كۆمسیۆن ده‌یان كاندیدى تر له‌ هه‌ڵبژاردن دوورده‌خاته‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

سه‌رچاوه‌ سیاسییه‌كان له‌ عێراق ئاشكرایان كردووه‌، كۆمسیۆن له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوودا لیستێكى ترى ناوى كاندیدانى دوورخراوه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى عێراق بڵاوده‌كاته‌وه‌، كه‌ ناوى چه‌ندان به‌رپرس له‌ خۆ ده‌گرێت.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ سێى حوزه‌یران چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى سیاسى له‌ عێراق بۆ رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌بى جه‌دید"یان ئاشكرا كردووه‌، له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوو كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عێراق ناوى ده‌یان كاندیدى ترى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق بڵاوده‌كاته‌وه‌ و كه‌ مافى به‌شداركردنیان نابێت.

سه‌رچاوه‌كان گوتوویانه‌ له‌و لیستانه‌ ناوى چه‌ندان به‌رپرس و ته‌نانه‌ت سه‌رۆك حزبیش هه‌یه‌، یه‌كێك له‌وان جه‌مال كه‌ربوولییه‌ كه‌ سه‌رۆكى حزبى حه‌لى سوننه‌یه‌.

ئه‌م لیسته‌ى كۆمسیۆن دووه‌م لیست ده‌بێت كه‌ ناوى كاندیده‌ دوورخراوه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت، پێشتر رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ى رابردوو كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان لیستێكى ترى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ناوى 20ى كاندیدى دوورخراوه‌ى له‌خۆگرتبوو.

سه‌باره‌ت به‌ هۆكاره‌كان سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن هیچ یه‌كێك له‌و كاندیدانه‌ى له‌ لیستى یه‌كه‌م دوورخراونه‌ته‌وه‌، په‌یوه‌ندیان به‌ پرۆسه‌ى ریشه‌كێشكردنى به‌عس نه‌بووه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر تاوان و گه‌نده‌ڵى دوورخراونه‌ته‌وه‌.

جومانه‌ غه‌لاى گوته‌بێژى كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ لێدوانێكى بۆ رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید زانیارییه‌كانى پشتڕاستكردووه‌ته‌وه‌ و دووپاتى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوودا لیستێكى تر بڵاوده‌كرێته‌وه‌، دواى ئه‌مه‌یش پرۆسه‌ى وردبینى له‌ دۆسیه‌ى كاندیده‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت.

گوته‌بێژى كۆمسیۆنى ناوى ئه‌و ده‌زگایانه‌ى ئاشكرا كردووه‌، كه‌ له‌ پرۆسه‌ى وردبینى به‌شدارده‌بن كه‌ بریتین له‌: وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق، فه‌رمانگه‌ى به‌ڵگه‌ى تاوان، ده‌سته‌ى لێپرسینه‌وه‌ و دادوه‌رى، ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى، وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌، وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا، جگه‌ له‌مه‌یش نوێنه‌رانى وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق به‌شدارن.

تارق حه‌رب شاره‌زا له‌ كاروبارى یاسایى له‌ عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ رۆژنامه‌كه‌ باسى له‌وه‌ كردووه‌، ئه‌م دوورخستنه‌وه‌یه‌ بڕیارى یه‌كجاریى نییه‌ و كاندیده‌كه‌ ده‌توانێ له‌ماوه‌ى سێ رۆژ تانه‌ له‌ بڕیاره‌كه‌ بدات.

عه‌ره‌بى جه‌دید ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجار نییه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق كاندیده‌كان دووربخرێنه‌وه‌، به‌ڵام یه‌كه‌مجاره‌ له‌ سه‌ر تاوان و گه‌نده‌ڵى دووربخرێنه‌وه‌، پێشتر زۆربه‌ى كاندیده‌كان به‌هۆى به‌عسه‌وه‌ دوور ده‌خرانه‌وه‌. به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ ژماره‌ى كاندیده‌ دوورخراوه‌كان له‌ سێ هه‌ڵبژاردنى رابردوو به‌مشێوه‌یه‌ بووه‌:

هه‌ڵبژاردنى 2010 :   517 كاندیدى دوورخراوه‌
هه‌ڵبژاردنى 2014:  400 كاندیدى دوورخراوه‌
هه‌ڵبژاردنى 2018 : 374 كاندیدى دوورخراوه‌
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین