ئه‌نادۆڵ: توركیا به‌رپرسێكى په‌كه‌كه‌ و سێ چه‌كدارى ترى كوشتووه‌ هەواڵ

نوچه‌نێت

ئاژانسى ئه‌نادۆڵى توركیاى ئه‌مڕۆ بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، له‌ سنوورى هه‌رێمى كوردستان، هه‌واڵگرى توركیا له‌ ئۆپراسیۆنێكى تایبه‌تدا كه‌ له‌ 19ى ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌چووه‌ سه‌لاحه‌دین ده‌ده‌ و سێ گه‌ریلاى ترى كوشتووه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 29ى ئایار، ئاژانسى ئه‌نادۆڵى توركى بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، ده‌زگاى هه‌واڵگرى توركیا "میت" له‌ سنوورى ئۆپراسیۆنه‌كانى "چڕنووكى برووسكه‌" له‌ سنوورى پارێزگاى دهۆك، به‌رپرسێكى په‌كه‌كه‌یان كوشتووه‌ به‌ ناوى سه‌لاحه‌دین ده‌ده‌ Selahattin Dede كه‌ نازناوى "زاگرۆس" بووه‌ و به‌رپرسیارێتى گه‌وره‌ى له‌ناو په‌كه‌كه‌ هه‌بووه‌.

له‌گه‌ڵ سێ گه‌ریلاى تر به‌ ناوه‌كانى محه‌مه‌د ئه‌مین كه‌ به‌ "دڵگه‌ش" ناسراو بووه‌ و له‌گه‌ڵ كه‌سێكى ترى كه‌ خه‌ڵكى ئێران بووه‌، به‌ ناوى بابك عبد سیلندجى ناسراو به‌ "دارا بیریتان". سه‌باره‌ت به‌ كه‌سى چواره‌میش ئه‌نادۆڵ ده‌ڵێ، هێشتا ناسنامه‌ى ئه‌و كه‌سه‌ ئاشكرا نه‌كراوه‌.

به‌گوێره‌ى هه‌واڵه‌كه‌ى ئه‌نادۆڵ ئه‌و گه‌ریلایانه‌ى په‌كه‌كه‌ له‌ رۆژئاواى كوردستان بۆ سنوورى هه‌رێمى كوردستان هاتوون تا بچنه‌ قه‌ندیل كاتێك گه‌یشتوونه‌ته‌ سنوورى دهۆك له‌و ماوه‌یه‌دا چاودێریى كراون و به‌ بۆمب كوژراون.

تا ئێستا میدیاكانى په‌كه‌كه‌ ئه‌و هه‌واڵه‌یان پشتڕاست نه‌كردووه‌.

ئه‌مه‌ له‌م مانگه‌دا دووه‌مین جاره‌ توركیا كوشتنى به‌رپرسانى په‌كه‌كه‌ رابگه‌ینێ. رۆژى 17ى ئه‌م مانگه‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆكى توركیا راگه‌یاند له‌ ئۆپراسیۆنێكى تایبه‌تدا سۆفى نوره‌دینیان كوشتووه‌ كه‌ به‌رپرسى په‌كه‌كه‌ بووه‌ له‌ رۆژئاواى كوردستان.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین