کولتوور

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

كتێبى"ده‌نكى قاوه‌" كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌بوبه‌كر شێوه‌ڕه‌زى وه‌رگێڕدراوه‌ته‌ سه‌ر زمانى كوردى، كتێبێكه‌ له‌بوارى په‌ره‌پێدانى مرۆیى و پێشخستنى خود نووسراوه‌. وه‌رگێڕه‌كه‌ى له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت ده‌ڵێ، "به‌ر له‌ وه‌رگێڕانى، بۆ ژیانى خۆم زۆر سوودم له‌و كتێبه‌ بینیوه‌".

كتێبى "ده‌نكى قاوه‌" له‌ لایه‌ن (جۆن گۆردۆن، دایمۆن ویست) نووسراوه‌ و ئه‌بوبه‌كر شێوه‌ڕه‌زى وه‌ریگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانى كوردى. چاپه‌ كوردییه‌كه‌ى كتێبه‌كه‌ له‌ 64 لاپه‌ڕه‌ پێكهاتووه‌ و له‌لایه‌ن ناوەندی رەھا لە هه‌ولێر چاپ كراوه‌.


وه‌رگێڕى كتێبه‌كه‌ له‌ لێدوانێكى بۆ "نوچه‌نێت" باس له‌ ناوه‌ڕۆكى كتێبه‌كه‌ ده‌كات و ده‌ڵێ، "کتێبی دەنکی قاوە بە پرسیارێک دەست پێ دەکات و ده‌پرسێ: ئایا تۆ ھێلکەيت، گێزەريت یان دەنکی قاوەيت؟ ئەم کتێبە باس لە زاڵبوون و سەرکەوتن بەسەر بەربەستەکانی ژیان دەکات".

ئه‌بوبه‌كر شێوه‌ڕه‌زى بیرۆكه‌كه‌ى كتێبه‌كه‌ به‌ ساده‌ و كاریگه‌ر وه‌سف ده‌كات و ئینجا له‌ لێدوانه‌كه‌ى روونى ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێ، "لەم کتێبەدا باس لە ھێلکە و گێزەر و قاوە و مەنجەڵێک ئاو دەکات. زۆر جار ژینگەی دەوروبەری مرۆڤ لاوازمان دەکات، تەنگمان پێ ھەڵدەچنێت و تووڕە و تووند دەبین، ناتوانین بەسەر لەمپەرەکانی دەوروبەرمان سەربکەوین رێک وەک ئەو ھێلکەیەی دەیخەینە ناو ئاوێکی گەرم، رەق و تووند دەبێت. زۆرجاریش ژینگەی دەوروبەرمان تینمان بۆ دێنێت شلوشۆقمان دەکات و ناتوانین لە جێگەی خۆمان بەرەو پێشەوە جووڵە بکەین و ھێز و وزەمان لێ دەبڕێنێت رێک وەک ئەو گێزەرەی دەخرێتە ناو ئاوی گەرمەوە، شلوپل دەبێت. گەلەک جاریش بەسەر ھەموو لەمپەر و ناخۆشی و سەختییەکاندا سەر دەکەوین و ژینگەی دەوروبەری خۆمان دەگۆڕین و کاریگەری لەسەر دەوروبەری خۆمان دروست دەکەین، کتومت وەک دەنکی قاوە کە دەخرێتە ناو ئاوی گەرمەوە رەنگی ئاوەکە دەگۆڕێت".

له‌كۆتایى قسه‌كانى ئه‌و وه‌رگێڕه‌ دووپاتى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، به‌ر له‌وه‌ ئه‌و كتێبه‌ وه‌ربگێڕێته‌ سه‌ر زمانى كوردى بۆ ژیانى خۆى زۆر سوودى له‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ى بینیوه‌. ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌یش كرد تا ئێستا 35 كتێبى له‌ بوارەکانی ئایینی، چیرۆک، گەشەپێدانی مرۆیی و رۆمان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین