ژیانێکی زۆر سەرەتایی ژیاوە. لەم جۆرە ژیانەدا ژن و پیاو پێگەیان زۆر جیاوازی نەبووە، بەوەی ژن بەدوای کۆکردنەوەی بەروبوومەوە بووە و پیاویش ڕاوی کردوە. بەڵام دواتر بەهۆی ماڵیکردنی ئاژەڵ و چاندنی دانەوێڵەوە، جێگیردەبن لە شوێنەکاندا و گرووپ و کۆمەڵی جیاوازی مرۆڤایەتی دروست دەبن. لێرەوە پێداویستییەکانی مرۆڤ و داهێنانەکانی ئاڵۆزتر دەبن. به و مانایەی گۆڕانکاری و پێشکەوتن لەئامرازەکانی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵدا دەبێتە دروستبوونی گۆڕانکاری لە پەیوەندی جێندەریدا. لێرەوە دروستبوونی ڕۆڵە جێندەرییەکان بەوەی کێ چی بکات و چۆن خۆیان بەڕێوەبەرن، خوازیاری پەیوەندی نوێ دەبێت لە مرۆڤەکان. (3)


شۆڕشی کشتوکاڵی کە زانیاری زۆر ورد لەبەردەستدا نییە لەبارەیەوە، بەڵام گوایە لە نێوان ساڵانی نێوان پێنج هەزار تاوەکو هەشت هەزاری بەر لەڕۆژمێری ‌زاینی ڕوویداوە. لێکۆڵەرانی فێمینیست ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بەهۆی جێگیربوونەوە، چوونەدەرەوەی ژن کەمدەکرێتەوە، پیاوان کاری کشتوکاڵ دەکەن و ژنانیش کاری لێنانی خواردن و منداڵ بەخێوکردن و دانەوێڵە هەڵگرتنەوە. لێرەوە جیاکارییەکان و نۆرم و بەها کولتوریەکان فۆرم وەردەگرن. به و مانایەی بە پێی زیاتر جێگیربوونی مرۆڤ لە یەک شوێندا و دواتر دروستبوونی شار و میلیتاری و ئیمپراتۆر و فیرعەون و مەلیک و ئاغا و دەرەبەگ، تا دەگاتە سیستەمی سەرمایەداری، ئەم ڕۆڵە جێندەری و جیاکاریانە تیایاندا ڕەنگدەداتەوە و بەپێی کات و شوێن گۆڕانکاریان بەسەردا دێت.


کاتێک جیاکارییەکان و دروستبوونی پەیوەندی خێزان و ماڵ و شار و دەوڵەت دێتە ئاراوە، خورافەی جۆراوجۆر لەسەر ژن دروست دەکرێت. بۆنمونە ئەوەی کە؛ ژن سەرچاوەی فیتنە و دروستکردنی حەزی سێکسین لە پیاودا و پێویستە کۆنترۆل بکرێن. هەروەها کاتێک پرسی میراتی دێتە کایەوە، بەهەمان شێوە مەسەلەی پاکیزەیی ژن و توانای منداڵخستنەوە، بوونە سیفاتی سەرەکی ژن. بە پێچەوانەی پیاوانەوە کە پێویست نەبوو پاکڕەوشت و پابەندبن بە ژنێکەوە بەڵکو فرەژنی کارێکی ڕێگە پێدراو بوو بۆ پیاوان. ئاینی ئیسلام لێرەدا فرەپیاوی لە ژن قەدەغە دەکات چونکە پرسی باوکایەتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە بەوەی، کێ باوکی ڕاستەقینەی منداڵەکەیە و میراتی و موڵکداری و زۆر شتی تر پابەند دەکرێت بە ملکەچی و پاکیزەیی و خستنەوەی منداڵ له ‌یەک پیاو‌. هەرچەند هەندێک لەم دابونەریتە نێرسالارییانە بەر لە ئیسلامیش لە ئارادابووە‌ بەڵام کە ئیسلامیش دێت ئەمانە شەرعیەت پێدەداتەوە و پێداگیری لێدەکات. له ‌زۆر بەشی نیمچە دوورگەی عەرەبی، تەنانەت بەر لە ئیسلامیش ژنانی سەر بە چینی باڵا دادەپۆشران، بۆئەوەی لە ژنانی هەژار و چینی خوارەوە جیابکرێنەوە و پارێزراو بن. داپۆشراوی بەمانای جیاکاری بوو لە نێوان ژنی بەڕەوشت و بەدڕەوشتدا. ئەمە هەر لە کاتی سۆمەریەکانەوە لە سەدەی سیازدەهەمی پێش زایندا هەبووە و نیشانەی پێگەی بەرزی ژن بووە، بەڵام لە بنەڕەتدا جیاکاری بووە لە نێوان ژناندا کە بەهۆی ئه و جیاکاریە چینایەتییەوە ‌ لە نێوانیاندا دروستبووه.(3)


سەرهەڵدانی موڵکایەتی تایبەتی و دروستبوونی ئابووری و بازرگانیکردن و چون بۆ شەڕ و دروستبوونی سوپاکان جیاکاریەکی گەورەی جێندەری بەدوای خۆیدا دەهێنێت، لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. هەڵبەت کەم تا زۆر لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر جیاوازبووە. دروستبوونی شارستانیەتەکان و بیرۆکراسیەت و زمان و یاساکان، نایەکسانی جێندەری و هەروەها کێشەی کۆیلەداری کە لە زۆرێک لەم وڵاتانەدا کۆیلەیان بەکاردەهێنا بۆ کارکردن که ‌زۆرجار ژنان ئه و ئیشانەشیان لەدەستدەدا کە پێشتر هەیانبوو، ڕۆلی خوازراوی تری هێنا لەگەڵ خۆیدا.. هەربۆیەش ئاڵۆزبوونی سیستەمی حوکمڕانی هێزی زیاتری دایە پیاو و خوازیاری ئەوەبوو پیاو لەدەرەوەی ماڵ ڕۆڵی پێبدرێت و ژنیش لە ماڵەوە. بەهەمان شێوە پیاوی خوێندەوار بره و پەیدا دەکات و خوێندن تا چەندین سەدە بۆ زۆربەی ژنان فەراهەم نەبووە. لێرەوە گرنگی پیاوی خوێندەوار بۆ بەڕێوەبردنی بیرۆکراسیەتی دەوڵەت بایەخی تایبەتی هەبووە.


هەڵبەتە هەندێک لە ژنانی سەربە چینی باڵا دەبوونە مەلیکە و فیرعەون، بۆ نمونه لە میسر، یاخود لە کەنیسە و مەعبەدەکاندا کاریان دەکرد. بەڵام لە سۆمەری کۆندا هەزارو دووسەد ساڵ تاوەکو سێ هەزارو پێنج سەد ساڵ پێش زاین (35001200) ‌ ناوچەیەکی زۆر ئاوەدان و پێشکەوتووبووە لە ڕووی پیشەسازییەوە ژنان و پیاوان تاڕادەیەک وەک یەک کاریانکردووە، بەڵام ژنان مووچەیان کەمتربووە لە پیاوان. هەرچەند ژن دەیتوانی ببێتە شاژن، بەڵام هەیمەنەی پیاو زیاتر دەبێت. بێگومان لە چاخی برۆنزەوە کە چەک و کەرەستەی جەنگی دروست دەبێت، وە سوپا دروست دەبێت ژن ڕێگەپێدراو نییە بەشدار بێت. بەهەمان شێوە ئەم کێشە و پەراوێزخستنەی ژنان لە کاتی ئاشووریەکانیشدا هەزار تاوەکو هەزارو نۆسەد ساڵ (10001900) پێش زاین هەیە و گەشەکردنی ئابووریان و دروستبوونی موڵکایەتی تایبەت دەکاتە ئەوەی هێرش بکەنە سەر وڵاتانی دراوسێ. مێژوونوسان له و باوەڕەدان کە پابەندبوونی ئاشوورییەکان بە بازرگانی و موڵکایەتی تایبەت و حەزیان بە جەنگ هۆکاربووە بۆ هەیمەنەی پیاو و چەوساندنەوەی ژنان. ژنان لەم سەردەمەدا بۆیان نەبووە میراتیان بەرکەوێت، خانوبەرەیان نەبووە، وە لە ڕۆڵی ناوماڵ زیاتر ماف و ئازادیان نەبووە. (4)


بەهەمان شێوە لە چاخی بڕۆنزدا کەرەستەی بەرهەمهێنان و گەشانەوەی بازرگانی لە ئەوروپاش سەرهەڵدەدات. بەتایبەت لە شارستانیەتی ڕۆم و یۆنانی کۆن. ژن چەند ڕۆڵێکی هەبووە لە پیشەسازیدا کە تاڕادەیەک سەربەخۆیی پێداوە. بەڵام یۆنان لە یاساکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانیدا زۆر پیاوسالاربوون. تەنانەت ئەمە لە نوسینی فەیلەسوفەکانیاندا ڕەنگیداوەتەوە. فەیلەسوفێکی وەک (ئەرستۆ) لەوە باوەڕەدا بووە؛ کە پیاو لە ڕووی جەستەیی و ئەقڵیەوە لە ژن باڵاترە و ترۆپکی پیاوەتین و دەبێت ژن نزمتربێت لەوان. (3)
تابلۆیەکی ناوەڕاستی سەدەی پانزە – سووتاندنی ژنەکان بەناوی جادووگەری – سویسرا – ڤیل ساو 1447 – هونەرمەند نەناسراوە.


بێگومان لەسەدەی چواردەوە تا سەدەی هەژدە، گۆڕانکاری گەورە لە پەیوەندیەکانی کار و سەرمایە و چینەکان و گەشەی پیشەسازی گۆڕانکاری ئاڵۆزتر و گەورەتری بەدوای خۆیدا هێنا. ئاین لەلایەکەوه،‌ بۆ نمونە لە خۆرئاوادا تەواو دەسەڵاتی هەبوو بەسەر باری کەسێتی و ژنی کردبووە پله ‌دوو. لەزۆرێک لەم وڵاتانەی ئەورووپا ژنانیان دەسوتاند بۆ چەند سەدەیەک لە ژێرناوی ئەمانە (جادووگەرن) لەکاتێدا ئەمانە ئه و ژنانە بوون کە لە کڵیسا هەڵگەرابوونەوە. توندوتیژی دژی ژنان، بەهۆی ژنبوونیانەوە لەهەموو سەدەکاندا فۆڕمی کۆن و تازەی تری دێته ‌سەر و هەر لە پرسی جیابوونەوە، هاوسەرگیری، منداڵ و میرات و دەستدرێژی سێکسی، کوشتن و سوتاندن و سەرپەڕاندنەوە بیگرە تا بێبەریکردنیان لە خوێندن و بێکارکردنیان و پەراوێز خستنیان. هەربۆیەش لەکات و شوێنی جیاوازدا ژنان بە شێوازی جیاواز گوزارشتیان لە ژێردەستەیی خۆیان کردووه ‌ و خەباتیان کردووە.


بۆ نمونە کاتێک کۆیلەداری دێتە ئاراوە، لە ئەوروپا ژن خۆیان دەشوبهێنن بە (کۆیلە) هەر ئەوەی کە ئێمە ئەمرۆ ئەم وشەیە بەکاردەهێنین کە دەڵێین؛ ژن کراوە بە کۆیلە. دروست لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە ژن بۆ ئەوەی بتوانێت هەستی خۆی دەرببڕێت، لەسەر ئه و زوڵمەی لێی دەکرێت، خۆی وەک ئه و کۆیلەیە سەیرکردووە که ‌لەماڵەکاندا و شوێنە خراپەکاندا بە زۆرەملێ و بێگاری پێکراوە و فرۆشراوە لە بازاڕەکاندا. ژن بەردەوام ناچارکراوە پابەند بێت بە یاسا و بەها و نۆرمەکانی نێو کۆمەڵگا کە دروستکراوی پیاون. (سوزان ئەنتۆنی) خانمە فێمینیستی ئەمریکی لەسەدەی نۆزدەدا دەڵێت: (ژنان دەبێت دەنگدانەوەی پیاوان بن، ئەگەر ئەوە نەکەن ئەوا سەریان دەبڕن)… مەبەست لەم دێرە ئەوەیە ئه و ژنانەی کە دەیانەّوێت لە دەرەوەی ئه و ڕۆڵەی کە پیاو پێیاندەبەخشێت بوونی خۆیان بسەلمێنن، بێدەسەڵات دەکرێن و بێدەنگ دەکرێن. لێرەدا (سەربڕین) سیمبۆلیکە بۆ گەڕانەوە بۆ چیرۆکی سەربڕینی (میدۆسا)، ئەم فیگورە کە زۆرجار ناوەکەیمان بیستووە تەنانەت وەک ئاماژە لە خۆرئاوادا زیاتر بۆ هێرشکردنە سەر ژنی ئازا و سەربەخۆ پێی دەڵێین مێدۆسا. ئەم فیگورە زۆرتر لە داستانی (ئیلیاد)ی (هۆمەر) دا ئاماژەی پێدراوە کە باس لە خواوەندە گریکەکان دەکات و زۆرتر سەر بە میتۆلۆژی یۆنانی کۆنە. دواتر ڕۆمانەکان کاری زیاتر لەسەر ئەم فیگورە دەکەن و لە میتامۆرفۆزەکانی (ئۆڤید)دا بەتەواوی داستانی مێدۆسامان بۆ دەردەکەوێت.(5)


چیرۆکەکە بەم شێوەیەیە، (نیپتۆن)ی خواوەند، میدۆسا دەبینێت و حەزی لێدەکات، وە پێیوایە مادامەکی ئەم خواوەندە، کەواتە دەسەڵاتی هەیە بەسەر جەستەی میدۆسادا، هەربۆیەش لە پەرستگاکەی (مینێرڤا)دا دەستدرێژی سکێسی دەکاتە سەر. (مینێرڤا) بەمە زۆر توڕەدەبێت و له و باوەرەدابووە، کە پەرستگاکەی پیسبووە، لە پاکی چۆتەدەر. لەم حاڵەتەدا لەجیاتی لۆمەکردنی (نیپتۆن) دێت و (میدۆسا) دەکات بە (دەعبا) کە قژەکانی مارن، کاتێک پیاو سەیری دەکەن دەترسن لەجیاتی ئەوەی حەزیان بچێتە سەری. بەڵکو بە سەیرکردنی چاوی دەبنە بەرد. دواتر تەنانەت مینێرڤا قەڵغانێک دەداتە پێرسیۆس ولەکاتی خەوتندا سەری دەبڕێت، بەمەش پیرسیۆس وەکو ئامرازێک سەری مێدۆسا بەکار دێنێت بۆ تێکشکاندنی دوژمنەکانی. هەڵبەت سەربڕینی مێدۆسا تەنها کارێک نەبوو کە بەرانبەری ئەنجامدرا، بەڵکو دەستدرێژی سێکسیش کرابووە سەری. لێرەوە توندوتیژی دژی ژنان، داگیرکردنی جەستە و دەستدرێژی کردنە سەریان مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە. چیرۆکی مێدۆسا وەک ژنێک کە سەری پەڕێندراوە و دەستدرێژی کراوەتە سەر، تا ئەم سەدەیەش بەردەوام لە کۆنتێکستی جیاوازدا بەرهەمدەهێنرێتەوە. (5)


لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، کاتێک کە ژنان خۆیان ڕێکخست وداوای مافی دەنگدانیان دەکرد، هونەرمەندە پیاوەکانی ئه و سەردەمە لە کاریکاتێر وتابلۆکانیاندا بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕانە وێنای ئەم ژنانەیان دەکرد و وەکو مێدۆسایەکی خەتەر، وەحشی و سەر ماراوی وێنایان دەکردن. بێگومان لەزۆر کات و شوێنی تردا لە خۆرئاوادا وێنای مێدۆسا بە شێوازی جیاواز بەرهەم هاتۆتەوە لە ئەدەب، هونەری نیگارکێشی، فیکری سیاسی و کولتوری گشتیدا وەک فیگورێکی خەتەر، وەحشی و هار و دژە پیاو، کە پیاو لە پیاوەتی دەخات.
لە کاتێکدا بەم شێوازە لە وێناکردنی (مێدۆسا) ئەوەیان لە هۆشیاری گشتیدا سڕیبووەوە، کە (نیپتۆنی) خواوەند پیاوێکی دەستدرێژکاری سێکسیە و‌ تاوانبارە، ئەوە مێدۆسایە کە قوربانیە. ئەم جۆرە لە وێناکردن لە حەفتاکانی سەدەی بیستدا دێتە ژێر پرسیار لە لایەن فێمینیست و شاعیر و نوسەرە‌ خۆرئاواییەکانەوە، بەوەی کە چیرۆکە ڕاستەقینەکە دەخەنەوەڕوو لە ڕێگەی شیکاری مێژوو، تێکست و نوسینەوەی شیعری ژنانە کە میدۆسا وەک خۆی بەرهەمدەهێننەوە.. هەروەها دواتر لە هەشتاکانیشدا بزوتنەوەی شەپۆلی دووهەمی فێمینیستی زۆرێک لە مێژوونوسەکانی باس له و دەست درێژییە سێکسیە دەکەن کە کراوەتە سەر مێدۆسا، کە بۆ بێدەنگکردنی ژن لە ئارادایە و سەرچاوەکەی دەگەڕێننەوە بۆ ئەم جۆرە داستانانە. کاتێک مێدۆسا سەری لێدەکرێتەوە، چاو و دەمی دادەخرێت، کە‌ مانای بێدەنگکردن ونابیاناکردنی ژنە هەم لە ڕێگەی دەستدرێژی و دواتر کوشتن و نابیناکردنی. (5)


لەڕاستیدا تاوەکو حەفتاکانی سەدەی بیستەم، پرسی دەستدرێژی ژن وەکوو تاوان سەیر نەدەکرا، هەم پیاوان بە مافی خۆیان دەزانی دەستدرێژی بکەنە سەر ژن و هەم ژنانیش دەنگێکی وەهایان نەبوو لەدژی ئەم تاوانە. بەڵام لەگەڵ (شەپۆلی دووهەمی فێمینیستی) و دروستبوونی زمانێکی ئەکادیمی کە ژنان تەعبیر لە چەو‌ساندنەوەی خۆیانی پێبکەن، هەموو ئەم پرسیارە گەورانە لە دایکبوون. کەوتنە هەڵدانەوەی لاپەرەکانی مێژوو، داستانە دروستکراوەکان کە پیاوان تیادا خواوەندن و ژنان وەک جەستەی داگیرکراو و بە وەحشکراو وێناکراون، هەموو ئەمانە هاتنە ژێر پرسیاری گەورەوە.
بەهەمان شێوە فەلسەفە و مێژوی خۆرئاوا کە ژن تیایدا هەم خراپ وێناکراوە و هەم پەراوێزخراوە؛ کتێبە ئاینی و بەناو پیرۆزەکان کە پلەدووی و جیاکاری جێندەری بەرهەمدەهێننەوە هاتنە ژێر پرسیاری گەورەی فێمینیستەکان. تەنانەت لەبارەی زانستەوە خانمە فێمینیست و ئەکادیمی بەریتانی (لین سیگاڵ) له و باوەڕەدایە که؛ لە زۆربەی سەردەمەکاندا ژن و زانست وەکو دوو دژی یەک مامەڵەدەکران، تەنانەت هەر ژنان خۆیان بدایە لە قەرەی زانست و زانیاری مەترسی ئەوەی هەبوو کە مەهزەلە بکرێن و هەڵدرێنە دەرەوەی کۆمەڵگە. یان لە باشترین حاڵەتدا وەک خاتوو (لین) دەڵێت؛ ژنان دەبوایە ڕەگەزی خۆیان وازلێبێنن، بۆنمونە لە سەدەی هەژدەدا، هەرچەندە گەشەی ئایدیا و ئەوجی ڕۆشنگەری بووە‌، نمونەی فەیلەسوفی فەڕەنسی (ڤۆڵتێر) دێنێتەوە کاتێک ستایشی (ئیمیل دو شاتلێت) دەکات کە فیزیای (نیوتنی) پەرەپێداوە و ڤۆلتێر دەڵێت: (ئەم ژنە پیاوێکی مەزنە تەنها کێشەیەک هەیەتی ئەوەیە کە ژنه، ژنێک کە نیوتنی شیکاری و وەڕگێراوە، لە یەک وشەدا پیاوێکی زۆر مەزنە‌). ئەمە لە کاتێکدا بووە کە (خاتوو ئیمیل دوشاتلێت) هاوکار و خۆشەویستی ڤۆلتێر بووە بۆ ماوەی پانزدە ساڵ لەدەرەوەی هاوسەرگیری! (6)


لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە مێژووی چەوسانەوە و پەراوێزخستن و بێدەسەڵاتکردنی ژنان لە دونیادا، لە کات و شوێنی جیاوازدا هۆکار و ئاستی جیاوازی هەیە. لەهەمان کاتدا لێکچوون و نزیکایەتی زۆریشیان هەیە، بۆ نمونە گەر سەیری بەشێک لە ئایەتەکان، پرۆگرامی سیاسی حیزبەکان، یاساکان و سترەکتوری دەسەڵاتە یەک لەدوا یەکەکان بکەین، بۆمان دەردەکەوێت، کە جیاواز لەوەی ئەمانە کایەی پیاوانەن، بەڵکو ئه و ماف و ئازادیانەی کە ئەوان بانگەشەی بۆ دەکەن زۆر ڕووکەشن و لە کۆمەڵێک کڵێشە و ڕیتۆریک زیاتر نین. لەهەمان کاتدا لەبەرژەوەندی خۆیانەوە دەسەڵات و پێگەی ژن کەمدەکەنەوە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا. هەر کاتێک ژنان وەکو خۆیان دەیانەوێت خەبات بکەن و باس لەماف، ئازادی، چەوسانەوه و توندوتیژی پیاوان بکەن لە دژیان، دەکەونە ژێر ڕەخنە و تانه و تەشەر و تەنانەت‌ هێرشەوە و پێیان دەوترێت دژە پیاو، نەزان، گێل، یاخود تێکدەر، فیتنە و خوڵقێنەری جیاکاری جێندەری.


لەم سەفەرە کورتەمان بە نێو مێژوودا و هێنانەوەی هەندێک نمونە و شیکاریکردنیان ئەوەمان بۆ ڕووندەبێتەوە، کە جیاکاری جێندەری، توندوتیژی و چەو‌سانەوەی ژنان مێژوویەکی کۆنی هەیە و درێژبووەتەوە بۆ ئێستامان. سەرەڕای خەباتی ژنان بۆ ئازادی و سەربەخۆبوونیان و بەشداری هاوتایان لەگەڵ پیاودا لە هەموو بوارەکاندا، بەڵام بەردەوام وەلانراون و ڕۆڵیان بەرتەسک کراوەتەوە.
جانیوەری 2017

 

سەرچاوەکان


1-Lynne Segal Why Feminism? Gender، Psychology، Politics-Polity Press 1999
2-De Beauvoir Simone. “The Second Sex” -Vintagen Books (1997).
3-Eds; Teresa A. Meade and Merry E. Wiesner-Hanks “A companion to Gender and History” Blackwell-2004
4-Eds; Nikki R. Keddie، Beth Baron Women in Middle Eastern History: Shifting Boundaries in Sex and Gender; – ‪Yale University Press، 1993
5- Elizabeth Johnston “The Original ‘Nasty Woman” The Atlantic-Washington; Nov 2016: http://www.theatlantic.com/entertainment/archive/2016/11/the-original-nasty-woman-of-classical-myth/506591/?utm_source=atlfb
6- Segal، Lynne (2003) Thinking like a man? The cultures of science. Women: a Cultural Review 14 (1)، pp. 1-19.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین