میدۆ...ناتۆیەکی عەرەبی-ئیسرائیلی دژ بە هەڕەشەکانی ئێران وەرگێڕان

نوچه‌نێت

سەرچاوە رۆژئاواییەکان بڵاویان كردەوە، میسر و سعوودیە خوازیارن فەرماندەیی هاوپەیمانێتیەکی سەربازی بکەن، کە کاریگەرییەكەی لە عێراق و سووریاوە دەستپێدەکات، بە کەنداودا تێدەپەڕێت تاکو دەگاتە ئەفریقیا.

بڕبڕەی پشتی ئەم هێزە لە سوپای چوار وڵات پێكدێت: سعوودیە، میسر، لیبیا و سوودانە، کە هێزێکی سەربازیی هاوشێوەی ناتۆ دەبێت، کە لە سوپای چەند وڵاتێکی ئەوروپی پێکهاتووە.

رۆناڵد لاودەر، سەرۆکی کۆنگرەی یەهوودیی جیهانی دەڵێت، لە چەند هەفتەی رابردوو گفتوگۆی لەگەڵ بڕیاربەدەستان و بیروڕا دروستکەران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە، لەو چوارچێوەیه‌ بۆی دەرکەوتووە هەموویان نیگەرانن.

وەک باسی دەکات، "هەموویان بە دڵەڕاوکێوە چاودێریی هەوڵە رێکخراوەکانی ئێران دەکەن بۆ دروستکردنی مووشەکی دوورهاوێژ و کرووز و ورد ئاراستەکراو، کە هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە".

به‌لاى عه‌ره‌به‌كان تاکە هاوپەیمان دژی ئێران کە جێگەی متمانەیان بێت بریتییە لە ئیسرائیل

 

لاودەر دەڵێت، "بڕیار بەدەست و بیروڕا دروستکەران بە شڵەژاوییەوە چاودێری کردە هەراسانکەرەکانی ئێران دەکەن بەرانبەر بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەروەها پێشێلکردنی ئەو پابەندییانەی لە رێککەوتننامەکەی ٢٠١٥ دا بەڵێنی جێبەجێكردنى دابوو".

هەروەها بە ترسەوە چاویان لەسەر ئەوەیە، کە ئێران یۆرانیۆم دەپیتێنێت تاکوو رێژەی ٢٠٪ و پێشێلی رێککەوتنامەی ئەتۆمی دەکات و لەمپەر دەخاتە بەردەم گەیشتنی پشکنەرانی ئاژانسی جیهانیی وزەی ئەتۆم بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی.

لەبەشێكى ترى قسەكانى ئاماژەى بەوە كرد، "ئەوان بە ترسەوە بیر لە دەستەوسانیی رۆژئاوا دەكەنەوە بۆ وەستاندنی ئەم كارە دوژمنكارى و ترسناكانه‌ى ئێران. بۆیە متمانەیان بە ئەمریکا و ئەوروپا نەماوە. هەندێکیان بیر لەوە دەکەنەوە، کە روو بکەنە  رووسیا و چین. لەبەر ئەوەى هەمووان خۆیان لە وێستگەیەکی نیگەرانکەردا دەبیننەوە و پەى بەوە دەبەن گەیشتوونەتە دووڕیانێکی چارەنووسساز".

لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت، "لەمیانەی وتووێژەکانمدا لەگەڵیان، گوێم لە دەنگی دلێرانە بوو، کە پێشتر نەمبیستبوون، زۆربەى ئەو عەرەبانەی قسەم لەگەڵ کردوون گوتیان، کە تاکە هاوپەیمان دژی ئێران کە جێگەی متمانەیان بێت بریتییە لە ئیسرائیل. هەروەها ئەو ئیسرائیلییانەش کە قسەم لەگەڵ کردن، زۆربەیان گوتیان، تاکە هاوپەیمان دژی ئێران کە متمانەی پێبکەین بریتییە لە جیهانی عەرەبی".

دوای سەدەیەک لە سەرهەڵدانی، ململانێی عەرەب ئیسرائیل کۆتاییهات. ئەوە بە كردەیى بووە سەرەتاى پەیمانی میسر و ئیسرائیل، كە لە ١٩٧٩ دەستیپێکرد، دوای ئەوە ساڵی ١٩٩٤ رێککەوتننامەی ئیسرائیلی و ئوردن دەستیپێکرد، بەڵام رێککەوتننامەى ئاشتی ساڵی ٢٠٢٠ لەنێوان ئیسرائیل و ئیمارات و بەحرەین و سوودان و مەغریب، بووە شۆڕشێکی راستەقینەی هەرێمایەتی.  پێدەچێت وڵاتانی دیکەی عەرەبیش لە داهاتوو بچنە ریزی ئەوانەی لەگەڵ ئیسرائیل ئاشت دەبنەوە و بگەنە رێککەوتننامەی ئیبراهیمیی نێوان عەرەب و ئیسرائیل.

وڵاتانی میانڕەوی دیکەی عەرەب، کە هێشتا نەگەیشتوونەتە هەنگاوی رێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل، بە شێنەیی لە هەنگاوناندان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل. لەگەڵ زیادبوونی ترس و نیگەرانییەکانیان لە ئێران و قووڵبوونەوەی گومانەکانیان بەرانبەر وڵاتانی رۆژئاوا، بە وتەی رۆناڵد زیاتر لە هەر کاتێکی پێشوو عەرەب و ئیسرائیل لە یەکتر نزیکدەبنەوە.
هەروەها دەشڵێت، "دوای ئەوەی لەو وتووێژانە تەواو بووم، شتێک بە بیرمدا هات: ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە لەگەڵ دروستبوونی ئەم هاوبەشییە گەشەکردووەی عەرەب و ئیسرائیلدا وزەی ململانێکانی دژ بە ئێران پێکەوە کۆبکرێنەوە؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە هەنگاوێکی ئازایانە بنرێت دوورتر لە رێککەوتننامەی ئیبراهیمی (واتە: نێوان وڵاتانی عەرەب و ئیسرائیل)؟ ئایا دەکرێت ئەمە کاتێكى گونجاو بێت بۆ عەرەب و ئیسرائیلییەکان بۆ ئەوەی پێکەوە بچنە هاوپەیمانێتییەکی ستراتیژییەوە؟"

دوای سەدەیەک لە سەرهەڵدانی ململانێی عەرەب ئیسرائیل کۆتاییهات


ئەو کەسایەتییە دیارە جوولەكەیە دەڵێت،"لە هەشتاکاندا لە پنتاگۆن کارم کردووە و بوومە باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریكا لە نەمسا، لەوێ خۆم بینیم ناتۆ چ رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی دەبینی لە گرەنتیکردنی ئاساییشی ئەوروپا و سەقامگیرییەکەی دژ بە هەڕەشەکانی سۆڤیەت، ئێستاش پێدەچێت سەرەتای دەیەی سێیەمی سەدەی بیست و یەک کاتێكى گونجاو بێت بۆ پێکهێنانی ناتۆی عەرەب- ئیسرائیل بۆ مسۆگەرکردنی ئاساییش و سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژ بە هەڕەشەکانی ئێران".
رۆناڵد لاودەر لە بەشێكى ترى قسەكانى دەڵێت، "دەکرێت ئەندامانی دامەزرێنەری ئەم هاوپەیمانێتییە نوێیە بۆ نموونە ناوبنرێت رێکخراوی بەرگری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست MEDO دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بن، کە بە کردەیی پەیماننامە یان پەیوەندییەکی کراوەیان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، وەک: میسر، ئوردن، ئیمارات، بەحرەین، سوودان، مەغریب و وڵاتانی تر.
هەروەك لاودەر دەڵێت، "دەکرێت MEDO پەیوەندیی پتەو دروستبکات لەگەڵ یۆنان و قوبرس و هەندێک دەوڵەتی ئەفریقی، ئەوەش بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیری و هاندانی گەشەپێدانی خێرای ئابووری".

سه‌رچاوه‌: ماڵپەڕی بەرگریی عەرەبی

 


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین