لێکەوتەکانى ڤۆڵفاست تەندرووستی

نوچەنێت:

پسپۆڕێکى نەخۆشییەکانى هەناو، هۆشدارى دەدات لە بەکارهێنانى زیاد لە پێویستى دەرمانى ئازارشکێن، دەشڵێت بەکارهێنانى ئەم ئازارشکێنە بەبێ چاودێرى دکتۆر لێکەوتە و زیانى مەترسیدار دروست دەکات.

د. زانا دزەیی،  پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو، لە نووسینکێدا دەڵێت، بەکارهێنانى ئازارشکێنى ڤۆڵفاست بەشێوەیەکى بەردەوام و زیاد لە پێویست دیارترین لێکەوتەکانى، بریتییە لەمانە: برین و ھەوکردن یان خوێنبەربوونی گەدە و دوازدەگرێ، گەڕاندنەوەی ئاوی زیادە بۆ ناو لەش و ئاوسانی لەش بە تایبەت لەوانەی سست بوونی دڵ و گورچیلەیان ھەیە، پەککەوتنی گورچیلەکان و چەندین لێکەوتەی تر.


ڤۆڵفاست، تکایە ئاگاداریی لێکەوتە نەرێنییەکانی بن!

بەر لە ماوەیەک نەخۆشێکی گەنجم بینیوە کە بۆ ماوەی سێ ھەفتە و بە شێوەیەکی بەردەوام ڕۆژانە سێ بۆ پێنج جار تۆزی (فەواڕ)ی دەرمانی ڤۆلفاستی بۆ ئازاری ددانی بەکارھێنابوو، کە ھاتە لام بە بێھێزیی و سەرسووڕانێکی زۆر و ڕشانەوەیەکی بەردەوام و سەرئێشە و ئازارێکی زۆری ماسوولکەکانی ھەبوو.

دوای پشکنینی پێویستیی کلینیکیی و تاقیگەیی، بەداخەوە کەسەکە تووشی پەککەوتنی لەناکاو و کتوپڕی ھەردوو گورچیلەی بوو، پاشان دوای ناردنی بۆ پزیشکێکی تایبەتمەندیی ئەم بوارە، ھۆکارەکەی بۆ زۆر بەکارھێنانی ڤۆلفاست گەڕاندەوە کە نەخۆشەکە بە داخەوە بە شێوازێکی نازانستیی و بڕێکی زۆر و بێ گەڕانەوە بۆ پرسکردن بە پزیشک دەرمانەکەی بەکارھێنابوو.

ڤۆلفاست چییە؟

ناوە زانستییەکەی (دایکلۆفیانک پۆتاسیۆم)ە، لە گرووپی دەرمانە ئازارشکێنە دژەھەوکەرەکانە و لە زاراوە پزیشکییەکەئ (گروپی NSAID)ە.

دیارتریین لێکەوتە نەرێنییەکانی ڤۆڵفاست:

ــ برین و ھەوکردن یان خوێنبەربوونی گەدە و دوازدەگرێ.

ــ گەڕاندنەوەی ئاوی زیادە بۆ ناو لەش و ئاوسانی لەش بە تایبەت لەوانەی سست بوونی دڵ و گورچیلەیان ھەیە.
ــ پەککەوتنی گورچیلەکان و چەندین لێکەوتەی تر.

ئەو کەسانە کێن کە نابێت بە ھیچ جۆرێک ڤۆڵفاست بەکاربێنن؟

ــ ھەموو ئەو کەسانەی کە پەککەوتنی گورچیلەیان ھەیە.

ــ زۆربەی ھەرەزۆری ئەو کەسانەی کە پەککەوتنی درێژخایەنی ماسوولکەکانی دڵیان ھەیە.

ــ زۆربەی ئەو کەسانەی جەڵتەی دڵیان ھەیە.

ــ زۆربەی ئەو کەسانەی کە پەککەوتنی جگەری تووند و درێژخایەنیان ھەیە.

ــ ئەو کەسانەی کە برینی گەدە و دوانزەگرێیان ھەیە بەتایبەت ئەگەر حاڵەتەکە نوێ بێت (ئێستا یان لە ماوەیەکیکوورتی ڕابردوو).

ــ بەشێکی بەرچاوی ئەو نەخۆشانەی کە نەخۆشیی (ڕەبۆ)یان ھەیە.

بە شێوەیەکی گشتیی کەسانی بەتەمەن و خانمانی دووگیان، دەبێت لە بەکارھێنانی ڤۆڵفاست دووربن تەنھا لە ڕێگەی ڕاوێژ بە پزیشک دەبێت وەریگرن یان نا.

تکایە ئەم دەرمانە دەرمانێکی بەربڵاوە و بەکارھێنەری زۆرە، دەرمانێکی کاریگەرە بۆ ئازارشکاندن، بەلام بەبێ ڕاوێژ بە پزیشک و دەرمانساز، بەکاری مەھێنە.

د. زانا دزەیی / پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین