ناتۆ سه‌ركۆنه‌ى پشتیوانی ئێران لە میلیشیاکان دەکات ئێران

نوچه‌نێت

هاوپه‌یمانى باکووری ئه‌تڵه‌سى (ناتۆ) لە برۆکسل، له‌ راگەیێندراوێک داوای لە ئێران کرد کۆتایی بە هەموو چالاکییەکانی خۆی لە بواری مووشەکی بالستیک بهێنێ، کە پێچەوانەی بڕیاری ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تییه‌ و خۆی ببوێری لەو هەڵوێستانەی کە دەبنە هۆی ناسەقامگیری.

رۆژی دووشەممە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ماڵپه‌ڕى "دەنگی ئەمریکا" بڵاوی کردەوە، لە بەندی ٥٢ی راگەیێندراوى ناتۆدا کە بۆ ئێران تەرخان کراوە، هاتووە: "ئێمە بەڵێن دەدەین ئێران هەرگیز دەستی بە چەکی ئەتۆمی نه‌گات. پێشوازی لە گفتوگۆ سەرەکییەکانی نێوان ئەندامانی رێککەوتنی ئەتۆمی و گفتوگۆ جیاوازەکان لەگەڵ ئەمریکا دەکەین. بۆ ئەوەی بگەینە رێککەوتنێک بۆ گەڕانەوەی ئەمریکا و ئێران بۆ رێککەوتنامەی ئەتۆمی".

ناتۆ لە بەشێکی ترى راگەیێندراوەکەیدا جەختی کردووەتەوە، "ئێمە پشتیوانی لە ئامانجی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی کە دەستکەوتی رێککەوتنی ئەتۆمییە و هەروەها دڵنیابوونەوە لە ناوەڕۆکی ئاشتیخوازانەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەکەین. رێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان و پاراستنی ژینگەی گونجاو بۆ گفتوگۆ لە لایەن ئێرانەوە پرسێکی ئێجگار گرنگە".

سەرۆکانی هاوپه‌یمانى باكوورى ئه‌تڵه‌سى لەو راگەیێندراوەدا گوتوویانە: "ئێمە بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی رێککەوتننامەی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی لە لایەن ئێرانەوە، پشتیوانی قووڵی خۆمان بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەردەبڕین. زیندووبوونەوە و نوێکردنەوەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە، دەتوانێت رێگا بۆ سڕینەوەی نیگەرانییەکانی ناوچە و نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئاسایش، لەوانە پشتیوانی لە رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی فەراهەم بکات".

هەروەها لەو راگەیێندراوەدا هاتووە، "ئێمە پشتیوانیکردنی ئێران لە میلیشیاکان و ئەکتەرە چەکدارە ناحکومییەکان، کە بە شێوەی یارمەتی دارایی، راهێنان و رادەستکردنی مووشەک و چەک و تەقەمەنی ئەنجام دەدرێت، سه‌ركۆنه‌ دەکەین. داوا لە ئێران دەکەین کۆتایی بە هەموو چالاکییەکانی خۆی لە بواری مووشەکی بالستیک بهێنێت کە پێچەوانەی بڕیاری ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشە و خۆی ببوێرێ لەو سیاسەتانە کە دەبنە هۆی ناسەقامگیری، هەروەها داوا دەکەین رۆڵێکی ئەرێنی لە بووژاندنەوەی سەقامگیریی لە ناوچەکە و جێگیرکردنی ئاشتی بگێڕێت".

دوو پرسی سەرەکی باڵیان کێشاوە بەسەر گفتوگۆکانی کۆبوونەوەی سەرۆکانی ناتۆ کە لە رۆژی دووشەممە ١٤ی حوزەیرانەوە دەستی پێکردووە. یەکەم، پرسی ئەفغانستان، چونکە بە لەبەرچاوگرتنی چوونەدەرەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا، ئەو وڵاتە پێویستیی بە پشتیوانی وڵاتانی تر هه‌یه‌ بە مەبەستی جێگیرکردنی ئاشتی و سەقامگیریى.  دووەم، پرسی پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیایە، بە تایبەت کە پەیوەندییەکانی کیێڤ و مۆسکۆ دوای جووڵە سەربازییەکانی رووسیا لە سەر سنوورەکانی ئۆکرانیا، هەندێ گرژیی بە خۆیەوە بینیوە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین