لە جوغزی سەربەخۆییدا بیروڕا

کاوە محمود سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان

کاتێک چاکسازی دەبێتە ئەرکێکی نیشتمانی


لە مێژووی جیهانی هاوچەرخدا بەشێکی زۆری ئەو وڵاتانەی دووچاری قەیرانێک لە بوارێکی دیاریکراودا دەبنەوە بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا پەنادەبنە بەر هەڵبژاردنی ڕێگای چاکسازی بۆ قورتاربوون لەو قەیرانە لە ڕێگای گرتنەبەری بەرچنەیەک خاڵ و پەیڕەو، و ڕێگا چارە لە نەخشەیەکی دیاریکراودا کە مەبەست لێی چاککردنەوەی ئەو تێکچوون و شێواندنەیە کە بۆتە کۆسپ لە بەردەم گەشەپێدان، و بێ گومان تایبەتمەندی هەر کۆمەڵگایەک ڕۆڵ لە دەستنیشانکردنی سیاسەتی چاکسازی دەبینی. هەر بۆیە سەبارەت بەم بابەتە لە مێژووی هاوچەرخی وڵاتان چەندین ئەزموونی جیاواز دەبینین وەک ئەزموون مالیزی، و سیاسەتی چاکسازی و کراەنەوە لە چین و ئەزموونی ڕووبەڕووبونەوەی دەوڵەتانی پڵنگەکانی ئاسیا، و پیرۆسترۆیکا و گلاسنۆستی سۆڤیەتی جاران، و ئەزمونی بەرازیل لە کاتی حوکمی کەسایەتی چەپ لولا داسلیفا، و ... هتد.

ئەگەر بەراووردی پێداویستی بابەتی چاکسازی لە تێکڕای ئەو ئەزموونانە لە گەڵ پێداویستی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان بکەین دەردەکەوێ کە مەبەستێکی ئابووری لە تێکڕای ئەو ئەزموونانە زاڵە لە حاڵەتێکدا کە پێداویستی چاکسازی لە کوردستاندا تەنها بابەت و مەودایەکی ئابووری نییە، بەڵکو ئاراستە و پێداویستییەکی سیاسی هەیە کە پاراستنی قەواری هەرێمی کوردستانە لە تەک ڕەهەندی ئابووریدا.

بەم پێیە ئەنجامدانی چاکسازی ئەرکێکی نیشتمانی کوردستانییە کە پاشگەزبوونەوە لێی یان سەرنەکەوتن تیایدا کارتێکردنێکی زۆر نەگەتیفانەی لە سەر ڕەوشی خەڵکی کوردستان و باری ژیان و بژێویان دەبێت جگە لە ئاسەوارەوەکانی ئەو سەرنەکەوتنە لە سەر دووارۆژی کیانی هەرێمی کوردستان لە بواری سیاسییەوە.

بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە کاروانی چاکسازیدا سەرکەوتوو بێت گرنگە لە سەرەتاوە دان بە بوونی قەیرانی سەرانسەری بنێت، و کۆسپەکانی بەردەم چاکسازی بەمەبەستی چارەسەرکردنی دەستنیشان بکات، کە بەشێک لەو کۆسپانە لەم خاڵانەدا بەرجەستە دەبێت:

ـ نەبوونی ئیرادەی سیاسی یەکگرتوو لە نێو ئیتلافی حوکمران بۆ چاکسازی و زاڵبوونی عەقلیەتی پاراستنی بەرژەوەندی حزبی لە هەر هەنگاوێکی مامەڵەکردن لە گەڵ چاکسازیدا.

ـ پشتبەستن بە یەک مۆدیل لە پرۆسەی چاکسازی و گرتنەبەری نموونەی لیبرالیزمی نوێ کە پشت بە تەسلیمکردنی ئابووری کوردستان بە کەرتی تایبەت دەبەستێت و پیادەی سەرجەم ئەو خاڵانە دەکات کە لە پرۆژەی و نەخشەی "توافقی واشنتن" هاتووە کە ساڵی 1989 لەلایەن ئابووریناس جۆن ویلمسۆن دارێژڕاوە و ڕەزامەندی سەندۆقی دراوی نێودوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی و حکومەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە سەر هەیە، و ئەم نەخشەیەش لە چوارچێوەی ئاراستەکانی (قوتابخانەی شیکاگو)یە کە لەلایەن فریدمانەوە دارێژراوە.

ـ ڕەنگدانەوەی ئەم سیاسەتەی سەرەوە لە هەنگاوەکانی چاکسازی و ئەو نەخشە و پلانانەی پەیوەندییان بە دیدی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، لەوانە دیدی 2030 کە لەلایەن وەزارەتی پلاندانان و بە هاوکاری UNDP، لە سەرەتای حوزەیرانی ئەم ساڵدا ڕاگەیەنرا.

ـ نەبوونی سەقامگیری سیاسی لە هەرێمدا کە نەگەتیفانە کار لە سەر هەر هەنگاوێکی چاکسازی دەکات.

ـ زاڵبوونی گوتاری پۆپۆلیستی لە میانەی گفتوگۆکردن دەربارەی تێکڕای ئەو بابەت و گفتوگۆیانەی پەیوەندییان بە چاکسازییەوە هەیە.

ـ نەبوونی هەڵگری کۆمەڵایەتی بۆ پرۆژەی چاکسازی کە ببێتە بەرژینێکی نێو کۆمەڵگا و لە ڕوانگەی هەستکردن بە پێداویستیبوونی چاکسازی بۆ کوردستان، داکۆکی رۆژانە لەم چەمکە بکات، و لە چارەسەرکردنی کەلێنەکان بەشدار بێت، و ئەم حاڵەتەش وای کردووە کە تێکڕای هەوڵەکانی پێشتر بۆ ئەنجامدانی چاکسازی سەرکەوتوو نەبێت.

ـ دانانی نەخشە و پلانی چاکسازی لە لایەن دەستەبژێری دەسەڵات و بەشداری پێنەکردنی هێزی کارای کۆمەڵگا کە بریتین لە کەسانی ئەکادیمی و چالاکەوانی کۆمەڵگای مەدەنی و سەندیکاکانی کرێکاران و پیشەوەران، و رێکخراوەکانی ژنان و لاوان لە دانانی نەخشە و پلانی چاکسازی بەو مەبەستەی هەنگاوەکانی چاکسازی ڕاستەوخۆ بە وەدیهێنانی گەشەپێدان ببەسترێتەوە.

ـ بوونی کۆمەڵێک ئاستەنگی بابەتی کە کۆسپ لە بەردەم چاکسازی دادەنێت و کار دەکاتە سەر سنووردانانی کاری حکومەتی هەرێم لە مامەڵەکردن لەگەڵ بابەتی چاکسازی. بۆ نموونە بەشێک لە ئامرازەکانی چاکسازی پەیوەندی بە سیاسەتی دراوەوە هەیە کە ئەمەش تەنها لە دەسەڵاتی بانکی ناوەندنی و حکومەتی ناوەندییە، جکە لە بوونی بەشێک بەربەست لە بواری سیاسەتی دارایی.

سەڕەڕای بوونی ئەم بەربەست و ئاریشانە لە بەردەم پرۆسەی چاکسازی هەرێمی کوردستان چەندین دەرفەتی ئەرێنی هەیە کە جگە لە دەستنیشانکردنیان پێویستە میتۆدی مامەڵەکردن لە گەڵ چاکسازی گۆڕانکاری بەسەردا بێت، و سەبارەت بەم بابەتەش گرنگە ئەم خاڵانە بەهەند وەربگیریت:

ـ ئامادەبوونی جەماوەر بۆ قایلبوون بە چەمکی چاکسازی و خولیاییان بۆ چاککردنەوەی باری گوزەران و ژیانی رۆژانەیان.

ـ بوونی توانای و سامانی مرۆیی و مەتریاڵی کە دەکرێ بۆ بەرژەوەندی گەشەپێدانی ڕاستەقینە وەبەربهێنرێت.

ـ چاوگێڕانەوە بە چەمکی چاکسازی و بەستنەوەی بە پێَداویستی نیشتمانی و دانانی بە ئەرکێکی حکومەت و کۆمەڵگا و بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی گەلی کوردستان.

ـ داڕشتنەوەی بنەماکانی چاکسازی لە کوردستاندا بە جۆرێک سوود لە سەرجەم ئەزموونەکانی چاکسازی و نموونەکانی لە جیهاندا وەربگرین، و لە لاسایکردنەوە و کۆپیکردنی نموونەیەکی دیاریکراوە دوور بکەوینەوە، و ئەزموونی تایبەتی کوردستانیمان لە بورای گەشەپێداندا هەبێت.

ـ بەستنەوەی چاکسازی بە چەمکی گەشەپێدانی مرۆیی بەردەوام کە سەقامگیر ئاسایشی کۆمەڵگا و یەکسانی چەندەری و دابینکردنی مافی لاوان، و ئەنجامدانی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی هەژاری و بێکاری، و بنیاتنانی حوکمرانی باش و نەهێشتنی گەندەڵی و بنیاتنانی هاووڵاتی کارای کوردستانی مسۆگەر بکات، و گرفتەکانی بواری تەندروستی و ژینگە چارەسەر بکات.

ـ کارکردن بۆ پەیداکردنی هاوبەش و هاوکاری نێودەوڵەتی کارا لە سەر بنەمای سوودمەندی هاوسەنگ، دوور لەوەی کە مەرجی خۆیان بە سەر کوردستاندا بسەپێنن.

ـ ڕاگرتنی هەنگاوەکانی بەتایبەتکردنی ڕەها و پێدانی سەرکردایەتی ئابووری کوردستان بە کەرتی تایبەت کە ئاکامی نەگەتیفانەی لێ پەیدا دەبێت، و میکانیزمەکانی ئابووری بازاڕی بەربەڕەڵا و بێ کۆنتڕۆلڕ ئاراستەی هێزی مرۆیی و کاری کوردستان دەکات، کە پێویستە پێچەوانەکەی ئەنجام بدرێت و میکانیزمەکانی ئابووری بازاڕ بە جۆرێک رێک بخرێت کە لە بەرژوەندی گەشەپێدان وکاراکردن و بەرژەوەندی هێزی کار و هێزی مرۆیی کۆمەڵگا بێت.

هەرێمی کوردستان لە بواری چاکسازیدا لە دووڕیان دایە. بەردەوامبوونی چاکسازی بەو شێوازەی کە ئێستا دکرێت و ئەم پرۆسەیە خۆی لە یەک یاسادا ببینێتەوە، مانای بردنی چاکسازییە بە تونیلێکی داخراودا و کارتێکردنی ئێجگار دژواری لێ پەیدا دەبێت. بە پێچەوانەی ئەم ئاراستەیش پێویستە کار بکرێت بۆ پێداچوونەوە بە ناەڕۆکی ئەم چەمکە و هەنگاوەکانی  بە بەشداریپێکردنی هێزی کارای کۆمەڵگا و بە ڕچاوکردنی ئەوەی کە چاکسازی پرۆژەیکە چەندین ساڵی گەرەکە و پێویستە ئەرکەکانی بە سەر چەند قۆناغێکدا دابەش بکرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین