ئه‌نجامى گفتوگۆكانى ڤێینا ده‌كه‌وێته‌ دواى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى ئێران ئێران

نوچه‌نێت

عەباس عەراقچی، نوێنەری ئێران لە گفتوگۆکانی ڤیێنا دڵێت، رەنگە پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لە ئێران رێککەوتنی ئەتۆمی نەکرێت. هاوکات میخائیل ئولیانۆف، نوێنەری رووسیاش لەو بڕوایەدایە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان چەند هەفتە کاتی پێویستە.

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دویچە ولە" بڵاوی کردەوە، خولی شەشەمی گفتوگۆکان بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی دەستی پێکردووە. سەرەڕای ئەوەی ئەنریکە مورا، نوێنەری یەکێتی ئەوروپا لەو گفتوگۆیانەدا، بە گەشبینی باسی ئەنجامی گفتوگۆکانی ئەم خولەی کردووە، نوێنەری ئێران گوتوویەتی پێناچێت پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی وڵاتەکەی، ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێن.

ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا، لە راپۆرتێکدا سەبارەت بە گفتوگۆکانی ڤیێنا، ئاماژەی بە قسەکانی عەباس عەراقچی، دیپلۆماتکاری باڵای کۆماری ئیسلامیی کردووە.

عەراقچی، ئێوارەی رۆژی شەممە ١٢ی حوزەیران، دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی هاوبەشی رێککەوتنی ئەتۆمی بە رۆژنامەنووسانی گوت بڕوا ناکات تا پێش ١٨ی حوزەیران [رۆژی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لە ئێران] رێککەوتنی ئەتۆمی ئەنجام بدرێت.

پێشتر، هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هیوای خواستبوو رێککەوتن ئەنجام بدرێت و داوای لە وڵاتانی ئەندامی رێککەوتنی ئەتۆمی کردبوو بۆ گەیشتن بە رێککەوتن خێراتر بجووڵێنەوە.

هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، گوتبووی لە هەلومەرجی ئێستادا بەفیڕۆدانی کات لە قازانجی هیچ یەک لە وڵاتانی بەشداری رێککەوتنی ئەتۆمی نییە.

ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"، بە گێڕانەوە لە عەراقچی نووسیویەتی "ئێران هەوڵی رێککەوتنێک دەدات کە پێوەر و بنەماکانی خۆی تێدا ببینێتەوە و بۆ ئەوەش نە پەلە دەکات و نە کات بە فیڕۆ دەدات".

میخائیل ئولیانۆف، نوێنەری رووسیاش لە گفتوگۆ ئەتۆمییەکاندا، گوتوویەتی بەشداربووانی ئەم خولەی گفتوگۆکان بۆ نووسینی دەقی کۆتایی رێککەوتنەکە چەند هەفتە کاتیان پێویستە.

ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا لە درێژەی راپۆرتەکەی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەندێ لە شرۆڤەکارانیش گومانیان هەیە لەوەی پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لە ئێران رێککەوتن ئەنجام بدرێت.

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین