سه‌ركرده‌كانى میلیشیاكانى حه‌شد له‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى هێزه‌كانیان ده‌ترسن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى عه‌ره‌بیه‌ ئاشكراى كردووه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك كه‌ له‌ ماڵى هادی عامرى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى فه‌تح به‌ڕێوه‌چووه‌، به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌كانى شیعه‌ و حه‌شدى شه‌عبى په‌شیمانى خۆیان له‌ نمایشكردنى هێز له‌ ناوچه‌ى سه‌وز ده‌ربڕیوه‌، له‌ ترسى ئه‌وه‌ى نه‌وه‌ك ببێته‌ هۆكارێك بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى هێزه‌كانیان.

ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى عه‌ره‌بیه‌ شه‌وى رابردوو 29ى ئایار بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، له‌ دواى نمایشه‌كه‌ى حه‌شدى شه‌عبى كه‌ له‌ ناوچه‌ى سه‌وز بۆ به‌ردانى قاسم موسليحى تۆمه‌تبار به‌ تیرۆر رۆژى چوارشه‌ممه‌ كرا، رۆژێك دواتر هێزه‌كانى شیعه‌ له‌ ماڵى هادى عامرى سه‌رۆكى رێكخراوى به‌در و هاوپه‌یمانى فه‌تح كۆبوونه‌ته‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ شڵه‌ژاوی و په‌شیمانى هه‌بووه‌ له‌وه‌ى نه‌ده‌بووایه‌ نمایش هێز له‌ دژى حكومه‌ت بكرێت و 10 به‌یاننامه‌ بۆ به‌ردانى قاسم موسلیح ده‌ربكرێت، به‌ڵكو له‌ برى ئه‌وه‌ ده‌بووایه‌ سه‌ركۆنه‌ى پێشێلكردنى یاسا و به‌زاندنى ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌ت بكرێت.

سه‌رچاوه‌یه‌ك ده‌ڵێ عه‌بدولحه‌لیم زوهه‌یرى سه‌ركرده‌ى دیارى حزبى ده‌عوه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌و كه‌سانه‌ى ئه‌و داوایه‌ى كردووه‌ و گوتوویه‌تى ده‌بووایه‌ سه‌ركۆنه‌ى به‌كارهێنانى هێز بكرێن.

وه‌ك عه‌ره‌بیه‌ ئاماژه‌ى بۆ كردووه‌ هۆكاره‌كه‌یش ئه‌وه‌ بووه‌ ئه‌و نیگه‌رانن له‌وه‌ى ئه‌م كاره‌یان ببێته‌ پاساوێك بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى حه‌شدى شه‌عبى.

پێشتر له‌سه‌رده‌مى سه‌رۆكایه‌تى عادل عه‌بدولمه‌هدى چه‌ند جارێك بڕیار بۆ رێكخستنه‌وه‌ى حه‌شد و تێكه‌ڵكردنى به‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان دراوه‌، به‌ڵام جێبه‌جێ نه‌كراون.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین